لەپەراوێزی گووتارەکەی ترەمپدا
یەکەم: زۆر بەڕوونی بەهەموو لایەکی ووت تورکیا هێزێکی گەورەی هەیە ولەسوریای پاش ئەسەد ڕۆڵی سەرەکی هی ئەوە. ڕایشی گەیاند کەپەیوەندی باشی هەیەلەگەڵ ئەردۆگاندا. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە ترەمپ ڕازیە بەوەی سوریا لەژێر هەژموونی تورکیادا بێت و ستراتیجی خۆی جێ بەجێ بکات کەخۆی دەبینێتەوە لە دیمەشقێکی بەهێز ودژایەتی کردنی “هەسەدە” لەهەمان کاتدا ڕزگاربوونی ئەردۆگان لەو ئاوارە سوریانەی کە بوبونە بار بەسەرییەوە لەهەردوو بواری ئابوری وسیاسیەوە.
پەیوەندی ستراتیجی ئەمریکا وتورکیا هی ئێستا نیە بەڵکو لەسەردەمی جەنگی ساردەوە ئەمریکاو تورکیا خاوەن ڕێکەوتن وپەیوەندی ستراتیجی گەورەبوون لەناوچەکەو تورکیا وەک ترەمپ ووتی سوپایەکی بەهێزی هەیە . بەدەرلەوەی ئەندامە لەناوتۆ وپێگەی سەربازی بەهێزە لەناودەوڵەتانی ناتۆش . بۆیە بۆ ئەمریکا گرنگە پەیوەندییەکانی بپارێزێت لەگەڵ تورکیادا وبەردەوامی پێ بدات بەتایبەتی بۆ قۆناغی دووەمی ترەمپ وئەمەش لەچوار چێوەی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا کەدوور نیە لەسەر حسابی پێگەی کورد و ئەواقیعەبێت کەلەڕۆژئاواهەیە.
دووەم: باسی ئەوەی کرد کە پێشتر ٥٠٠٠ هەزار سەربازی ئەمریکی لەسوریادا بوونی هەبوو بەڵام ئەو لەخولی پێشوویدا پرسیاری کردبوو لەنێوان سوپایەکی پێنج ملیۆن لەلایەک ولەلایەکی ترەوە سوپایەکی ٢٥٠ دووسەد وپەنجا هەزاری ئەو پێنج هەزار سەربازە ئەمریکیە چیان بەسەردێت ، لەوەڵامدا پێی ووتراوە تیادەچن ، بۆیە دەڵێت من ژیانی ئەوانم رزگارکرد وڕووبەڕووی ڕەخنەش بوومەوە ، ئەزانن چی ڕوویدا دوای کشانەوەکە؟ هیچ ڕووینەدا، بەڵام دوای هەندێکیان گەڕاندنەوە وئێستا ٩٠٠ نۆ سەد سەربازمان هەیە لەسوریا. ئەو نایەوێت سەربازەکانی بکوژرێن لەسوریا بەواتایەکی تر بەکوشتیان نادات بۆ سوریەکان.هەروەها لەبەرامبەر پرسیاری کشانەوەی سەربازەکانی لەداهاتوودا لەسوریا، ڕایگەیاند “کەس نازانێ”.
ئەم شەرح کردنەی ترەمپە بەوشێوازە وویستی بڵێ بڕیاری کشانەوەم لەسوریا لەساڵی ٢٠١٩ کارێکی دروست بوو هیچی خراپیش ڕووی نەدا. دڵنیایی ئەوەیشی نەدا کە ناکشێنەوە یان دەمێننەوە.
وای بۆ دەچم نیەتێکی کشانەوەی هەبێت لەسوریا ومەیدانەکە بەتەواوەتی چۆڵ بکات بۆ ئەردۆغان وئیتر بیرە نەوتەکانیش نەپارێزێت وتەسلیمی حکومەتی داهاتووی سوریای بکاتەوە چونکە بەشەڕی خۆیانی نازانێت.
ئەو کابرایەکی بەر لەوەی سیاسەت مەدار و دەوڵەتمەداربێت بزنسمانە ، کەسێکیش لەڕێگەی بزنسەوە هاتبێتە ناوسیاسەت پێموایە دووخاڵی بەلاوە گرنگە یەکەم گەشەندنی سەرمایەکەی دووەم ئاسایش بۆ پەرەپێدانی سەرمایەکەی. ئەم ترەمپە ئەوەی زۆر بەلایەوە گرنگ بێت پارەیە.
تاکی ئەمریکی ووتێڕوانینی دەنگدەرانی ئەمریکا بەهەند وەردەگرێت ، ئەوان داهاتووی ئەو دیاری دەکەن، دەنگدەرانی ئەمریکیش بەگشتی لەسەدا چواریان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایان بەلاوە گرنگ بووە کاتێک دەنگیان داوە ، بۆیە زۆر بەلایەوە گرنگ نیە کە ئەو نۆسەد سەربازەی بکشێنێتەوە لە سوریا ئەگەر شتێکی نوێ نەیەتە پێش.