ئەنجوومەنی وەزیران
ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی
فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی
تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد
تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی
کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر
هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم شەرمەزار کرد، کە زیانێکی
زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە،
لێدانە لە ژێرخانی ئابووریی و وزەی هەرێمی کوردستان. ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە
حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە
دابنرێت و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.
پاشان ئەنجوومەنی
وەزیران ، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە
تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ
حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان .
سەرۆک وەزیران و جێگری
سەرۆک وەزیران، وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت
بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە
ئاراوە خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و
ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا
بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی
فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت
ژمارەی خوێندراو : 7 جار