بڕیارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بۆ دوورخستنەوەی ڕۆنێن بار، سەرۆکی دەزگای ئاساش قەواروەی زایۆنی (شاباك)، درزێکی
سیاسی گەورەی لەناو حكومەتەكەی ناتانیاهۆ دروستكردوە،
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ناتانیاهۆ دەیەوێت بڕیاردان لەناو حكومەت قۆرخ بکات و
هەرکەسێک دژایەتی سیاسەتەکانی بکات، دووری بخاتەوە.
دەزگای پەخشی زایۆنی بڵاویکردەوە، چەند گروپ و ەستەیەك
بەنیازن ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە نزیک بارەگای حکومەت لە قودس خۆپیشاندان بکەن
بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەرکردنی سەرۆکی شاباك
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندانەکان
هاوکات دەبێت لەگەڵ ئەو دانیشتنەی کابینەی حکومەت کە ناتانیاهۆ ئەنجامی دەدات بۆ پەسەندکردنی
بڕیاری لەکارلابردنی ناوبراو.
میدیاکانی قەوارەی زایۆنی بڵاویانکردەوە، سەرۆکی
زانکۆی تەلئەبیب لە نامەیەکدا بۆ پرۆفیسۆرەکان ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕەزامەندی لەسەر
دەرکردنی ناوبراو بدریت، بەشداری ناڕەزایەتییەکە بكەن و داوای لە ستافی ئەکادیمی و
بەرپرسانی باڵای ئابووری کرد کە پەیوەندییان پێكەوە هەبیت بۆ بەشداریكردن لە
نارەزایەتییەكان.
توڕەیی ئۆپۆزسیۆن
لای خۆیەوە یایر لابید،
سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی حكومەتەكەی ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، حكومەتی ئیسرائیل متمانەی بە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەدەستداوە، و دەبێت دەست لەکاربکێشێتەوە.
لاپید بە دەستەی پەخشی
ئیسرائیلی وتووە "ئەگەر لەدەستدانی متمانە هۆکارێک بێت بۆ دوورخستنەوە، ئەوا یەکەم
کەس کە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، ناتانیاهۆیە، دەوڵەتی ئیسرائیل متمانەی پێی لەدەستداوە".
لابید دەرکردنی
"شەرمەزارانە"ی سەرۆکی شاباك لەلایەن
نەتانیاهۆوە بە ئاماژەیەک بۆ لەدەستدانی کۆنترۆڵی خۆی و داڕمانی بەهاکان زانی و
دوورخستنەوەکە لەم کاتەدا "نابەرپرسیارانە ناودەبات و پێی وایە نیشانەی نەبوونی
خەمی چارەنووسی بارمتەکانە". ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری دەرکردنی بار لە دادگای
باڵا تانەی لێدەگیرێت.
لای خۆیەوە، نەفتالی بێنت،
سەرۆکوەزیرانی پێشووی زایۆنی ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەبێ دەستلەکارکێشانەوەی نەتانیاهۆ
ناتوانێت خۆی چاک بکاتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرکردەکانی سەربازی و هەواڵگری
و شاباك و وەزیری بەرگری شکستیان هێناوە و
بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، لەکاتێکدا نەتانیاهۆ خۆی لە بەرپرسیارێتیەکانی دەدزێتەوە.
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد،
سیاسەتی شکستخواردووی نەتانیاهۆ ڕێگەی بە حەماس و حزبوڵڵا داوە "خۆیان لەسەر
سنوورەکانمان جێگیر بکەن"، هەروەها ڕایگەیاندووە، نەتانیاهۆ بەرپرسیارێتی
شکستی مێژووی ئیسرائیل لە ئەستۆ دەگرێت و دەبوو زۆر لەمەوبەر دەستی لەکاربکێشایەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا،
یایر جۆلان، سەرۆکی پارتی دیموکرات ڕایگەیاند، نۆ ساڵ لەمەوبەر هۆشداریی داوە لەوەی
ئیسرائیل بەرو دیکتاتۆرییەت دەڕوات، هەروەها نەتانیاهۆ پێی وایە ئەو فەرمانڕەوایەکی
باڵایە و دەتوانێت هەرچی بیەوێت بیکات، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی ئیسرائیل
"دەیەوێت مافی خۆی بدات کە هەرچی بیەوێت بیكات لەسەر بنەمای فەرمانی کەسێکی گەندەڵ".
لەناوبردنی دیموکراسی
یاکۆڤ پێری، سەرۆکی پێشووی
شاباك، ڕایگەیاند، ناتانیاهۆ "دەیەوێت لە هەموو پاسەوانەکان ڕزگاری بێت و بە
تەنیا مامەڵە بکات"، ڕوونیشیکردەوە "پۆستی سەرۆکی شاباك لەسەر بنەمای
متمانە نییە".
هەروەها بەپێی کەناڵی
١٣ی زایۆنی، کۆڕبەندی بازرگانی و سەرۆکی کۆمپانیا گەورەکانی ئیسرائیل دژی دەرکردنی
سەرۆکی شاباك وەستاونەتەوە.
کۆڕبەندەکە ئاماژەی بەوەشکردووە،
دوایین شت کە ئیسرائیل لە ئێستادا پێویستی پێیەتی، شەڕێکی ناوخۆییە کە تیایدا نەتانیاهۆ
سەرۆکی شاباك لە کارەکەی دووربخاتەوە لە نێوان ململانێیەکی جددی بەرژەوەندییەکان.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل
لە زاری کۆڕبەندی بازرگانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ئێمە لە پشت دەروازەوانەکانەوە
دەوەستین و داوا لە ناتانیاهۆ دەکەین کە وێرانکردنی دیموکراسی ڕابگرێت.
ژمارەی خوێندراو : 186 جار