دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئۆکراینییەکەی،
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ئەمرۆ شەممە لە پەراوێزی پرسەی پاپا فرانسیس، لە بازلیکای
سانت پیتەر کۆبوونەوەیەکی کورتیان ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە نزیکەی ١٥ خولەکی خایاند،
لە کاتێکدا ڕووسیا کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەی کورسکی لە دەستی هێزەکانی ئۆکرانیا
ڕاگەیاندوە.
سەرۆکایەتی ئەمریکا کۆبوونەوەکەی بە "زۆر
بەرهەمدار" وەسف کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی
ئاگربەست لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە.
ئەم دیدارە کە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو
سەرۆکە لەدوای دیدارەکەی مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو لە واشنتۆن، كە لە کەشێکی دیپلۆماسی
گرژدا بەڕێوەچوو، ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات هەوڵەکانی ئاشتی خێراتر بکات لە کاتێکدا
کیێڤ ترسی هەیە لە هەولەكانی ترامپ کە بەسودی مۆسکۆبشكیتەوە
لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانەوە هیچ وردەکارییەک
نەخراوەتەڕوو، بەڵام کۆشکی سپی بەڵێنی داوە کە دواتر زانیاری زیاتر بڵاوبکاتەوە.
پێشتر دووهەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک
بۆ هەمان ڕۆژ ڕاگەیەندرابوو، بەڵام سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئێوارەی هەمان رۆژ دووپاتیکردەوە
کە کۆبوونەوەی دووەم بەهۆی سەرقاڵییەوە ئەنجام نەدراوە.
لە لێدوانەکانی دواتردا ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا نابێت بۆردومانی ناوچە مەدەنییەکانی ئۆکرانیا بکات،
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە لەوەلامی هەرهێرشیكدا سزای لاوەکی لەسەر ڕووسیا بسەپێنیت.
ترەمپ رایگەیاندووە "هیچ پاساوێک نەبوو بۆ
ئەوەی پوتین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مووشەک بۆ ناوچە مەدەنییەکان و شارەکان و شارۆچکەکان
هەڵبدات، ئەمەش وا دەکات بیر لەوە بکەمەوە کە ڕەنگە نەیەوێت شەڕەکە ڕابگرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە لەڕێگەی 'گەمارۆ لاوەکییەکان' یان 'گەمارۆ
بانکییەکان' بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد
بەو كردەوانە، خەڵکێکی زۆر دەمرن".
لە لەندەن، نووسینگەی کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی
بەریتانیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا ڕێککەوتوون
لەسەر کارکردنی چڕ بۆ پاراستنی زەبری ئەرێنی لە دانوستانەکانی ئاشتی بە ئامانجی کۆتاییهێنان
بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا.
کۆبوونەوەکە لە ڕۆما بەڕێوەچوو کە تیایدا ژمارەیەک
لە سەرکردەکانی جیهان ئامادەبوون بۆ بەشداریکردن لە پرسەی پاپا فرانسیس لە ڤاتیکان.
هەروەها لە ڕۆما، زێلێنسکی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن،
سەرۆکی فەرەنسا تاوتوێی "بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی" لە
ئۆکرانیا کرد.
لە بەرامبەردا ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا لە
میانی کۆبوونەوەکەیاندا ڕۆژی هەینی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای ئاگادار کردەوە
کە ئامادەیە بۆ دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە و ململانێکانی ئۆکرانیا "بەبێ
هیچ مەرجێکی پێشوەختە"، وتەبێژی کرملین ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند.
بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕووسیا، دیمیتری
پێسکۆڤ وتی: ڤلادیمێر پوتین ئامادەیی ڕووسیای دووپاتکردەوە بۆ دەستپێکردنەوەی
دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە.
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکەدا، مۆسکۆ کۆنترۆڵکردنەوەی
تەواوەتی ئۆبلاستی کورسکی لە دەستی هێزەکانی ئۆکرانیا ڕاگەیاند. تا ئێستا کیێڤ هیچ
لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم ڕاگەیاندنە بڵاونەکردووەتەوە.
ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان جەختی لەوە
کردەوە کە ڕووسیا و ئۆکرانیا "زۆر نزیکن" لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، هاوکات
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بە "ئەگەری گفتوگۆی ڕاستەوخۆ" لەگەڵ
کیێڤ کرد.
لەبەرامبەردا زێلێنسکی هەڵوێستی وڵاتەکەی
دووپاتکردەوە و لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە جەختی لەوە کردەوە کە ئاگربەستەکە دەبێت
"هەمەلایەنە و بێ مەرج" بێت، و سەروەری ئۆکرانیا و مافی چارەی خۆنووسینی
گەلی ئۆکرانیا ناتوانرێت دانوستانی لەسەر بکرێت.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم ، ئاماژەی
بەوەدابوو کە کریمیا بەپێی هەر ڕێککەوتنێک لە ژێر سەروەری ڕووسیادا دەمێنێتەوە، ئیدیعایەک
کە زێلێنسکی بە توندی ڕەتیکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەموو ناوچە داگیرکراوەکان
"بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری ئۆکرانیا بەشێک لە ئۆکرانیا دەمێننەوە".
ژمارەی خوێندراو : 50 جار