فیشەک

12/08/2023

ملیۆنان دۆلار بۆ ئاشتی و ترلیۆنان دۆلار بۆ شەڕ و كوشتار

پیشەسازیی مەرگ و كوشتن، داهێنانی نوێی لە دروستكردن و دیزاینیدا كردووە، بەركەوتنی هەر دانەیەك بە یەكێك لە ئەندامانی جەستە، بەسە بۆئەوەی بۆ هەتا هەتایە ژیان لەدەست بدەیت .

فیشەك یان گولە ...

ئەو بڕ و ژمارەیەی لە یەك ساڵدا دروستدەكرێت و بەرهەمدەهێنرێت، بەسە بۆئەوەی تاك بەتاكی مرۆڤایەتی لەسەر زەوی بكوژێت و لەناوبەرێت .

ئەم تیرە گڕدار و بكوژەی لەگەڵ تەقاندنیدا دەنگێكی تۆقێنەری هەیە، لەتوانایدایە قەڵغان و تەنانەت گولەنەبڕەكانیش ببڕێت و خێراییەكەی لە خێرایی دەنگ زیاترە .

لەو ڕۆژەوەی دروستكراوە، زۆرترین بەكارهێنەری هەبووە، دەستكەوتنی ئاسانە و، تەقاندنی تەنها پەلەپیتكەی پەنجەیەكی بەسە، ئەو پەنجەیە پەنجەی ترسنكۆێك بێت یان قارەمان و پاڵەوانێك، لای ئەو هیچ جیاوازیی نیە .

سوپای وڵاتان ساڵانە بە دەیان ملیار دۆلار لە دروستكردن و كڕینی فیشەكدا خەرجدەكەن، بەهۆی زۆری خواست لەسەریشی، بەرهەمهێنان و دروستكردنی ڕۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و یەك ڕۆژیش وەستانی بۆ نیە .

بەتایبەت كە لە ئێستادا و بەهۆی زۆریی شەڕ و كوشتار و ململانێكانەوە، بێدەنگكردنی چەكەكان بووەتە خەیاڵ و ئەفسانە، شەڕێك تەواو نابێت، ئاگری شەڕێكی دیكە بڵێسەی سەندووە و، جەنگێكی دیكە لەسەرەی هەڵایساندایە .

ئامارەكان دەڵێن "شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیا كە دوو ساڵە بەردەوامە، بەشێوەیەكی خەیاڵیی و شێتانە فیشەكی تێدا بەكارهاتووە، بەجۆرێك كە هەموو پێوانە و پێشبینییەكی شكاندووە"  .

ئەمریكاش كە ساڵانە ملیاران دۆلار لە دروستكردنی چەك و تەقەمەنیدا، ئێستا دروستكردن و بەرهەمهێنانی فیشەكی لە یەك ملیار و 500 ملیۆن فیشەكەوە بۆ 10 ملیار فیشەكی ساڵانە بەرزكردوەتەوە .

ئەگەر ئەو فیشەكە بەرهەمهاتووانە دابەشبكرێت، ئەوا هەر كەسێك بە تێكڕا 34 فیشەكی بەردەكەوێت لە هەموو ئەو جۆرانەی كە بەرهەمدەهێنرێن، كێشی كۆی ئەم فیشەكە بەرهەمهاتووانەش، سێ هێندەی كێشی كەشتی تایتانیكە كە 53 تەن بووە .

نیوەی ئەم فیشەكانە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا و لە ڕاوكردن و نیشانە شكێنی و كاتبەسەربردن و تاوانە كۆمەڵایەتییەكانی وەكو كوشتن و خۆكوشتندا بەكاردەهێنرێت، نیوەكەی دیكەشی لەو شەڕ و كوشتار و ئاژاوانەدا سەرفدەبێت كە ئێستا لەسەرتاسەری جیهاندا و لەنێوان گروپ و ڕێكخراو و وڵاتاندا بەڕێوەدەچێت و تیایاندا بە ملیۆنان مرۆڤی كردوەتە قوربانیی .

دەوترێت ئەگەر مرۆڤایەتی بیەوێت دەنگی چەك و لولەی تفەنگەكان بێدەنگ بكات و كۆتایی بە شەڕ و كوشتار بهێنێت، ئەوا دەبێت چەكەكان برسی بكا و فیشەكیان دەرخوارد نەدات .

كۆتاییهێنان بە پیشەسازیی فیشەك
درێژەدانە بە ژیانسازیی و ئاوەدانیی زەوی ...

ژمارەی خوێندراو : 392 جار

هەواڵی زیاتر