دەسەڵاتی دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە: پێشبینی
کراوە کۆتاییهاتنی بوونی کردەیی و چەکداماڵینی رێکخراوەکە بە تەواوی پێکهاتە رێکخراوەیی
و باڵەکانی ژێر کۆنترۆڵییەوە، لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە
دەستنیشان بکرێت و لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە پشتڕاست بکرێتەوە.
چوارچێوە (کایەی جێبەجێکردن): تاوانەکانی دامەزراندن
یان سەرکردایەتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە، ئەندامبوون تێیدا، یان یارمەتیدانی
بە ئەنقەست و بە ئاگادارییەوە، پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخراوەکە، شانبەشانی ئەو
تاوانانەی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو رێکخراوەدا ئەنجامدراون و ئەو تاوانانەی
لە بەرژەوەندیی رێکخراوەکەدا بەگوێرەی یاسای ژمارە 6415ی تایبەت بە رێگریگرتن لە
دابینکردنی سەرچاوەی دارایی تیرۆر رێکخراون، دەگرێتەوە.
دەرەوەی چوارچێوە: ئەو لێکۆڵینەوە و دادگەییکردنانەی
بەهۆی تاوانی کوشتنی بەئەنقەست لە چوارچێوەی چالاکییەکانی رێکخراوەکەدا، یان ئەو
تاوانانەی پێش رۆژی 1-6-2005 ئەنجامدراون و سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی
قورسکراوی هەتاهەتاییان بەسەردا دەسەپێت، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم یاسایە هێڵدراونەتەوە.
لێکۆڵینەوە و دادگەییکردن: هەڵسەنگاندن بۆ ئەو
کەسانەی دەکەونە ژێر چوارچێوەی ئەو یاسایە، لەلایەن ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەوە دەکرێت
کە ئێستا دۆسیەی لێکۆڵینەوە یان دادگەییکردنی کەسەکانیان لەلایە، بەڵام وا رێکخراوە
کە داواکاریی
سوودمەندبوون لەم یاسایە پێشکێش بە سەرۆکایەتیی
داواکاری گشتی لە شوێنی نیشتەجێبوون، یان ئەو دامەزراوانە بکرێت کە لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە
راسپێردراون.
دواخستنی لێکۆڵینەوە و دادگەییکردن:
- بۆ ئەو تاوانانەی کە سزاکەیان 15 ساڵ زیندانی یان کەمترە، بۆ ماوەی پێنج
ساڵ؛
- بۆ ئەو تاوانانەی کە پێویستیان بە سزای زیندانیی زیاتر لە 15 ساڵ، زیندانیی
هەتاهەتایی یان زیندانیی قورسی هەتاهەتاییی هەیە، بۆ ماوەی 10 ساڵ لێکۆڵینەوە
و دادگاییکردنەکە دوا دەخرێت.
لە ماوەی دوو هەفتەدا، رێگەی تانەدان و ناڕەزایی
دەربڕین بەرامبەر بە بڕیارەکە کراوەیە.
رێکارە پارێزگارییەکانی پەیوەست بە دەستبەسەرکردن
و چاودێریی دادوەری بۆ ئەو تاوانانەی بڕیاری دواخستنیان بۆ دەردەچێت، لە ئەگەری
بوونی مەرجەکاندا لادەبرێن.
سەبارەت بەو دۆسیانەی لە قۆناخی پێداچوونەوەی یاساییدان
(تێهەڵچوونەوە یان پێداچوونەوە)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان بۆ دەردەچێت و لەلایەن
دادگەی پلە یەکەوە
بڕیاری دواخستنیان بۆ دەدرێت. ئەگەر ماوەی دیاریکراو
بەبێ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک تێبپەڕێت، بڕیاری نەبوونی پێویستی بە دادگەییکردن یان
کەوتنی دۆسیەکە دەدرێت.
دواخستنی سزاکان:
- سزای زیندانیی کۆی گشتی 15 ساڵ یان کەمتر، بۆ ماوەی پێنج ساڵ؛
- سزای زیندانیی کۆی گشتی زیاتر لە 15 ساڵ، شانبەشانی سزای زیندانیی هەتاهەتایی
یان زیندانیی قورسی هەتاهەتایی ، بۆ ماوەی 10 ساڵ بە بڕیاری دادوەری جێبەجێکردنی
سزاکان دوا دەخرێت، بە مەرجێک رێگەی تانەلێدان هەبێت.
ئەگەر ماوەی دواخستنەکە بەبێ ئەنجامدانی هیچ
تاوانێک تێبپەڕێت، ئەوا سزا سەپێندراوەکە بە جێبەجێکراو هەژمار دەکرێت.
بەسەرچوونی کات (یاسایی): لە ماوەی دواخستنەکاندا،
ماوەی یاساییی بەسەرچوونی دۆسیە و سزا کارا نابێت (هەژمار ناکرێت).
بێبەشبوون لە مافەکان: بڕیارەکانی دواخستن بە شێوەیەکی
خولی لەلایەن ئەنجوومەنەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. ئەنجوومەن لە کاتی پێویستدا
دەتوانێت داوا لە دادوەری سوڵح و سزا / دادگا / دادوەری جێبەجێکردنی سزاکان بکات بۆ
نەهێشتنی هەموو ئەو دەرهاوێشتەکانی بێبەشبوون لە مافەکان کە بەهۆی لێکۆڵینەوە/دادگەییکردن/سزادانەوە
دروست بوون.
بۆ بڕیارەکانی دواخستنی پێنج ساڵە، مەرجە دوو
ساڵ بەسەر رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەدا تێپەڕیبێت و بۆ بڕیارەکانی دواخستنی 10 ساڵەش،
دەبێت سێ ساڵ تێپەڕیبێت.
بەدواداچوون، هاوئاهەنگی و جێبەجێکردن: ئەنجوومەنێک
بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆمار و بە ئەندامێتیی وەزیری داد، وەزیری دەرەوە، وەزیری
ناوخۆ، وەزیری بەرگری، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی
نیشتمانی (میت) و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن
بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەکات.
پێشبینی کراوە هاوئاهەنگیی ئەنجوومەنەکە لەلایەن
سکرتاریەتی گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئەنجام بدرێت.
لیژنەیەکی چاودێری لە پەرلەمانی تورکیا لە (17
ئەندام) پێکدەهێنرێت کە ئەرکی چاودێریکردنی چالاکییەکانی چوارچێوەی ئەم یاسایەیە.
رادەستبوون و چەکداماڵین: پێشبینی کراوە رێنمایی
تایبەت بە پرۆسەی تۆمارکردن، بە وەرگرتنی بۆچوونی دامەزراوە ئەمنییەکان، بە هاوبەشی
لەلایەن وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی ناوخۆوە ئامادە بکرێت.
ماوەی پێشکێشکردنی داواکاری: پێویستە لە ماوەی
شەش مانگ دوای بڵاوبوونەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە رۆژنامەی فەرمیدا،
داواکاریی نووسراو بۆ سوودمەندبوون لەم یاسایە پێشکێش بکرێت.
ژمارەی خوێندراو : 116 جار