تەکنیکە نوێیەکەی حەماس

22 کاتژمێر پێش ئێستا

تەکنیکە نوێیەکەی حەماس
حەماس بە تەکنیکێکی نوێ و بە ھەمان چەک و پێداویستییە سەربازییەکانی قەوارەی زایۆنی لە کەرتی غەززە زیانێکی زۆری لە سوپای داگیرکەر داوە و، ئەفسەرێکی بڵای ئەو سوپایەش دەڵێت، ھێشتا نەمانتوانیوە ھیچ شوێنێکی کەرتی غەززە کۆنتڕۆڵ بکەین.
حەماس چ تەکنیکێک بەکاردەھێنێت؟
چۆن چەکەکانی قەوارەی لە دژی خۆیان بەکاردەھێنێتەوە؟
ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی زایۆنی ڵاویکردوەتەوە، پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر (پﻻنی جەنەڕاڵەکان) کە بریتییە لە وێرانکردنی باکوری کەرتی غەززە و ناچارکردنی دانیشتوانەکەی بە چۆڵکردنی ناوچەکە، ھێشتا ئەو سوپای زایۆنی نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات، ھەرچەندە ناوچەکەی وێرانکردووە و کەمترین دانیشتوانی تێدا ماوەتەوە.
ڕۆژنامەکە لە فەرماندەیەکی باڵای سوپاوە گواستوویەتییەوە، سوپای زایۆنی زۆرترین زیانی لە باکوری کەرتی غەززە کردووە و، وێڕای ئەوەی زیاتر لە ٤٦٠ ڕۆژە بە ھەموو توانامانەوە لە حەماس دەدەین بەڵام ھێشتا سەربازی نوێی دامەزراندووە و تەکنیکیی نوێ بەکاردەھێنێت و چەک و بۆمبەکانی خۆمان لە دژی خۆمان بەکاردەھێنێتەوە.
رۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە، لە ئێستادا حەماس لە باکوری کەرتی غەززە و ناوچەکانی دیکەش تەکنیکیی (دەست وەشاندن) واتا "گورز وەشاندن لە سوپای زایۆنی و دواتر خۆحەشاردان" بەکاردەھێنێت و ھەروەھا بە ھەمان ئەو بۆمب و چەکانەی کە لە سوپای زایۆنی جێماون یان نەتەقیون شەڕ دەکات و لە دژی خۆیان بەکاریدەھێنێتەوە.
ئەفسەرە باڵاکەی سوپای زایۆنی بە ڕۆژنامەی یەدیعۆتی وتووە، سوپای زایۆنی ھێشتا نەیتوانیوە باکوری کەرتی غەززە کۆنتڕۆڵ بکات لەکاتێکدا وێرانبووە، ھەروەھا ووتیشی، ئێمە وای دەبینین کە باکوری کەرتەکە ھیچی تیانەماوەتەوە و حەماس بوونی نەماوە بەڵام لەناکاودا پەﻻمار دەدرێن و گورزمان لێ دەوەشێنن و ناشزانین لە کوێوە دێن و بۆ کوێ دەچن.
ھەروەھا رۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە، حەماس لە دواین دەستوەشاندنیدا لە شاری غەززە چوار سەربازی زایۆنی لە لیوای (ناحال) کوشت کە یەکێکیان جێگری فەرماندەی کەتیبەکە بوو، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت حەماس بەرمیلێکی پڕ تەقەمەنی سوپای زایۆنی بەکارھێنابوەوە، کە پێشتر سوپای زایۆنی لە ڕێگای فڕۆکەوە ھەڵیدابووە خوارەوە و نەتەقیبوەوە.
رۆژنامەی یەدیعۆت لە زاری ئەفسەرە باڵاکەی سوپای زایۆنییەوە بڵاویکردوەتەوە، سوپا لە کەرتی غەززە زیانی زۆر دەکات، حەماس بە سەرباز و تەکنیکیی نوێ و بە چەکەکانی خۆمان شەڕمان لەگەڵدا دەکات، بۆ ئەوەش ئەو تونێﻻنە بەکاردەھێنێت کە ھێشتا سەﻻمەتن و زیانیان بەرنەکەوتووە کە ئێمە نازانین لە کوێدا دەست پێ دەکەن و لەکوێ تەواو دەبن.
#روون_میدیا

ژمارەی خوێندراو : 5 جار

هەواڵی زیاتر