سوپای ئێران و ئەمریکا هێرشی توندیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی یەکدی لە ناوچەی کەنداو و تەنگەی هورمز؛ هێزەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانیان تێکشکاندووە، لە بەرامبەردا سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە بنکەکانی ئەمریکای لە کوێت و بەحرێن پێکاوە و هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز دەکات.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆژی شەممە (6ی حوزەیرانی 2026)، هێزەکانی ڕووبەڕووی هێرشێکی چڕی ئێران بوونەتەوە. بەپێی ڕاگەیێندراوەکە:
ئێران 7 مووشەکی بالیستی ئاراستەی کوێت و بەحرێن کردووە؛ 6 دانەیان تێکشکێندراون و دانەیەکیان نەگەیشتووەتە ئامانج.
چەند کاژێرێک پێش هێرشەکە، 4 درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئێرانی لە ئاسمانی تەنگەی هورمز خراونەتە خوارەوە.
وەک وەڵامێک، فڕۆکەکانی ئەمریکا پێگە ڕادارییەکانی چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانیان لە شاری گۆروک و دوورگەی قیشم بۆردوومان کردووە. هاوکات سێنتکۆم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە پێكانی بارەگای کەشتیگەلی پێنجەم لە بەحرێن دەکەن.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند هێرشەکانیان وەڵامێک بووە بۆ "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا" دوای ئەوەی هێزە دەریاییەکانی ئێران ڕێگرییان لە 4 کەشتیی نەوتهەڵگری "سەرپێچیکار" کردووە لە تەنگەی هورمز.
سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە:
دوای ئەوەی ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر دوو بورجی پەیوەندی لە قشم و سیریک، ئەوانیش کاژێر 02:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوێت و کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرێن.
تاران هۆشداری داوە ئەگەر هێرشەکان دووبارە ببنەوە، تەنگەی هورمز بە تەواوی بەڕووی هەناردەی نەوت و گازدا دادەخات.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە لە کاتێکدایە، لە 8ی نیسانی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنەکان لە چوارچێوەی ئاگر بەستێکی لەرزۆکدا لەنێوان تاران و واشنتن ڕاگیرابوون، بەڵام سەرەڕای بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی پەیامە دیپلۆماسییەکان، هەردوولا هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە.
ژمارەی خوێندراو : 123 جار