جەنگێک 20هەزار کەسی کوشت
وێرای جەنگی ئۆکرانیا و کەرتی غەززە، جەنگی ناوخۆیی سوودانیش دۆسیەیەکی دیکەی ئاڵۆزی ناوچەکەیە و وێرای چەندین ھەوڵ و نێوەندگیری بۆ کۆتایی ھێنان بەو جەنگە بەڵام ھێشتا بەردەوامە، جەنگێک کە نزیکەی ٢٠ ھەزار کەس تێیدا کوژراون و نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس بەھۆیەوە ئاوارە بوون، لەگەڵ ئەوەشدا نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتەی برسی کردووە.
جەنگی ناوخۆیی سوودان کاتێک سەریھەڵدا کە بەرە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کە بریتی بوون لە بەرەی عەبدولفەتاح بورھان، فەرماندەی سوپای سودان و، محەمەد حەمدان (حەمێدەتی) فەرماندەی ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا ، تووشی ناکۆکی بوون ، لە ئاکامدا جەنگ لە نێوانیاندا سەریھەڵدا و تەواوی وڵاتی گرتەوە.
وردەکاری ناکۆکیی نێوان بورھان و حەمیدەتی لەمیانەی ھەوڵەکانیان بۆ ڕێکەوتنی یەکگرتنی ھێزەکانیان سەریھەڵدا، کاتێک لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ھەردوولا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ھێزەکانی (وەڵامدانەوەی خێرا) ببنە ھێزی فەرمی و بلکێندرێن بە ھێزەکانی سەربە وەزارەتی بەرگری سودان، بەڵام بورھان دەیوست ئەو یەکگرتنە لەماوەیەکی نزیکدا ئەنجام بدرێت و حەمیدەتیش دەیویست لەماوەیەکی دووردا ئەنجام بدرێن ، لە ئاکامیشدا لەسەر کاتی یەکگرتنی ھێزەکانیان ڕێنەکەوتن و لە ١٥ـی نیسانی ٢٠٢٣ پێکدادانی سەربازی دەستی پێ کرد.
لە ئێستادا زیاتر لە یەک ساڵە جەنگ تەواوی سودانی گرتەوە، بەپێی ئامارە جیاوازەکان زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس لە ھەردوولا کوژراون، ھەروەھا نزیکەی ٢٠ ملیۆن سودانی ئاوارەبوون و نیوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتەش برسین و ماڵوێرانییەکی زۆر ڕووبەڕووی وڵات بوەتەوە.
لەنوێترین پێشھاتدا فەرماندەی سوپای سودان عەبدولفەتاح بورھان، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە ھەر دەستپێشخەرییەکی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ لە وڵاتەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، قبوڵ ناکات دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش ١٥ـی نیسان کە مەبەست لێی پێش ھەڵگیرسانی جەنگە.
سەبارەت بە پرسی مرۆیی، فەرماندەی ھێزە سەربازییەکانی سودان ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای بەردەوامیی شەڕ و لێکەوتەکانی، حکومەت وەڵامی ھەموو مەرجەکانی کاری مرۆیی و گەیاندنی ھاوکاریی بە کەسانی پێویست داوەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەنگۆیانەی باس لە برسێتی دەکەن، بوختانێکی گەورەیە و مەبەست لێی دەستوەردانە لە کاروباری سوداندا.
لە ٢٤ی کانوونی دووەمدا لیژنەی پێداچوونەوە بە برسێتی IPC ڕاپۆرتی لەسەر سودان بڵاوکردەوە، ئەم لیژنەیە کە وەک ڕوانگەیەکی جیھانی بۆ پرسی برسێتی کاردەکات، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە کە سودان شاھیدی قەیرانێکی بێ وێنەی برسێتییە و ٢٤.٦ ملیۆن کەس (نزیکەی نیوەی دانیشتوانەکەی) بەدەست نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس ئاوارەبوون و لە دۆخێکی تەواو ناھەمواردا ژیان دەگوزەرێنن.
#روون_میدیا
ژمارەی خوێندراو : 6 جار