عەباس عەراقچی وەزیری: بڕیارەكە لای ئەمریكییەكانە دانوستانیان دەوێت، یان دەیانەوێت لە هێرش بۆ سەر ئێران بەردەوام بن.

4 کاتژمێر پێش ئێستا


عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: بڕیارەكە لای ئەمریكییەكانە دانوستانیان دەوێت، یان دەیانەوێت لە هێرش بۆ سەر ئێران بەردەوام بن.

لەمیانی لێدوانێكی بۆ كەناڵی (ئێن بی سی) ئەمریكی، عەباس عەراقچی وتیشی: ئەگەر ئەمریكا دیبلۆماسییەتی دەوێت و لەوەدا جددییە، ئەوە ئێمە لە دانوستاندا بووین لەگەڵیدا كە ئیسڕائیل هێرشی كرد، بۆیە پێویستە داوایان لێ بكەن هێرشەكانیان ڕابگرن.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: تاران گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی دیبلۆماسییەت و گفتوگۆی ئەمریكا تەنیا ڕووپۆشێك بوو بۆ ئەوەی ئیسڕائیل پێی هەستا.

بەپێی قسەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەئێستادا بێمتمانەیی بەرانبەر بە ئەمریكا هەیە، جیا لەوەش وتیشی: لەوانەیە ئەمریكا نیازی هەبووبێت هێرش بكاتە سەر ئێران، بۆ ئەوەش تەنیا پێویستی بە دانوستان بووە وەك ڕووپۆشێك.

وتیشی: بەبێ ڕاگرتنی هێرشەكانی ئیسڕائیل و لێپرسینەوە لێی، گەڕانەوە بۆ دانوستان و هەوڵە دیبلۆماسییەكان شتێكی نەگونجاوە، بەڵام خودی ستیڤ ویتكۆف كەسێكی باشە و دەكرێت كاری لەگەڵ بكرێت.


ژمارەی خوێندراو : 3 جار

هەواڵی زیاتر