بانكی ناوەندیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە هۆی پیادەكردنی سیاسەتێكی گونجاو لەلایەن بانكەكەیانەوە، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی نزمبووەتەوە و ڕاشیگەیاند، لەداهاتوودا نرخی دینار زیاتریش بەرزدەبێتەوە.
بانكی ناوەندی لە ڕاگەیەندراوێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بە هۆی سیاسەتە داڕێژراوەكانی بانكی ناوەندیی عێراقەوە، نرخی دینار ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و پێشبینییان وایە كە لە داهاتووشدا زیاتر بەرزدەبێتەوە.
بانكی ناوەندی دەشڵێت، بوونی یەدەگێكی بەرزی دراو كە بە 110 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، هۆكارێكی دیكەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دینار و جێگیربوونی نرخەكەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی. لەگەڵ ئەوەشدا پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی ورد بۆ فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە هۆكارێكی دیكەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دینار.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی بانكی ناوەندی، ڕۆژانە نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار دەخرێتە بازاڕەكانەوە كە بەشێكی زۆری بۆ حەواڵەی دەرەوەیە و ئەوەش بە سیاسەتێك لەلایەن بانكی ناوەندییەوە پەیڕەودەكرێت.
ژمارەی خوێندراو : 57 جار