🔶سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، شێهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە دەسەڵاتی فەرماندەیی نیشتمانی (NCA)ی بانگهێشت کرد کە سەرپەرشتی بەرنامەکانی مووشەکی و چەکی ئەتۆمی پاکستان و سەروەت و سامانی ستراتیژی دیکەی پاکستان دەکات. ئەمەش دوای هێرشی هیندستان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی هات، کە دواتر ئۆپەراسیۆنی (بونیان مارسوسی) لە وەڵامی هیندستان دەستپێکرد لە کاتێکدا نیگەرانییەکان زیاتر بوون.
🔶دەسەڵاتی فەرماندەیی نیشتمانی باڵاترین دەزگای بڕیاردانی ئەمنی پاکستانە، کە لە سەرکردە باڵاکانی سەربازی و مەدەنی پێکهاتووە و سەرپەرشتی پرسە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانی دەکات، لەوانە سیاسەتی چەکی ئەتۆمی و پلانی ستراتیژی وڵاتەکە.
🔶ئەم دەزگایە باڵاترین دەسەڵاتە لە وڵاتدا کە بڕیار لەسەر پرسەکانی سیاسەتی ئەتۆمی و مووشەکی دەدات و سەرپەرشتی سەرجەم بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان دەکات. لە شوباتی ٢٠٠٠ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە دامەزراوە.
🔶بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەما نیوزی پاکستان، سەرکردە باڵاکانی مەدەنی و سەربازی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و تاوتوێکردنی ئەگەری وەڵامدانەوە دیپلۆماسی و بەرگرییەکان.
🔶سەما نیوز لە راپۆرتەكەیدا پێشبینی دەکات کە کۆبوونەوەکە لەسەر ئامادەکاری بەرگری نیشتمانی و ڕێگری ستراتیژی و پێداچوونەوە بە پەرەسەندنی دیمەنی ئەمنی ناوچەکە لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەم دواییەی پاکستانەوە بێت.
ژمارەی خوێندراو : 102 جار