ئاشکرابوونی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی ڕێککەوتنی کاتیی ئەمریکا و ئێران؛ چوار قۆناغ بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان

5 کاتژمێر پێش ئێستا

 سەرەڕای لێدوانی دژبەیەکی بەرپرسانی واشنتن و تاران، سەرچاوە دیپلۆماسییە نزیکەکان لە بازنەکانی دانوستان، وردەکاریی پێشنیازی ڕێککەوتنێکی کاتیی چوار قۆناغییان لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا کرد کە لە "کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکانەوە" دەستپێدەکات و بە "پرسی ئەتۆمی" کۆتایی دێت، ئەمەش هاوکاتی هێشتنەوەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانە لە ڕێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشاندا بەوەی ئەگەری هەیە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بگەنە ڕێککەوتن، لە کاتێکدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە دانوستانەکان بۆ ئێستا وەستاون و هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە ئارادا نییە.

* چوار قۆناغەکەی ڕێککەوتنە کاتییەکە
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، جێبەجێکردنی هەر قۆناغێک بەندە بە پابەندبوونی تەواوی هەردوولاوە بە بەڵێنەکانیان، قۆناغەکانیش بەم شێوەیەن:
قۆناغی یەکەم (ئارامی سەربازی): چەسپاندنی ئاگربەستی ئێستا، ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ڕاستەوخۆکان و ڕێگریکردن لە کردنەوەی بەرەی نوێ. تاران پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەم لێکتێگەیشتنە گۆڕەپانی لوبنانیش بگرێتەوە.
قۆناغی دووەم (ئاسایشی دەریایی): کردنەوەی تەواوی گەرووی هورمز، لابردنی ئەو سنووردارکردنانەی خراونەتە سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی و دانانی ڕێکخستنی ئەمنی بۆ پاراستنی هێڵەکانی وزە بەهۆی کاریگەرییان لەسەر ئابووری جیهان.
قۆناغی سێیەم (ئاسانکاری ئابووری): سووککردنی بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکان بە وردی، ئازادکردنی پشکی بەستراوی پارەکانی ئێران و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ هەناردەکردن و بازرگانی نەوتی ئەو وڵاتە.
قۆناغی چوارەم (پرسی ستراتیژی و ئەتۆمی): ئەمە ئاڵۆزترین قۆناغە و تایبەتە بە دیاریکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم، میکانیزمەکانی چاودێری نێودەوڵەتی و ڕێکخستنی ئەمنی درێژخایەنی ناوچەکە، کە پێشبینی دەکرێت چەند مانگێک دانوستانی بوێت.

* کێشەی سەرەکی و هێڵە سوورەکان
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە چارەنووسی کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران، گرنگترین خاڵی ناکۆکی و تەوەری سەرەکی دانوستانە بەردەوامەکانە، ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران هێشتا بە تەواوی بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی ڕازی نەبووە.

* پاشخانی ململانێ و گوشارە ناوخۆییەکان
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە ناوخۆی وڵاتەکەی لەژێر گوشارێکی سیاسی ئاشکرادایە؛ ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارێکی دەرکرد کە تێیدا فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە شەڕی دژی ئێران دا، ئەمەش وەک پاشەکشەیەکی سیاسی بۆ ترەمپ لەم ململانێیەدا سەیر دەکرێت کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە.

ژمارەی خوێندراو : 251 جار

هەواڵی زیاتر