ئەگەری ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی هەیە

27/07/2022

سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە .
بەپێی ئەو زانیارییانەشی دەست ڕوون میدیا کەوتووە، ئەگەری ڕێککەوتنی ژێربەژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هەیە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆک کۆمار .
ڕوون میدیا زانیوێتی، پاڤڵ تاڵەبانی لە دوا ساتەکاندا ڕەنگە لە پشتیوانی بەرهەم ساڵح وەک تاکە کاندیدی یەکێتی بکشێتەوە و، بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی، پشتگیریی لەتیف ڕەشید هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار .
پارتی دیموکراتی کوردستان بە یەکێتی و پاڤڵ تاڵەبانییان وتووە، ئەگەر لەتیف ڕەشید کاندید بکرێت، ئەوا ئەوانیش دەنگی پێدەدەن و کاندیدەکەی خۆیان دەکشێننەوە .
ئەمشەویش فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی پێشوتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاشکرایکرد "پاڤڵ تاڵەبانی وتویەتی مەسعود بارزانی داوای لێنەکردوم بەرهەم ساڵح بگۆڕم ئەگینا دەمگۆڕی"
تا ئەم ساتە یەکێتی بە فەرمیی هیچ قسە و لێدوانێکی لەبارەی گۆڕینی کاندیدەکەی نەوتووە، بەڵام روون میدیا زانیوێتی ئەگەری هەیە کە یەکێتی بە فەرمیی پشتگیریی لە لەتیف ڕەشید بکات و پارتیش لەبەرژەوەندی ناوبراو کاندیدەکەی بکشێنێتەوە .

ژمارەی خوێندراو : 8 جار

هەواڵی زیاتر