بزوتنەوەی تاڵیبان "یاسای فەرمان بە چاكە و ڕێگریی لە خراپە" دەردەكات

پێش 3 هەفتە

بزوتنەوەی تاڵیبان "یاسای فەرمان بە چاكە و ڕێگریی لە خراپە" دەردەكات و، یاساكەش كاردانەوەی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێناوە .
یاساكە ماوەی ساڵێكە گفتوی چڕوپڕی لەبارەوە دەكرێت، لەلایەن و لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستانەوە ئامادەكراوە و (هەببەتوڵا ئاخوندزادە) ڕێبەری بزوتنەوەكە بڕیاری پەسەندكردنی داوە و دەسەڵاتێكی بەرفراوانی بە وەزارەتی ناوبراو داوە بۆ جێبەجێكردنی لەسەرتاسەری وڵاتەكەدا .
وەك هەمیشە، خۆرئاوا بە یاساكە قەڵس و توڕەن و بە مەترسیی بۆسەر خۆیانی دەزانن و دەڵێن "ئەو یاسایە ئازادییەكانی ژنان سنوردار دەكات و بێبەشی دەكات لە ماف و ئازادییەكانی و هەنگاوێكە بۆ چەوساندنەوە و سەركوتكردنی كۆمەڵگەی ئەفغانیی" 
هاتوهاواری خۆرئاوا دژی یاسای "فەرمان بە چاكە و ڕێگریی لە خراپە" لە ئەفغانستان لەكاتێكدایە، تا ئێستا هیچ وڵاتێكی ئیسلامیی و وڵاتانی دیكەی دراوسێی ئەفغانستان، هیچ كاردانەوەیەكیان لەسەر ئەو یاسایە پێشان نەداوە .
ئەم یاسایە بە توندی ڕووبەڕووی لادانە سێكسییەكان دەبێتەوە، بەتایبەتی دیاردەی "مناڵبازیی" یان دەستدرێژیی سێكسیی بۆسەر مناڵان، نەتەوەیەكگرتووەكان لەوبارەیەوە دەڵێت "یاساكە بڕگە و مادەی زۆر باشی تێدایە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە ڕێگرییكردنەوە هەیە لە (مناڵبازیی) كە پێشێلكردن و دەستدرێژیكردنی سێكسییە بۆسەر مناڵ و مێرمناڵ لەو وڵاتە" .
شێخ خالید ئەلحەنەفی، وەزیری فەرمان بە چاكە و ڕێگریی لە خراپەی ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان دەڵێت "ئەمە یەكەم یاسایە كە ڕێبەری بزوتنەوەی تاڵیبان ڕەزامەندیی لەسەر دەرببڕێت و واژۆی بكات و سەرجەم بڕگە و مادەكانیشی لە فیقهی مەزهەبی (ئەبو حەنیفە)وە وەرگیراوە، بۆیە لەمەودوا بۆ هیچ كەسێك نیە بڵێت؛ تاڵیبان یاسای نیە" .
زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی حكومەتی ئەفغانستان ڕایدەگەیەنێت "ئەم یاسایە لە نوسینەوەیدا، پشتی بە حوكمەكانی شەریعەتی ئیسلامیی بەستووە، هەركەس ڕەخنەی لێبگرێت، مانای وایە دژی ئیسلام وەستاوەتەوە" .
زەبیحوڵا موجاهید، دەشڵێت "لە جێبەجێكردنی یاساكەدا، هێز و توندوتیژیی بەكارناهێنرێت، بەڵكو بەوپەڕی نەرم و نیانیەوە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان و گەلی ئەفغانیدا دەكەین، بەڵام بۆ هیچ كەسیش نیە لە هەر پلە و پۆست و ئاستێكدا بێت، دژایەتی یاساكە بكات" .
یاساكە لە 35 مادە و 3 بەش پێكهاتووە و لە ڕۆژنامەی فەرمیی دەوڵەتدا بڵاوكراوەتەوە و، یەكەم ڕاگەیاندنی فەرمیی دەوڵەتە بۆ جێبەجێكردنی شەریعەت و حوكمەكانی ئاینی ئیسلام لە ئەفغانستان، بەشێك لە چاودێران پێیانوایە "یاساكە ڕێگا لەبەردەم باڵی توندڕەوی ناو بزوتنەوەی تاڵیبان دەكاتەوە و دۆخی ناوخۆش ئاڵۆز دەكات، جگە لەوەی داننان بە حكومەتی ئێستای ئەفغانستان لەلایەن ئەمریكا و خۆرئاواوە دوادەخات" .
لەدوای پەسەندكردنی یاساكە، حكومەتی ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان دەڵێت "هیچ لێبوردن و چاوپۆشییەكمان بەرامبەر ئەو كەسانە نابێت كە دژی یاساكە دەوەستنەوە، چونكە پۆشینی حیجاب و جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامیی، دوو هێڵی سورن و بەزاندنیان ڕێگەپێنەدراوە" .
بەپێی ئەم یاسایە، لەسەر ژنان پێویستە بۆ چوونە دەرەوەیان لە ماڵ، حیجاب بپۆشن بە جۆرێك كە هەموو جەستە و تەنانەت ڕوخساریشی دابپۆشێت، ئەوەی مشتومڕ و هەرای ناوەتەوە ئەوەیە كە تەنانەت دەنگی ئافرەتانیشی بە "عەورەت" داناوە . 
لەكۆی 35 مادەی یاسای فەرمان بە چاكە و ڕێگریی لە خراپە، 13 مادەی تەواو تەرخانكراوە بۆ حیجاب و باڵاپۆشی ژنان، 14 مادەشیان بۆ پیاوان، جێبەجێكردنی یاساكەش بۆ هەموو ئەوانەی لە ئەفغانستان دەژین، بە گەشتیار و بیانییەكانیشەوە وەك یەكە و هیچ كەسی لێ بەدەر ناكرێت .

ژمارەی خوێندراو : 9 جار

هەواڵی زیاتر