عێراق نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەردەبڕێت و بە توندی سەرکۆنەیان دەکات

1 رۆژ پێش ئێستا

ئەمڕۆ یەكشەممە، 22-06-2025، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران بڵاو کردەوە. 
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە:

ـ حکوومەتی عێراق نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەردەبڕێت و بە توندی سەرکۆنەیان دەکات.

ـ ئەم پەرەسەندنە سەربازییە، مەترسییەکی جیددی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات و سەقامگیریی ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی دەخاتە مەترسییەوە."
- بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ڕەت دەکاتەوە و داوای ڕێزگرتن ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و هێرشنەکردنە سەر دامەزراوە گرنگەکانیان دەکات، بە تایبەتی ئەوانەی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدان و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاردەهێنرێن.
- چارەسەری سەربازی ناتوانێت جێگرەوەی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بێت. بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی مەترسیدار و ئەنجامەکانیشی سنووری هەموو دەوڵەتان دەبەزێنن و کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەبێت.
- شەڕ تەنها وێرانکاری لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێت. دەبێت وڵاتە زلهێزەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵیان لە ڕزگارکردنی جیهان لە قەیرانی زیاتر بێت نەک ئاگرتێبەردانیان."
حکوومەتی فیدراڵی باسی لەوەش کردووە "عێراق بە پشتبەستن بە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، داوای دەستبەجێی کەمکردنەوەی ئاستی پەرەسەندن و کردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی بەپەلە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی قەیرانەکان دەکات بە شێوەیەک کە ئاسایشی بەکۆمەڵ مسۆگەر بکات و ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت.

ژمارەی خوێندراو : 68 جار

هەواڵی زیاتر