حكومەتێك بۆ ماوەی ساڵێك یان 18 مانگ
موقتەدا هەستدەكات لەم ململانێیە بەتەنهایە
سەرتیپ جەوهەر
هەوڵەكانی دەرچوون لەم دۆخە چەقبەستووەی عیراق درێژەی هەیە، پێشنیاری جیاواز لەوبارەیەوە هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگ بێت لەو نێوانەدا هەوڵدانە بۆ رازیكردنی هەموولایەنەكان بەتێپەڕِاندنی ئەم قۆناغەو دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردنە لەداهاتوویەكی نزیك.
ئێستا هەوڵێك هەیە كە حكومەت لەلایەن كەسێكی كوتلەكەی هادی عامری یاخود نزیك هادی عامری دروستبكرێت بەوپێیەی هەم لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەو هەمیش پەیوەندی باشی لەگەڵ موقتەدا سەدر هەیە.
كابینەی حكومەت كاتیی بێت و پێكهاتەكەی لەلایەن هەموولایەنەكانەوە جێی رەزامەندی بێت بۆماوەی ساڵێك یان 18 مانگ بەردەوام بێت. ئەركی سەرەكی ئەم كابینەیە ئامادەكاریی بێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
هێشتا روون نییە ئەم پێشنیارە سەردەگرێت یان نا، بەڵام عامری لەگەڕێكی چڕدایە لەگەڵ لایەنە شیعەو سوننەو كوردستانیەكان بۆ ئەوەی بتوانرێت بارودۆخی سیاسی لەم چەقبەستنە دەربازبكرێت و هەڵبژاردنێكی دیكە بكرێتەوە. هاوكات موقتەدا سەدریش كەمێك نەرمتر بووەو هەستدەكات لەم ململانێیە لەگەڵ نفوزی ئێران خۆی بەتەنهایە.
ئەم هەوڵەی عامری كە رەنگە موقتەدا سەدر لەكۆتاییدا پشتیوانیی بكات، هیچ لەبارودۆخی سیاسی عیراق ناگۆڕێت بەتایبەت ئەگەر سیستمی هەڵبژاردن وەكوخۆی بمێنێتەوە، تەنها راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە موقتەدا سەدر كردی و خۆی لەپرۆسەی سیاسی كێشایەوە.
هاوكات دواخستن و تەئجیلكردنی گرژی سیاسیە كە چاوەڕواندەكرێت دوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن جارێكی دیكە بێتەوە گۆڕێ و لایەنە سیاسیەكان نەتوانن بەئاسانی حكومەتێك دروستبكەن بۆماوەی چوارساڵ لەسەرخۆو ئارام بێت! بەكورتیەكەی دیسان عیراق لەگێژاوی گرژی سیاسی و ناسەقامگیریی بۆماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت.