لەپەراوێزی ڕوداوەکەی سلێمانیدا

لە لایەن د. كارزان عبدالله هەورامی18/11/2022

لە دونیادا هەر ڕووداوێک ڕوودەدات دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەو شوێنە هەوڵ دەدات بیکاتە ئەزموونێک و سوودو وانەی زۆری لێوەربگرێت و تەنانەت هەندێک جار دەبێتە هۆی گۆڕینی یاسا یان دانانی یاساو ڕێنمایی نوێ بۆ باشتر کردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات .  وڵاتانی پێشکەوتوو یان تازە پێشکەوتوو بەم جۆرە پێدەگەن و گەشەدەکەن ، مەرج نیە لە ئەزەلەوە ئەوان پەی بە هەموو کەنج و کەلەبەرو  کەمو کەسری ژیان ببەن ، لە هەر هەڵەیەیەک لەهەر ڕوداوو کارەساتێک  هەست بە هەڵەکان دەکەن و کۆڵێ وانەی لێوەردەگرن وڕێنمایی پێویستی پێدەردەکەن  یان دەگۆڕن ، ئەمە بۆ هەموو سێکتەرەکان دەگونجێت دەکرێ بۆ ڕوداوێک هەموو سێکتەرەکانی وڵات قازانجی لێبکەن ، ئەویش لە ڕێگەی وەزارەتی پلاندانانەوە.
ئەمەی لە سلێمانی ڕویدا ، سەرەڕای بارە مرۆییەکەی کە کارەساتبار بوو بۆ هەموومان بەڵام ئەشێ  سودی زۆری لێوەربگیرێت بۆ بەڕێوەبردنی باشتری وڵات و پێداچوونەوە لەو کەمو کورتیانەی لە یاسا بەرکارەکاندا  هەن یان پشتگوێخراوون  بەمەش نەک ڕێ لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕوداوانە دەگرین ، بەڵکو کوالیتی ژیان بەرزتر دەکەینەوە کە ڕەنگە ئەمە داواکاری کەسوکاری قوربانیان و هەموان بێت.
من وا چاوەڕێم دەکرد وەزیری ناوخۆ  لە شوێنی ڕوداوەکە بە بڕیارێک هەرچی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی شۆفاش و ئەو و کۆمپانیایانەی لە بواری وزەی ساردی وگەرمی باڵەخانەکان هەن هەڵبوەشێنێتەوەو جارێکی تر بە دراسەیەکی نوێ و میکانیزمێکی سەردەمیانەو ستانداری جیهانیەوە مۆڵەتی  ئەم کارانە بداتەوە .
لە عیراق و کوردستاندا ئەوەی گرنگی پێنەدراوە مەسەلەی سەلامەتی ژینگەی کارە  ئەمە گرنگترین شتێکە کە ژیانی هەموانی پێوەبەندە هێندەی گرنگیەکەی لای ئێمە پشتگوێ خراوە ، ئاخر چۆن دەبێت لە بواری گەرم و سارد کەرەوەی ماڵدا کار بکەیت بەلایەنی کەمەوە دە دوازدە کەسی ڕاهێنراوت نەبێت کە هەڵگری بڕوانامەی باوەڕپێکراوی نیبۆش یان هەر لایەنێکی نێودەوڵەتی کە لەم بوارەدا ڕاهێنان دەکات ؟ بە بێ کەسی ڕاهێنراو و پسپۆڕو خاوەن بڕوانامەی پیشەیی کێ ڕێگەی پێدایت ئەم کارە هەستیارە ئەنجام بدەیت ؟  بۆیە ئەم ڕوداوە هەلێکی باش بوو بۆ ئەو کۆمپانیانەی  لەم بوارەدا کار دەکەن ببنە خاوەنی بڕوانامەی پێویست لەبواری سەلامەتی و تەندروستی ژینگەوە. ئەمە تەنها بۆ شۆفاش و ئەو بوارە نیە پێویستە بۆ هەموو کۆمپانیاکان لە هەر بوارێکدا کار بکەن گرنگیەکی زۆر بۆ مەسەلەی سەلامەتی و تەندروستی بدەن بە داخەوە زۆر زۆر پشت گوێخراون ، بۆ ئەم مەبەستەش نابێت چاوەڕێی سەرمایەدارەکان بکرێت پێویستە ڕێنمایی و مەرجەکان بسەپێنرێت بەسەریاندا لەبەر پاراستنی ژیانی کرێکارەکانیان و  دانیشتواندا.
