بەماوەیەكی كورت بەر لەریفراندۆم (10ی تەمموزی 2017) رەوانشاد مامجەلال-یان برد بۆ تاران بۆ پشودان و هێوربونەوەی دەروونی. بۆماوەیەكی كورت لەناوچەیەكی سەر رێگەی كەرەج بەرەو شیمالی ئێران نیشتەجێ بوو كە هاوینەهەوارێكی دڵرفێن و هێمن بوو. رۆژانە جگە لەوەی مۆسیقای هێمن و پڕچێژی ئێرانیان بۆ سازدەكردو شیعریان بۆ دەخوێندەوە، هاوكات بەشێك لەهاوڕێ كۆنەكانی سەردانیان دەكرد لەنێوانیاندا لێپرسراوانی هەرە باڵای ئێران، بەڵكو ئەو كەشە كاریگەری هەبێت بۆسەر تەندروستیەكەی. ئەوكاتە وابڵاوبویەوە كە ئێرانیەكان دەیانویست لەبارەی هەواڵی ریفراندۆمی كوردستان پرسیاری لێبكەن و بۆچوونی بزانن.
رۆژێك هەواڵی ریفراندۆمی كوردستانی پێ رادەگەینن. مامجەلال توانای قسەكردنی نەبوو، بەڵام زۆر ناڕەحەت بوو بەبیستنی هەواڵی راپرسیكردن، رەنگی تەواو گۆڕاو شپرزەبوو وەك نیشانەی ناڕازیی بوون.
دوای یەك رۆژ لەپێڕاگەیاندنی هەواڵی راپرسیەكە، بەفرۆكەیەكی تایبەت هێنرایەوە سلێمانی.