کامێڕای چاودێری سەر ترافیک لایتەکانی هەولێر دەکەوێتە کار

24/05/2023

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لەئەمڕۆوە ژمارەیەک لە کامێرای چاودێری لەسەر شەقامی 100 مەتری هەولێر دەخرێنەکار و وەکو تاقیکردنەوە دەبێت، لەهەفتەی داهاتوشەوە بەفەرمی دەخرێنەکار و پێنج جۆر سەرپێچی تۆماردەکەن.

فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم هاوڵاتیان و شۆفێران ئاگاداردەکەینەوە، دانانی کامێرای چاودێری سەر ترافیکلایتەکان، لەهەرچوار لای ترافیکی مەخمور (شەقامی 100 مەتری) تەواوبون، لەئەمڕۆ چوارشەممەوە کاریان پێدەکرێت وەکو تاقیکردنەوە و بەشێوەی ئەزمونی، لەهەفتەی داهاتوشەوە کامێراکان بەشێوەی بەردەوام کاردەکەن و سەرپێچیەکان تۆماردەکەن.

سەبارەت بەو سەرپێچیانەی لەڕێگەی کامێرانەوە تۆماردەکرێن، فازڵ حاجی دەڵێت، "کامێراکان ئەو هەریەک لە سەرپێچیەکانی (لێدان لە گڵۆپی سوری ترافیکلایت، دەرچون لەخێرایی ڕێگاپێدراوی شەقام لەکاتی گڵۆپی سەوز، گرتنی دەستە ڕاستی کراوەی ترافیکلایت، ڕاوەستان لەسەر هێڵی پەڕینەوەی پیادەکان و بەزاندنی ستۆپ لاین)".

فازڵ حاجی ئاماژەی بەوەشکردوە، تکا لە شۆفێران دەکەین بۆسەلامەتی خۆیان و توشنە بون بەسزادانی دارایی، ئەو سەرپێچیانە نەکەن و با کامێراکانیشی سەرپێچیان بۆ تۆمارنەکەن.

ژمارەی خوێندراو : 215 جار

هەواڵی زیاتر