بە دروشمی "سڵ ناکەینەوە، بێدەنگ نابین، فەڵەستین لەبیر ناکەین" دەیان هەزار کەس لەتورکیا خۆپیشاندانیان ساز کرد

3 کاتژمێر پێش ئێستا


بە مەبەستی ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکانی فەڵەستین، لەلایەن هاوپەیمانی مرۆڤایەتیی و پلاتفۆڕمی ئیرادەی نیشتمانیی و، بە بەشداریی زیاتر لە ٤٠٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی، بە دروشمی "سڵ ناکەینەوە، بێدەنگ نابین، فەڵەستین لەبیر ناکەین" گردبوونەوەیەک ڕێکخرا و، دەیان هەزار کەس کە بۆ نوێژی بەیانی لە مزگەوتەکان کۆبوونەوە، بە ڕێپێوان بەرەو پردی گاڵاتا بەڕێکەوتن.
لە دواى ئەنجامدانى نوێژی بەیانى و لە مزگەوتەکانی ئایاسۆفیا، سوڵتان ئەحمەد، فاتیح، سولەیمانیە و مزگەوتی نوێی ئەمین ئۆنو، لەبەردەم مزگەوتەکان گردبوونەوە. پاشان بە شێوەی گرووپ بەرەو پردی گاڵاتا دەستیان بە ڕێپێوان کرد.
ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان لە مزگەوتی ئایاسۆفیا، کە یەکێک بوو لە خاڵەکانی کۆبوونەوە، ئامادە بوون و، دەیان هەزار کەس دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانی لە مزگەوتەکەوە بەرەو پردی گاڵاتا بەڕێکەوتن.
بەشداربووانی ڕێپێوانەکە کە ئاڵاکانی تورکیا و فەڵەستینیان بەرزکردبووەوە و بۆ پشتیوانی لە غەززە جامانەیان لەمل کردبوو، بەردەوام تەکبیریان دەکرد و دروشمەکانی "لە ئیستانبوڵەوە بۆ غەززە هەزار سڵاو لە بەرخۆدان" و "لە ڕووبارەوە بۆ دەریا فەڵەستینی ئازاد"یان دەگوتەوە.
هەروەها لە مزگەوتی سولەیمانیە دوای نوێژی بەیانی، هاووڵاتیان بە بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی تورکیا و فەڵەستین دەستیان بە ڕێپێوان کرد و، بە بەرزکردنەوەی دروشمی "دادپەروەری بۆ فەڵەستین، ویژدان بۆ جیهان" وم هوتافی "بژی ئینتیفازەی جیهانی" و "ئیسرائیلی بکوژ لە فەڵەستین بڕۆ دەرەوە"یان دەگوتەوە.
سەرۆکی لقی ئیستانبوڵی ئاک پارتی، عەبدوڵڵا ئۆزدەمیر و سەرۆکی دەستەی ئەمینداریی دامەزراوەی بڵاوکردنەوەی زانست، بیلال ئەردۆغان و سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆندەر، لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، سەرۆک شارەوانییەکان و بەرپرسان، دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانی لە مزگەوتی عەرەب لە ناوچەی کاراکۆی، لەگەڵ هاووڵاتیان بەرەو پردی گاڵاتا بەڕێکەوتن.
لە کاتی ڕێپێوانەکەدا بیلال ئەردۆغان بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و، ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی نوێیان بە نزا بۆ فەڵەستین دەستپێکردووە، کۆبوونەوە لە مزگەوتەکان لە یەکەم بەیانی ساڵدا و کردنی نزای خێر، هێزێکی مەعنەوی گەورەیە و گەل باوەڕی پێیەتی.
گوتیشی: "لە لایەک نزا بۆ مەزڵومانی فەڵەستین دەکەین و بێگومان یادی شەهیدەکانیشمان دەکەینەوە. لە لایەکی دیکەشەوە پێکەوە نزا دەکەین ساڵی ٢٠٢٦ بۆ هەموو گەلەکەمان و بۆ مەزڵومانی فەڵەستین خێر و خۆشی بهێنێت. سوپاسی هەموو بەشداربووان و ئەوانە دەکەین کە دەستیان بۆ ئەم دوعایانە بەرز کردووەتەوە".
هاووڵاتیان بە کاروان و بە شێوەی تاکەکەسی گەیشتنە سەر پردی گاڵاتا و، دوای تێپەڕین لە خاڵەکانی پشکنینی پۆلیس، چوونە شوێنی گردبوونەوەکە.
هاوکات لەلایەن چەندین ڕێکخراوی فریاگوزارییەوە سمیت، چا و شۆربا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکرا و، تیمەکانی پۆلیس ڕێکاری ئەمنی توندیان لە دەوروبەری پردەکە و مزگەوتەکاندا گرتووەتەبەر.

ژمارەی خوێندراو : 60 جار

هەواڵی زیاتر