بانگەوازی رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ لەبارەى رەوشى کۆبانێ

17 کاتژمێر پێش ئێستا

هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕێكخراوه‌كانی  مافی مرۆڤ لە سوریا و مافی مرۆڤ لە فورات له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا كه‌ ئاڕاسته‌ی نەتەوە یەکگرتوەکانیان كردوه‌ ده‌ڵێن، "رێکخراوەکەمان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچون بۆ ئەو پێشهاتە مرۆییە جددیانە دەکات کە لە ئەنجامی ئەو گەمارۆیەی کە چەند ڕۆژێکە بەسەر شاری کۆبانێ و لادێکانی دەوروبەریدا سەپێنراوە، ئەو گەمارۆیە ڕاستەوخۆ ژیانی نزیکەی نیو ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە، کە لە ئێستاوە لە دۆخێکی خراپدا دەژین کە ڕۆژانە خراپتر دەبێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بڕینی تەواوەتی ئاو و کارەبا و سوتەمەنی لەگەڵ نەبونی یارمەتییە مرۆییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و دەرمان و شیری منداڵان و کەلوپەلی گەرمکەرەوە، بوەتە هۆی تێکچونی توندی دۆخی مرۆیی، تا ئێستا چوار منداڵ بە هۆی سەرمای زۆر و نەبونی چاودێری پزیشکییەوە له‌ كۆبانێ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئەوەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ نزیکبونەوەی کارەساتێکی مرۆیی بەرفراوان ئەگەر دەستێوەردانی خێرا ڕونەدات.
هه‌روه‌ها هۆشداری ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن، "بەردەوامبونی ئەم گەمارۆیە پێشێلکارییەکی ڕونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیه‌، بەتایبەتی ئەو ئەرکانەی پەیوەستن بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دڵنیابون لە دەستڕاگەیشتنێکی بێ بەربەست بۆ یارمەتییە مرۆییەکان، بەپێی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ و ڕێسا نەریتییەکان کە پابەندن بە هەمو لایەنەکانەوە".
داوا له‌ نەتەوە یەکگرتوەکان، فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA)، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور، و هەمو دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان ده‌كه‌ن هەنگاوی خێرا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ و لادێکانی دەوروبەری بنێن.
هه‌روه‌ها داوای کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی سەلامەت بۆ دڵنیابون لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و چۆڵکردنی کەمتەرخەمترینەکان ده‌كه‌ن، پێویسته‌ به‌په‌له‌ هاوکاری مرۆیی بگه‌یه‌نرێت، لەوانە خۆراک، دەرمان، سوتەمەنی، و پێداویستی گەرمکەرەوە، بەبێ هیچ دواکەوتنێک.
هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن فشاربكرێته‌ سەر هەموو لایەنەکان بۆ دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگریکردن لە بەرکەوتنی هەر جۆرە سزایەکی دەستەجەمعی خەڵکی مەدەنی.

ژمارەی خوێندراو : 54 جار

هەواڵی زیاتر