ترەمپ پەلەی نیە!

لە لایەن د. ئیبراهیم عەزیز18/04/2025

لەکۆشکی سپی ترەمپ سەبارەت بەوەی کەوا ئەو پلانی ئێسریلی بۆ لێدانی بەرنامە ناوەکیەکی ئێران هەڵوەشاندۆتەوە؟ ووتی من ناڵیم هەڵموەشاندۆتەوە بەڵام من پەلەم نیە بۆئەوەی ئەنجامی بدەم وئێران چانسی ئەوەی هەیە ببێتە دەوڵەتێکی گەورەو بەئاسوودەی بژین بەبێ مردن ، منیش حەزم بەوەیە وئەوەش اختیاری یەکەممە(واتە پلانA )،بەڵام ئەگەر اختیاری دووەم بێت(واتە پلان B ) پێموایە زۆر خراپ دەبێت بۆ ئێران ، من پێم وایە ئێران دەیەوێت گفتوگۆبکات  منیش ئاسودەم کە گفتوگۆ بکەن، من پێم خۆشە ئێران ببینم لەداهاتوودا گەشەبکات،  من پێم وایە ئێرانیەکانه خەڵکانێکی زۆر باشن ، هەمیشە ئەوان زیرەک وخاوەن ووزە وسەرکەوتوون،  من نامەوێت هیچ شتێک بکەم کەس ئەزیەت بدەم ، بەڵام زۆر بەسادەیی ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی  ،ئێمە نامانەوێت پیشەسازی ئەوان ببەین نامانەوێت خاکی ئەوان ببەین تەنها ناتوانن چەکی ناوەکیان هەبێت. 
ئەمانە بەشی سەرەکی ووتەکانی ترمپ بوو، ئەوەی نوێ بوو لەم ووتانەیدا رەفزی ئەوەی نەکرد کە هاوپەیمانەکەی ویستویەتی ودەیەوێت بارودۆخە کە خراپتر بکات وجەنگیش لەگەڵ ئێران دروست بکات. بەڵام ئەمریکا لەگەڵ پلانەکەی نەبووە ودەیەوێت لەگەڵ ئێران کار لەسەر پلانی یەکەم بکەن وپەلەیشی نیە ، ئەگەە ئەمریکا پەلەی نەبێت ئەوا ئێرانیش پێناچێت زۆر بەعەجەلەبێت، واتە ڕێگاکە هێشتا لەسەرەتادایەو تائێستا ئاراستەکە بەرەوئەوەیە گفتوگۆکان بەردەوامیان هەبێت ولەوچوارچێوەیەدا مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا بکەن. ئەوەی جێگەی سەرنجە ترەمپ لەگەڵ پلانی Aدا هەمیشە باسی پلان B یش دەکات ئەمە بۆ فشارە لەسەر ئێران ودڵخۆش کردنی هاوپەیمانەکەی ، سەردانی ئەمرۆی وزیری بەرگری سعوودیە بۆ ئێران وگەیاندنی نامەی محمد بن سەلمان بە خامنەئی ئاماژەیەکی ڕوونە کە پەرەدان بەم پەیوەندیانە مانای ئەوەیە لێدانی ئێران هێشتا زۆری ماوەو ئێران نەک دەتوانێت گفتوگۆ بکات بەڵکو توانای ئەوەیشی هەبوو کە خۆی لەلێدانێکی سنوورداریش بپارێزێت. گرنگە بزانرێت ئێران نە سوریایە ونەلوبنان ونەیەمەن هەرچەندە ئەوانە ناوچەی نفوزی ئەوبوون بەڵام خودی ئێران فراوانکردنی نفوزی خۆی لەدەرەوە بۆ پاراستنی ناوخۆ وپێگەی خۆی بووە کاتێک کە فراوان بوونی نفوزەکەی ببێتەمەترسی بۆ پێگەو ناوخۆی ووڵاتەکەی ئاسایی دەبێت هەنگاوێک بکشێتەوە وهەڵوەستەیەک بکات. 
بۆیە لەئێستادا اختیاری یەکەم بەرقەرارەو کاری لەسەر دەکرێت وئاماژەکان ولێدوانەکانی ترەمپ توندنین بەو شێوازەی مەترسی لێدان نزیک بێت، وەک ئەمرۆ ووتی من پەلەم نیە!

وتاری زیاتر