داهات بۆ كۆمپانیاكان و شاگردانەش بۆ حكومەت
هەر سێ دەسەڵاتەكەی هەرێم پەككەوتوون، هیچ پێناسێك بۆ ئەم حوكمڕانییە نییە
مانگیك زیاترە دادگای تەمیز كارناكات، دوابزماربوو لەتابوتی حوكمڕانی هەرێم درا
بۆ ئەمساڵ موچەی مانگێكی فەرمانبەران فەوتا، دوعا بكەن نەبێتە دووان
دەیان ماكینەی ئیعلامیی خراوەتەگەڕ تا ئەم تاڵاوە، بەشیرینی بەخەڵك بفرۆشنەوە
سەرتیپ جەوهەر
ئەوەی ئەم حكومەت و حوكمڕانییە بەخەڵكی كوردستانی دەكات، لەمێژووی كوردستان و هیچ میللەتێك نەبووە. شەش دەری لەم میللەتە گرتووەو خەڵكیش هەر خەریكی هات و نەهاتن!
بەپێی زانیاریی نوێ و مەنتقی حوكمڕانی لەهەرێم، ئەمساڵیش موچەی مانگێكی فەرمانبەرانی نادرێت، دەبێ دوعا بكرێت نەبێتە دووان.
ئەوەی بینیومانە، زیاتر لە 12 ساڵە تاڵاو دەخەنە هەناوی ئەم خەڵكە، لێناگەڕێن دەروونیان تەنها بۆ یەك مانگ ساكین ببێت، بەهەموو شێوەیەك گەمارۆی ژیانیان داوەو دەستیان خستۆتە سەر خنخنۆكەی خەڵك! لەهەموولایەك دەكێشنەوەو بوونەتە شەریكی گیرفانی هاوڵاتیان.
ئەگەر دەڵێن داهاتی مانگانە كەمیكردووە راست دەكەن، چونكە داهاتی خزمەتگوزاریی زۆربەی جومگەكانی حوكمڕانیان رادەستی كۆمپانیاكان كردووەو حكومەت ئەرزشی نەماوە، مەگەر كۆمپانیاكان لەو پارەیەی دەستیان دەكەوێت شاگردانەیەك بدەنە حكومەت!
بێگومان ئەو پارەیەش بەشی هیچ ناكات. خەڵك نازانێت چ رێژەیەكی داهات دراوەتە كۆمپانیاكان! خەڵك نازانێت كۆمپانیاكان چ پارەیەك بەناوی حكومەت لەهاوڵاتیان دەكێشنەوە. كۆمپانیاكانیش مەپرسن هی كێیە، با وەزیرو كاربەدەستانی حكومەت وڵامی بدەنەوە. ئینجا هەر لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بگرە تا دەگاتە ناوخۆ/ وەزارەتی داد، تەندروستیی، ئاو و كارەباو گواستنەوەو شارەوانییەكان و..هتد.
حكومەت ماوەی بەسەرچووەو هیچ پێناسێكی نییە. پەرلەمان داخراوە هیچ بەهایەكی نەماوە، هەرچی دامەزراوەی چاودێرییە پەكیكوەتووە. لەهەمووی خراپتر، ماوەی زیاتر لە مانگێكە دادگای تەمیزیش پەكیكەوتووە كە بڕبڕەی ئیشوكارەكانی دامەزراوەی دادوەرییە لەكوردستان. ئەمەش دوا بزمارە لەتابوتەكەی بدەن.
پەككەوتنی دامەزراوەی دادوەریی، ئاماژەیەكی ئێجگار مەترسیدارە، نیشانەی لێكهەڵوەشانەوەی دامەزراوەكانی حوكمڕانیی و سەقامگیریی ژیانی هاوڵاتیانە لەكوردستان.
بەپەككەوتنی دامەزراوەی دادوەریی، بازنەی پەككەوتن و كۆتاییهاتنی دەسەڵاتەكانی ئەم قەوارەیە تەواو دەبێت، ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدارە بۆ مانەوەی هەرێم بەیەكپارچەیی و یەكگرتویی وەك قەوارەیەكی دەستوریی لەعیراق.
سەرباری ئەم دۆخە خراپەی حوكمڕانیی و ژیانی خەڵك، دەسەڵاتداران چەندین ماكینەی ئیعلامیی گەورەیان داناوە، بۆ جوانكردنی ئەم حوكمڕانییە، بەمەشەوە ناوەستن بەڵكو دەیانەوێ ئەم تاڵاوە بەشیرینیی و شەكراو بەخەڵكی بفرۆشنەوە.