ڕوون میدیا
بەرلەچەند ساڵێك لەئەمریكا لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنوس سەردانی بارەگای رۆژنامەیەكی ناسراومان كرد لە ویلایەتی شیكاگۆ بەناوی (بێلڤڵ نیوز دێمۆكرات) كە ئەوكاتە بەقسەی خۆیان سەدان هەزاریان لێ چاپ دەكرد. لەگەڵ سەرنوسەرو بەشێك لەستافی رۆژنامەكە باسی پرسی جیاوازیی رۆژنامەگەریمان كرد.
پرسیارێكم لەسەرنوسەری رۆژنامەكە كرد كە تائێستا هیچ هەواڵێكیان لەبارەی كوردەوە بڵاوكردۆتەوە؟ وتی نەخێر!!
ساڵی 2010 لەشاری ڤینیسیا دەرفەت رەخسا لەبارەی پرسی كورد لەئێوارە كۆڕێك چەند قسەیەك بۆ بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆی ڤینیسیا بكەم، نزیكەی 50 خوێندكارێك ئامادەبوون. بەر لەدەستپێكردنی كۆڕەكە، لێم پرسین ئێوە نەتەوەی كوردتان بیستووە؟ زۆربەیان وتیان نەخێر! تەنها یەك دووانێك نەبێت وتیان بەڵێ ئێمە عەبدوڵلا ئۆجالان دەناسین كورد بوو كە هات بۆ ئیتاڵیا.
بەرلە دوومانگێك لەشاری ئاخن-ی ئەڵمانیا دەچوومە برۆكسل لە بەلجیكا، هاوڕێیەكیشم لەگەڵ بوو زۆری حەزدەكرد بەو چۆڕە ئەڵمانیەی دەیزانیی قسەبكات.
لەمەوقیفی شەمەندۆفێر وەستابوین، كیژۆڵەیەكی رەقەڵە ئەویش وەك ئێمە چاوەڕێی دەكرد. ئەو برادەرەی منی دواند و ئەو برادەرەی منیش لەبری باسی سروشت و ژیان، كردیە قەومەچێتی و باسی كوردبوونی خۆی و كوردستانی دەكرد. منیش فزولی هاتمە نێوانیان و بەئینگلیزیی لەكچەكەم پرسی ئیشت چییە؟ وتی من هونەرمەندم و پێشانگامان لەپاریس هەیە دەبێ بچمە پاریس. وتم باشە ناوی كوردت بیستووە؟ وتی نەخێر نەمبیستووە!
تائێستا بەشێك لەسەركردایەتی كورد هەندێك راستیی هەیە لەبارەی كوردو قەبارەی ئەم هەرێمە لەئەوروپاو ئەمریكا نایزانن یان دەتوانین بڵێین خراپ لەقەبارەی مەترسیەكانی سەر هەرێم تێگەیشتوون (تێگەیەنراون) و بەهەڵەداچوون، پێیانوایە ئەگەر هەرێم شتێكی بەسەربێت ئیدی لەئەمریكاو ئەوروپا قیامەت هەڵدەستێت، هەروەك چۆن لەراپرسیەكەی 2017 زۆربەی سەركردایەتی كورد پێیوابوو، ئەوروپاو ئەمریكا رێگری لەمەترسیەكان دەكەن، كەچی نەك وانەبوو بەڵكو بوونە بەشێك لەهەوڵی بچوككردنەوەی قەبارەی هەرێم و چاوپۆشیان لەپەلاماردانەكانی عیراق كرد.
لەمڕۆژانە جارێكی دیكە جەنین پلاسخارت جارێكی دیكە زۆر بەروونی لێپرسراوانی هەرێمی لەخراپی دۆخی كوردستانی لەعیراق نێوكۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاگاداركردەوە. رستەیەكی بەكارهێنا لەدوای ئاگاداركردنەوەكانی وەزارەتی دەرەوەو كۆشكی سپی ئەمریكا لە 2017 یەكەمجارە بەمشێوەیە و بەو روونیە بڕیاربەدەستانی هەرێمی كوردستان ئاگاداربكرێنەوە، ئەویش پلاسخارت وتی " تەئكید دەكەمەوە کە لێکەوتەی سیاسیی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیاندا، مامەڵەنەکردنی گونجاو لەگەڵ خواستەکانی خەڵک و پشتگوێخستنی بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی، باجێکی قورسی دەبێت. دواتر نەڵێن ئاگاداریان نەكردینەوە" .
درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بەدەر لەهەموو قانون و نەریتێكی دیموكراسی، ئەوەندەی دیكە رەنگ و رووی ئەم هەرێمە ناشرین دەكات، ئەگەر میللەتی كورد یان قەوارەی هەرێم بەهۆی مەزلومیەتی رابردوو لەلایەن میللەتان یاخود نوخبەی حوكمڕانی وڵاتان كەمێك ناسراوبوبێت، ئەوا لەمەودوا بەهۆی ناشرینیەكانی حوكمڕانیەكەیەوە دەناسرێتەوە.