خاڵێکی تر مەسەلەی کوالیتی کۆنترۆڵ ، دەتوانرێت سوود لەم ڕوداوانە وەرگیرێت بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و بەرزکردنەوەی کوالیتی ئەو مادانەی کە هاوردەی وڵات دەکرێن ، کەمی کوالیتی قەفیزێک بەسە بۆ خولقاندنی کارەساتێکی گەورە کە دەیەها مرۆڤ ببنە قوربانی ، لە کوردستان و عیراقدا گرفتی گەرەی کوالیتی مادەی بیناسازی و خۆراک و کەرەستە کارەباییەکانمان هەیە ئەکرێت ئاوڕی جدی لێبدرێتەوە. ئێمە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ هەندێ مادەی بیناسازیدا دەکەین دەکرێت بەر کەوتن یان ژیان لە سایەیاندا  کارەسات بێت لە ڕوی داخورانو تیشکاوەریەوە بەڵام کاریگەریەکانی بەرجەستە نەبن و بە تێپەڕبوونی کات دەرکەون و بە هیچ جۆرێک هەستی پێنەکەین بەڵام لە ڕاستیدا زیان بەخش بن .
دەکرێت لە ڕووی لۆجستی  و کردنەوەی خولەوە ئەو کەسانەی لە بەرگری شارستانین پڕچەککتر بکرێن  بۆئەوەی پرۆفیشناڵتر کارەکانیان بکەن ، هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی کەسێک لە ناو کارەساتێکدا زۆر گرنگ و هەستیارە ،دەکرێت لێدانی چەکوشێک بە هەڵە ژیانی ئەوکەسە خراپتربکات ، یان زانینی لابردنی بلۆکێک ، بڕینەوەی شیشێک  لە کات و ساتێکی دیاریکراودا کاری گەری باش وخراپی هەبێت لەسەر تەندروستی کەسێک لە کارەساتێکدا ، لە پێکدادانی ئۆتۆمبێل ، ڕوداوی سوتان یان خنکان ، ڕوخانی بیناو کارەساتەکانی تر هەر یەکەو تایبەتمەندی و میکانیزمی خۆی هەیە چۆن فریای کەسی کارەساتبار بکەویت.  ژمارەی مرۆڤەکان ڕوولە هەڵکشانە ، لە تەقینەوەدایە ، کارەساتەکان زۆرتر دەبن حوکومەت زۆر گرنگە ئاوڕلەم بابەتە بداتەوە یان وەزارەتی خوێندنی باڵا لە جیاتی کردنەوەی هەندێک بەشی تەقلیدی بیر لە کردنەوەی بەشی فریاگوزاریەکان بکاتەوە لە ناوەندە ئەکادیمیەکاندا. 
ئەزانن ئەم وڵاتە سیخناخ بوە لە خاوەن بڕوانامەی ئەکادیمی ، ئەکرێت وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاوڕێکی جدی لە بابەتی بڕوانامەی پیشەیی و کردنەوەی سەنتەری پیشەیی بداتەوە ، لەم ڕێگەوە دەتوانرێت ساڵانە کۆمەڵێکی زۆر بڕوانامەی باوەڕپێکراوی پیشەیی بدرێت لە پێناو باشترکردنی کوالیتی کاروبارەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان ، دەکرێت ئیتر ئێمەش سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەرگرین لەم ڕوەوە ئیتر لەمەو دوا ڕێگە نەدرێت
کەس لە خۆوە دەست بۆ هیچ پیشەیەک ببات ئەگەر لە سەنتەرێکی باوەڕپێکراوی پیشەیی بڕوانامە وەرنەگرێت ، ئیتر ئەو پیشە هەرچی بێت ، سەرتاشی ، فیتەری ، وەستا بەنایی ، شوفاش …. هتد پیادەکردنی ئەم ڕێگایە لەسەرێکەوە هەلی کار زیاد دەبێت لەسەرێکی ترەوە ئیتر کەس لە خۆوە دەست بۆ هەندێ پیشە نابات و ژیانی دیگەران بخاتە مەترسیەوە دواجار کوالیتی ژیان باشتر دەبێت بە تێپەڕبوونی کات. لە هەر ڕوداوێکدا ئەوەندە سوودی لێ وەرگرین لە ماوەی دو سێ دەیەدا وڵات تۆکمەترو باشتر دەبێت و هەنگاوی گەورەی پێشکەوتن بەرجەستە دەبێت.

وتاری زیاتر