لە قەڵای تكریتەوە بۆ چێشتی مەقلوبە لە قودس
سەڵاحەدینی ئەیوبی، ئەو سەركردە مسوڵمانەی كورد كە قودسی ڕزگاركرد و خاچپەرستانی تێكشكاند
ساڵی 1138 خێزانێكی بە ڕەچەڵەك كورد لە شارۆچكەی (دوین)ی ئازەربایجانەوە ڕوودەكەنە عێراق و بۆ ماوەیەك لە قەڵای تكریتی باكوری عێراق نیشتەجێدەبن كە قەڵایەكی تۆكمە و گەورەبووە و فارسەكان دروستیانكردبوو و دواتر لەسەردەمی عومەری كوری خەتابدا فەتح كرا، لەو خێزانە مناڵێك لەدایكدەبێت، كە دواتر مێژووی ئوممەتێك دەنوسێتەوە، ئیمپراتۆریەتێكی گەورە دروستدەكات و، زەبەلاحترین سوپای سەردەمی خۆی تێكدەشتێكێنێت و، پیرۆزترین خاكی سەرزەوی كە (بیت المقدس)ـە ئازاد دەكات و، وەك گەورەترین سەركردەی مسوڵمان ناوی دەچێتە مێژووەوە .
ئەمە سەڵاحەدینە، كە ناوی تەواوی (یوسفی كوڕی نەجمەدینی كوڕی شازی كوڕی مەروان)ـە لای هەندێك بە (ئەبو موزەفەر) و لە تەواوی جیهانیشدا بە (سەڵاحەدینی ئەیوبی) ناسراوە، ئیبن ئەسیرو تەواوی مێژوونوسان لە باسی ڕەچەڵكی ئەم سەركردە مسوڵمانەی كورددا دەڵێن "سەربە هۆزی ڕوادیەی ناوچەی دوینی ئازەربایجانی ئێستایە، هۆزێكی كوردییە كە خانەدانترین و گەورەترین و بەڕێزترین هۆز و بنەماڵەی ناوچەكەیە، كە لە میوان دۆستی و مامەڵە جوانیدا نمونەیان نەبووە"
هەر لە مناڵییەوە لەسەر دینداریی و بنەماكانی ئیسلام پەروەردە دەكرێت، لە ڕووی بیركردنەوە و ڕەوشت و هەڵسوكەوتەوە، لە هەموو مناڵ و هاوتەمەنەكانی خۆی جیاواز بووە، لەسەر ئازایەتی و ئەسپ سواری و لەبەركردنی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) پەروەردە ببو. لە ئازایەتی و سوارچاكیدا بە ئەسەدەدینی مامی سەرسام بووە .
دەگێڕنەوە جارێك سەڵاحەدین لەگەڵ هاوڕێكانیدا یاری كردووە، لەوكاتەدا باوكی دەگەڕێتەوە، كاتێك دەبینێت یاری دەكات، زلەیەكی لێدەدات و پێیدەڵێت "من تۆم بۆ ڕزگاركردنی قودس پەروەردە كردووە نەك بۆ یاری و ڕەفتاری مناڵانە" .
سەڵاحەدینی ئەیوبی شارەزایی هەبووە لە زانستە ئیسلامییەكان و ماتماتیك و ئەندازە و مێژو و شیعر و ئەسپواری و هونەری جەنگیی، خەونی ئازادكردنی قودس لە مناڵیەوە لەگەڵیدا گەورە دەبێت و، لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەچێتە سوپای ئەمارەتی ئیسلامیی زەنكی كە لە موسڵ لەلایەن سەركردەی مسوڵمان، نورەدین زەنكیەوە دامەزرابوو دواتر بەرەو شام و هەندێ شوێنێ دیكە فراوان بوو .
مێژوونوسان دەڵێن "سەڵاحەدینی ئەیوبی هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە، كەسێكی بیرتیژ و زیرەك و ئازا بووە، بەشداریی هەر شەڕێكی كردبێت، بە پلانی وردی جەنگیی هاوكاریی فەرماندە سەربازییەكانی سوپای ئیسلامیی كردووە، هەر شەڕێك سەڵاحەدین تیایدا بەشداریی كردبێت، سوپای ئیسلام تیایدا سەركەوتوو بووە" .
لە شەڕی ئازادكردنی میسر لە خاچپەرستان، سەڵاحەدینی ئەیوبی لەگەڵ ئەسەدەدینی مامی كە فەرماندەی سوپا دەبێت، دەچێت بۆ ئازادكردنی میسر، سەرەنجام سوپای ئیسلام سەركەوتن بەدەستدەهێنێت، لەو شەڕەدا (شاور)ی پاشای خاچپەرستەكان بە دیلی دەكەوێتە دەست سەڵاحەدین و دەیكوژێت و گەلی میسر ئازاد دەبن، لەگەڵ ئازادبوونیشیان دەڕژێنە سەرشەقامەكان، بە سوپاسگوزاری خوا و پیاهەڵدان بە سوپای ئیسلام، خۆشحاڵیی خۆیان بە ڕزگاربوونیان لە دەسەڵاتی سەركوتكار و خوێنڕێژی خاچپەرستان دەردەبڕن .
