تا نزیکتر دەبینەوە لە خولی دووەمی ترەمپ باس وخواس گەلێکی زۆری نوێ واخەریکە دەردەکەون. ئەمجارەیان هەندێک شتی دووبارە کردەوە و هەندێکی نوێشی خستەبازاڕەکەوە.
ئەوە بۆ دووەم جارە لەدوای نەمانی ئەسەد وەسف وسەنای ئەردۆغان دەکات وبەکورتی دەڵێت عاقڵە وباشی کرد سوریای کۆنترۆڵ کرد بەڵام پێم ووت ئاگات لەکوردەکان بێت.
بابەتی ئەردۆغان وترەمپ وپەیوەندی نێوانیان لەئێستاوە دەست پێناکات بەڵکو مێژوویەکی هەیە ولەخولی یەکەمیشیدا ترەمپ لەئاستێکی باشدا هاوپەیمانی تورکیا بوو.
ئەوەی لێرەدا پێم خۆشە هەڵوێستەی لەسەر بکەم ئەوەیە لەڕووخانی ئەسەدەوە تاوەکو ئێستا ئەمریکا وفەرەنسا وئەڵمانیا وبەریتانیاش هیچ پرۆژەیەکیان نەخستۆتەڕوو بۆ کورد لەئایندەی سوریادا، ئەوان نەک فیدڕاڵی و هەرێمی سەربەخۆ بەڵکو پرۆژەیەکیان نیە بەکورد بڵێن ئێوە داکۆکی لێ بکەن وئێمەش پشتگیرتان دەبین.
ئەوان هێندەی پێمان دەڵێن شەڕکەرێکی باشن هێندە پاڵپشتی پرۆژەیەکی ستراتیجی تۆکمەنین تەنانەت بۆ نیمچە ئۆتۆنۆمیەکیش .
چارەسەر کردنی کێشەی ئایندەی شەڕەڤانانی ڕۆژئاوا لەچوارچێوەی وەزارەتی بەرگری سوریا یەکسان نیە بە بەرجەستە بوونی مافی کورد ، بێدەنگ کردنی چەکەکان لەباکوری سوریا وکۆتای جەنگ بەبێ بەرجەستە بوونێکی دیاری مافێکی شایستە دۆڕاندن ولەدەستدانی هەلەکانە ئەگەربێتو شەڕەڤانانیش ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری بەدڵی مەزڵوم عەبدی.
گرنگە بۆ کورد چاک دیراسەی بارودۆخەکە بکات و پێگە وکاریگەری خۆی لەکاتی خۆید بخاتە خزمەت پرۆژەیەکی یەکگرتووی کوردی چونکە ئاسان نیە تەنها پشت ئەستوور بیت بە لایەنی دەرەکی لەکاتێکدا ئەوان بەرژەوەندی خۆیان لەپێشترە.
لەڕووخانی سەدامدا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی هەبوو بۆ ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی. سەرەڕای بوونی کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆن لە ئەمریکا وبەریتانیا وسەلاحەدین زۆر بەزەحمەت توانرا ئەو فیدڕاڵیە بچەسپێت لەدەستووردا، لەکاتێکدا شیعە هاوپەیمانی کورد بوو سوونەش لاوازبوو، لەهەمان کاتدا ئەمریکیەکانیش کۆنترۆڵی هەموو شتێکیان کردبوو ، “بەڵام لەگەڵ تەواوی خواستی کوردا نەبوون” تەنانەت بریمەر داوای هەڵوەشانەوەی پێشمەرگەی دەکرد کەهاوپەیمانیان بوون لەجەنگی دژی ڕژێم، لەبارودۆخی ئاوادا ولەژێر چاودێری وئاگایی ئەمریکیەکاندا پرۆژەی دەستووری ئێستا هاتەبوون.
بۆیە ئەگەر بۆ کوردی باشوور بەو شێوازەبوو بێت دەبێت ڕۆژئاوا باش لەوە تێبگەن ئەوەی ئەسەدی ڕووخان ئەوان نەبوون وبەشداریش نەبوون. لەئێستاشدا نەخۆیان پرۆژەیەکی یەکگرتوویان هەیە ونە دەوڵەتانی ڕۆژئاواش بەئەمریکایشەوە ڕەشنووسی پرۆژەیان بۆ سازدەکەن، لەبەرامبەردا هەموویان “ڕۆژائاواییەکان” هاتونەتە سەرخەت بۆ دیمەشق و پاڵپشتی ومیکانیزمی هاوکاری گرنگ دەخەنە ڕوو بۆ سوریایی ئایندە وڕەنگڕێژ کردنی سیستمێکی سیاسی نوێ کەلەگەڵ بارودۆخی سیستمی نوێی جیهانیدا بگونجێت. ئەبێت کورد مامەڵەی تەنها لەسەر رەهەندی دەرەکی نەبێت تەنها بڵێت شەڕڤانان شەڕکەرێکی باشن وهاوشانی ئێمە دژی داعش بوون.
ئەو سیستمە جیهانیەی ترەمپ زۆر سەیرە وپێدەچێت سەیر و سەمەرەتر بێت کاتێک دەست بەکاربوو.
لەو پرێس کۆنفراسەدا نەک هەرەشەی دەکرد بۆ بەردانی دیلەکان وسازدانی دۆزەخ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو هەڕەشەی لە کەندا وپەناما ودانیمارک دەکرد کەهەموویان لەچوارچێوەی “یاسای نێودەوڵەتیدا” خاوەن سەروەری ودەوڵەتی سەربەخۆ ڕۆژئاوایین. ئەو حسابی بۆ ئەو پێگەو سەربەخۆیانە دانەنا کە جیهانی نوێی لەسەر دامەزراوە وبەناوی پارێزگاری ئەم جیهانە پاساوی دەهێنایەوە.
بۆیە شتێکی سەیر نیە هەموو جیهان چاوەڕێی لێکەوتەکانی هاتنی ترەمپە بەدەوڵەتانی ئەوروپاشەوە و خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادەکردووە.
لەم نێوەندەشدا ترەمپ بەگاڵتە باسی پەیوەندی توندوتۆڵی خۆی وئەردۆغان ناکات بەڵکو پەیامێکە بۆ هەموو لایەک کەلەخولي دووەمدا تورکیا بۆ ئەمریکا گرنگە، تورکیاش وا دەستی کردووە بە پرۆسەی ئاشتی ودەیەوێت بەستراتیجیەکی نوێوە لەناوچەکە بەپاڵپشتی ئەمریکا ڕۆڵی گەورەتر ببینێت. کوردیش ئەگەر خۆی ڕێکنەخاتەوە ودنیا بینی نەگۆرێت زەحمەتە بتوانێت سوود لەدەرفەتەکان وەربگرێت