میدیا ئێرانی و زایۆنییەكان چی لەبارەی تەقینەوەكەی بەندەر عەباسەوە دەڵێن

7 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیای فەرمی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ شەممە تەقینەوەیەکی بەرفراوان بەندەری شەهید ڕەجایی لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران هەژاند و بەهۆیەوە 561 کەس برینداربوون.
تەقینەوەکە لە کاتێکدا ڕوویدا کە خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە عومان بەڕێوە دەچوو. هۆکاری تەقینەوەکە تا ئێستە ڕوون نەبووەتەوە.
ڕۆژنامەی مەعاریف لە زاری بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، سوپا هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی بەندەر عەباسەوە نییە.
بەرپرسێکی بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوخۆییەکان بە تەلەفزیۆنی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ڕووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی چەند کۆنتێنەرێکەوە بووە کە لە ناوچەی دۆکی بەندەرەکەدا هەڵگیراون و لە ئێستادا بریندارەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی نزیک تەینەوەكە.
تەلەفزیۆنەکە لە زاری ئیسماعیل مەلەکی زادە، بەرپرس لە ئیدارەی بەندەر و دەریایی پارێزگای هورمزگان بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە لە بەشێک لە بەندەری شەهید ڕەجایی ڕوویداوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی بەندەرەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە رایانگەیاندووە ئەگەری ئەوەهەیە خەڵکێکی زۆر بریندار بووبن یان تەنانەت گیانیان لەدەستدابێت"، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی زۆری کارمەندانی بەندەرەکان و یەکەم ڕۆژی دەوامی هەفتە لە ئێران.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هیزی تەقینەوەکە پەنجەرەی بیناكانی كە بە چەند کیلۆمەترێک لە دووری تەقینەوەكە بوون شکاندووە و گرتە ڤیدیۆییەکانیش بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوبوونەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە كەدوکەڵێكی زۆر لە دوای تەقینەوەکە بەرزبووەتەوە.

بەندەری شەهید ڕەجایی کە دەکەوێتە نزیک شاری گەورەی کەناری بەندەر عەباس، گەورەترین بەندەری بازرگانی ئێرانە و بەپێی داتا فەرمییەکان زیاتر لە 70%ی کاڵای ئێرانی لەویدا سەودا دەكرێن.
بەندەرەکە دەکەوێتە سەر گەرووی هورمز کە یەک لەسەر پێنجی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان تێیدا تێدەپەڕێت.
کۆمپیوتەرەکانی هەمان بەندەر لە ساڵی ٢٠٢٠ تووشی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بوون و بەهۆیەوە پەککەوتنی بەرچاو لە ڕێڕەوی ئاو و ڕێگاکانی بەرەو ئەو دامەزراوەیە دروست بووە. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پێدەچێت ئیسرائیل لە پشت هێرشەکەی ساڵی ٢٠٢٠ەوە بێت وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشێکی ئەلیکترۆنی پێشووی ئێران.

ژمارەی خوێندراو : 294 جار

هەواڵی زیاتر