ئەمە (لێ لێ) یە، هێشتا (لۆلۆ) ماوە

لە لایەن سەرتیپ جەوهەر17/07/2022

سەرەتا كە بڕیارەكەمان جێبەجێنەكرد لەبەرئەوەبوو بەئیمزای قوباد تاڵەبانیی دەرچووبوو!
ئەگەر لەحزبی دەسەڵاتدار نەبیت لەهیچ رێكخراوێكی بیانی وەرناگیرێیت.
بۆ وەرگرتنی خوێندكارێك، پشتگیریی حزبی دەوێت!
ئەگەر پشتگیریی حزبت هەبوو، خوێندنی باش و دامەزراندن و مامەڵەیەكی تایبەتت لەگەڵ دەكرێت
لەناو حكومەت ئەگەر فەرمانێك لەلایەن كاربەدەستی حزبی دەسەڵاتدارو خاوەن هەژموونەوە دەرنەچووبێت، جێبەجێناكرێت!

سەرتیپ جەوهەر
بەر لەچەند رۆژێك پارێزەرێكی هاوڕێم وتی بۆ راییكردنی مامەڵەیەك بەواسیتەكردنەوە چوومە لای لێپرسراوێكی باڵای حكومەت. دوای بەخێرهاتنێكی گەرم (بەهۆی واسیتەكەوە) وتی سەرەتا كە بڕیارەكەمان جێبەجێنەكرد لەبەرئەوەبوو بەئیمزای قوباد تاڵەبانیی دەرچووبوو!
هەر لەم ماوەیە برادەرێكم ویستبووی كوڕەكەی لە خوێندنگەیەكی نمونەیی لەهەولێر تۆماربكات، بەڵام بەبیانوی لاواز وەریاننەگرتبوو. لەبەر دەرگا یەكێك پێی وتبوو ئەگەر دەتەوێ‌ وەربگیرێت، بڕۆ پارچە كاغەزێك لەناوچە بێنەو وەریدەگرین!
هەر لەم ماوەیە برادەرێك پێشكەشی كارێكی كردبوو لەرێكخراوێكی بیانیی، لەهەڵسەنگاندنی رێكخراوەكە پلەی یەكەمی بەدەستهێنابوو، بەڵام وەرگرتنی هەر كەسێك لەڕێكخراوی بیانی پێویستی بەڕەزامەندی ئاسایش هەیە. لەئاسایش دوای پرسیارو وڵامێكی زۆر لەبارەی ژیانی شەخسی و باری سیاسی، لەبەرئەوەی حزبی نەبوو پشتگیریان نەكردبوو بۆ وەرگرتنی ئەو كارە! وەك جۆرێك لەگاڵتەپێكردنیش لەیەكێك لەپرسیارەكان، كابرای ئەفسەری ئاسایش لێی پرسیبوو: بۆچی خۆت فێری زمانی ئینگلیزیی كردووە؟!
ئەو دیوەی ژیانی كوردستان، دیمەنێكی ناشرینی حوكمڕانییە. هاوڵاتیانی كوردستان بەهۆی مەحسوبیەت و مەنسوبیەتی حزبیی، لەبنەڕەتیترین مافی سروشتیی ژیان بێبەشن كە بریتیە لە یەكسانبوون لەبەردەم قانون و دەوڵەت.
ئەمانەی سەروە باسی دەكەم، دیوێكی دیكەی خراپی حوكمڕانیەیە. دیوە تاریكەكەی ژیانی خەڵكی كوردستانە! بەپێی ئەم مەنتقە بێت ئیدی ئەوەی حزبی نەبێت و نەتوانێت پشتگیریی حزبیی لە پارچە كاغەزێك و لەبارەگای حزب بهێنێت، هەموو مافێكی نابێت و بێبەش دەبیت لەبەشێك لەماف و ئیستحقاقی هاوڵاتیبوون! بەدیوێكی دیكە، ئەگەر لەحزبی حوكمڕان نەبیت، ئەوا مافی كاركردن و دامەزراندن و خوێندنی باش و..تد نابێت لەوە خراپتر، لەبەردەم دامودەزگاكانی حكومەت و دادگاكان مامەڵەیەكی یەكسانت لەگەڵ ناكرێت! ئەی ئەگەر حزبی بویت یان پشتگیریی حزبت هەبوو؟ ئەوا خوێندنی باش و دامەزراندن و مامەڵەیەكی تایبەتت لە فەرمانگەكانی حكومەت و دادگاكان و ..تد لەگەڵ دەكرێت! لەوە خراپتر ئەوەیە بڕیاری كاربەدەستانی حكومەتیش وەكو یەك مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت!
ئەوەی لەم چەند دیمەنەی سەرەوە دەبینین، بەتەنها جیاكاریی نییە لەنێوان ئەوانەی ئینتیمای حزبیان هەیەو سەر بەرێكخستنی حزبی دەسەڵاتدارن و ئەوانەیشی ئینتیمای حزبیان نییە یان لانیكەم لەحزبی دەسەڵاتدار نین، بەڵكو ئێستا بارودۆخەكە زیاتر پەرەی سەندووە، بەجۆرێك هەر لەناو حكومەت ئەگەر فەرمانێك یان بڕیارێك لەلایەن كاربەدەست و لێپرسراوانی حزبی دەسەڵاتدارو خاوەن هەژموونەوە دەرنەچووبێت، جێبەجێناكرێت!
ئەم دۆخە لەخۆڕاوە نەهاتووە، كەڵەكەبووی چەندین ساڵی رابردووە كە قۆناغ دوای قۆناغ پەرەی سەندووە. لەماوەی سێ‌ ساڵی رابردوو بێبەهاكردنی پەرلەمان و دروستكردنی حكومەتی سێبەرو بەشێك بوون لەگۆڕانكارییەكان، ئەوەی ئێستا روودەدات قۆناغی دیكەی ماوە. كورد دەڵێت"ئەوە لێ لێیە هێستا لۆلۆ ماوە".

وتاری زیاتر