راستیەكانی رێككەوتنی دوای 25 ئەیلول، دەبێ وەكوخۆی بخرێتەڕوو

لە لایەن سەرتیپ جەوهەر24/09/2022

هەبوو گوایە دژی راپرسیەكەیە، بەڵام بەر لەراپرسی، هەموو شتی گۆڕییەوە بەپارەو ئیمتیاز
زانیارییەكانی ئێستا دەردەكەوێت، تێگەیشتنی رابردوو لەبارەی راپرسی دەگۆڕێت
.
پەنهانیەکانى راپرسی
سەرتیپ جەوهەر
سبەی ساڵرۆژی راپرسیەكەی كوردستانە. هەیە یارو هەیە ئەغیار. هەیە وەك رۆژێكی گرنگ و مێژوویی تەماشای دەكات و هەیشە لەگەڵ ئەو پرۆژەیە نەبووەو دژ بووە.
من لەگەڵ لەگەڵ تەوقیت و شێوەی بەڕێوەچوونی پرۆژەكە نەبووم و دەنگم نەدا، بچومایەتە سەر سندوق بەدڵنیاییەوە دەنگم بەبەڵێ‌ دەدا، بەڵام نەچووم بۆ ئەوەی نەبم بەبەشێك لەپرۆژەیەك كە پێموابوو سەرناكەوێت، ئەنجامەكەیشی هەر وابوو.
ریفراندۆم یەكێكە لەگرنگترین رووداوەكانی 30 ساڵی رابردووی حوكمڕانی كوردستان. نهێنی و وردەكاریی زۆری ئەو رووداوە هێشتا ئاشكرانەكراوەو بەپەنهانی ماوەتەوە. پێویستە بابەتیانەو دوور لەتێگەیشتنی حزبی و شەخسی بۆ نەوەكانی داهاتوو بنوسرێتەوە. ئەوكاتە كتێبێكم بەناوی (حیكایەتی ریفراندۆم) نوسی، رووداو و راستیی زۆرم تێدا تۆماركرد، بەڵام هێشتا زۆر وردەكاریی دیكە هەیە كە ئاشكرانەكراوەو دەبێت وەكوخۆی بنوسرێتەوە، وەك ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ بەغدا كرا! یاخود بەشێك لەوانەی گوایە دژی راپرسیەكەبوون، بەتایبەت ئەوانەی لەكەركوك بوون، بەڵام دواتر دەركەوت نەك دژ نەبوون، بەڵكو لەدوا رۆژەكانی بەر لەراپرسی، هەموو شتیان گۆڕییەوە بەپارەو ئیمتیاز. دەركەوت دژبوونەكەیان لەپێناو دەستكەوتی شەخسی بوو، ئەمە جگە لەوانەی كە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ پرۆژەكە بوون و لەنیعمەتی پرۆژەكە سودمەند بوون.
هەرچۆنێك بێت من نەمتوانیوە لەو كتێبەم هەموو شتێك باس بكەم، ئێستا زانیاریی نوێ‌ دەركەوتووە، پێویستە وەك بەشێك لەراستییەكانی مێژوو بخرێتەڕوو. هیوادارم ئەو راستیانە لەداهاتوودا وەكو خۆی بخرێتەڕوو، چونكە راستی مێژوویین، تەنانەت بەشێک لەو زانیارییە نوێیانە تێگەیشتنی منی لەبارەی هەندێك پرس گۆڕیوە كە پێشتر پێم وانەبوو بەمشێوەیە بێت بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە رێككەوتنی دوای 25ی ئەیلولی 2017 وە هەیە كە لەگەڵ بەغدا كراو لێكەوتەكانی دواتری بەدوایخۆیدا هێنا.






وتاری زیاتر