توركیا چی لە هەسەدە دەوێت؟

3 رۆژ پێش ئێستا

تورکیا چی لە ھێزەکانی ھەسەدە دەوێت؟
"یان دەبێت چەک دابنێن، یاخود بە چەکەکانیانەوە لەگۆڕیان دەنێین" ئەمە قسەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیایە بەرامبەر بە ھێزەکانی  (یەکینەکانی پاراستنی گەل) یەپەگە، کە ھێزێکی کوردییە و بەشێکە لە ھێزەکانی ھەسەدە لە سوریا و، تورکیا بە "گرووپێکی تیرۆریستی" ناساندوویەتی.
وێڕای ھۆشداری و ڕێگرییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی؛ ھێشتا تورکیا دەستبەرداری گریمانەی ھێرش و پەﻻماردانی ھێزەکانی ھەسەدە لە سوریا نەبووە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە داوای چەکدانان لە ھێزە کوردییەکانی سوریا دەکەن و ھەرەشەی پەﻻماردان دەکەن.
پاش ڕووخانی ڕژێمی سوریا و کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق لەﻻیەن ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە، تورکیا لەسەر ئاستی باڵا داوای ھەڵوەشاندنەوەی ھەسەدە دەکات و لە ھەمان کاتدا داوای چەکدانان لە ھێزەکانی یەپەگە دەکات کە گەورەترین گرووپی ناو ھێزەکانی ھەسەدەیە.
تورکیا یەپەگەی بە گرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە و پێی وایە ھەڵگری ھەمان ئایدۆلۆژیای پەکەکەیە، داوا دەکات ئەو ھێزە و سەرکردەکانیان لە سوریا نەمێنن، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار ھەڕەشەی پەﻻماردانی کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت، "یان دەبێت چەک دابنێن، یاخود بە چەکەکانیانەوە لەگۆڕیان دەنێین" ھەروەھا وتیشی "شەوێک لە ناوکاودا دەدەین بە سەریاندا و لەناویان دەبەین" کە مەبەست لێی ھێزە کوردییەکانی سوریایە، بەڵام تاکو ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ئەو مەرامە لەﻻیەن تورکیاوە و ھۆشدارییان لە ھەر ھێرش و پەﻻماردانێکی ھێزە کوردییەکانی سوریا داوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی ھەسەدە رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکانیاندا لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا ڕێکەوتوون لەسەر ڕەتکردنەوەی ھەر پرۆژەیەک کە مەبەست لێی دابەشکردنی سوریا بێت، ھەروەھا راشیگەیاندووە، ھێزەکانی ھەسەدە بە ھەمان پێکھاتەی ئێستایانەوە دەبن بە بەشێک لەھێزەکانی وەزارەتی بەرگری سوریا.
وێڕای ھەڕەشەکانی تورکیا، دەسەڵاتدارانی کوردی لە سوریا ئامادەنین چەک دابنێن، لە بەرامبەردا داوایان لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا کردووە ڕێگربن لە ھێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا ڕێگرن لە ھێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و داواشیان لە ئیدارەی نوێی سوریا کردووە ھێزەکانی ھەسەدە بە ھێزە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگری سوریاوە گرێ بدەن.
لە ئێستادا تورکیا لە ڕێگای گرووپە بە کرێگیراوەکانییەوە شەڕی ھەسەدە دەکات و ماوەی مانگێکە لە نزیک بەنداوی تشرین لە باکوری سوریا شەر و پێکدادان بەردەوامە و بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری نویکەی ٣٣٠ کەس لەو پێکدادانەدا کوژراون.

#ڕوون_میدیا

ژمارەی خوێندراو : 5 جار

هەواڵی زیاتر