لەدوای ڕوخاندنی دەوڵەتی فاتمییەكان كە ماوەی 275 ساڵ حوكمی میسریان دەكرد، سوڵتان سەڵاحەدین، میسری كردە ناوچەیەكی سەر بە دەوڵەتی عەباسی، گەنجینەی پڕ زێڕ و سامانی فاتیمیەكانی دابەشكرد بەسەر دەوڵەتی عەباسیەكان و ئەمارەتی زەنكی و، ئەوەشی مایەوە پێشكەشی (بیت المال)ی خیلافەتی ئیسلامیی كرد .
پاش ماوەیەك سوڵتان سەڵاحەدین دەوڵەتی ئەیوبی دادەمەزرێنێت، هەریەكە لە شام و حیجاز و یەمەن و بەشێك لە مەغریب و ئەفریقیای یەكخست، ساڵی 572 میسریش بوو بە بەشێك لە خاكی دەوڵەتی ئیسلامیی ئەیوبی، سوڵتان سەڵاحەدین سوپایەكی بەهێز و گەورەی لە خەڵكی ئەو وڵاتانە دروستكرد .
ساڵی 1187 ی زاینی، سەڵاحەدینی ئەیوبی بریاری ئازادكردنی (بیت المقدس) دەدات لە دەستی خاچپەرستان، سوپایەكی گەورەی ڕێكخست و بەرەو قودس بەڕێكەوت، سەڵاحەدین و سوپاكەی گەمارۆی شارەكەیاندا، هێرش بۆسەر قودس لەلایەن سوپای سەڵاحەدینەوە دەستپێدەكات، شەڕێكی گەورەی خوێنانی لەنێوان سوپای سەڵاحەدین و سوپای خاچپەرستان ڕوودەدات .
سەرەنجام (بالیان)ی دەسەڵاتداری سوپای خاچپەرستان، داوای ڕێككەوتن لە سوڵتان سەڵاحەدین دەكات كە ئامادەن خۆ بەدەستەوە بدەن و دەروازەی قەڵا بۆ سوپاكەیان بكەنەوە، سەڵاحەدین بە ڕێككەوتنەكە قایل دەبێت، شەڕ ڕادەگرێت و خاچپەرستان بە خۆڕادەستكردنیان كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆیان و داگیركاریی (بیت المقدس) و شاری قودس دەهێنن و سەڵاحەدینی ئەیوبی و سوپای ئیسلام دەبنە فەرمانڕەوای قودس و، بەمەش خەڵكی ئەو شارە و ناوچەكانی دەوروبەریشی لە ستەم و سەركوتكاریی و دڕندەیی خاچپەرستان ڕزگاریان بوو .
سەڵاحەدینی ئەیوبی فەرمانیكرد بە گێڕانەوەی قەڵای قودس بۆ پێش داگیركردنی لەلایەن خاچپەرستان و بكرێتەوە بە دروشمە ئیسلامییەكانی كە خاچپەرستان هەموویان شێواندبوو، بەمەش شەڕی ڕزگاركردنی قودس كۆتاییهات و، سەڵاحەدینی ئەیوبی لەلایەن خەڵكی شارەكەوە بۆ خوانێك بانگهێشت دەكرێت، خواردنێكی بەتام و تایبەتی بۆ ئامادە دەكەن، كاتێك بۆی دەهێنن دەپرسێت ئەم خواردنە چی پێدەڵێن، ئەوانیش دەڵێن ئەمە "مەقلوبە"یە خواردنێكی تایبەتی خەڵكی شاری قودس و ئەم ناوچەیە .
ساڵی 1190 و سێ ساڵ دوای ڕزگاركردنی (بیت المقدس) و شاری قودس و پاككردنەوەی لە داگیركەرانی خاچپەرست، سەڵاحەدینی ئەیوبی سەركردەی گەورەی مسوڵمانی كورد، دوچاری نەخۆشییەكی سەخت دەبێت، تووشی سەرئێشە و خوێنبەربوون و ئازاری ماسولكە و لەدەستدانی ئارەزوی خواردن دەبێتەوە، دوای مانگێك لەو بارودۆخە تەندروستییە خراپە و لە تەمەنی 56 ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات و تەرمەكەی لە نزیك مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بەخاك دەسپێردرێت .
دوای تێپەڕبوونی 829 ساڵ لە كۆچی دوایی، هێشتاش جیهانی ئیسلامیی و تەنانەت نەیارەكانیشی بە ڕێز و شكۆیەكی زۆرەوە باسی ئەم سەركردە مسوڵمانەی كورد دەكەن، سەركردەیەك لە 42 ساڵی تەمەنیدا بەشی زۆری خاكی جیهانی ئیسلامیی لەژێر چنگ و داگیركاریی خاچپەرستاندا ڕزگاركرد و ئومەتی ئیسلامیی كردە خاوەن پێگەیەكی گەورە لە ئاستی جیهاندا .
ژمارەی خوێندراو : 1627 جار