هەنگاوێک زیاتر ، تەندروستیەکی باشتر !

لە لایەن د. كارزان عبدالله هەورامی12/08/2023

نەجوڵان بە چوارەمین هۆکاری مردن دێتە ئەژماردن لە دونیادا ، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس بە هۆی نەجوڵانەوە لەناودەچن !
لە سەردەمێکی جەنجاڵدا دەژین ، ژمارەمان بێشومار زۆر بوە ، مێشکمان ماندوو ژیانمان سەختر بوە ، بۆئەوەی بتوانین ئەم ژمارە زۆرە ئیدارە بدەین چالاکیمان زۆرتر دەبێت زیاد بوونی چالاکیش هەندێک دەرد و بەڵای بۆ هێناوین کە بوونەتە خۆرە ژیانمان ، کارمان تێدەکەن بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین ، ئەگەریش بزانین چارەمان نیە ، ناتوانین خۆمان لە لێکەوتەکانی ئەم جەنجاڵیە بپارێزین .
بەڵێ ناتوانین ، بە هیچ پێوەرێک ژینگەی شارەکانمان خاوێن نین ، ستایلی ژیانمان دروست نیە ، خۆراکمان پاک نیە ، هەوامان ژەهراویە، تەنانەت ژینگەی شوێنی کارو ناو ماڵمان گەوجاو نیە بۆ ژیانێکی دروست. دەی خۆ ناکرێت واز لە ژیان کردن بهێنین ، تازە چارەنوسی ئێمە ئەم ژیانەیە و پێویستە لەگەڵیدا هەڵبکەین و مامەڵەی لەگەڵدا بکەین ، ئەمە بەمانای ئەوە نا تەسلیمی ببین یانی ئەتوانین بەرەنگاری ببینەوە .
ڕۆژانە لە ڕێگەی خواردنەوە بێت یان هەناسەدانەوە یان بەرکەوتنەوە ڕێژەیەک لە مادەی ژەهر دەچێتە گیانمانەوە، ئەمە ڕاستیەکە حاشا هەڵناگرێت ، گرنگ لێرەدا یەک شتە ؛
ئەویش ڕێگە نەدەین ئەو ژەهرانە کەڵەکە ببن لە لاشەماندا ، چوون مادەی کیمیایی خەسڵەتێکی هەیە بە تێپەڕبوونی کات کەڵەکە دەبێت لە جەستەکاندا ، تا دەگاتە ئەو پەیتیەی کە پێویستە بۆ دروست کردنی نەخۆشی .
بە چی دەتوانین ڕێگە بگرین لە کۆبوونەوەی مادە ژەهرەکان لە لاشەماندا ، کە سەرچاوەی هەموو جۆرە نەخۆشیە ترسناکەکانن ، بە جوڵە ! جوڵەی قورس و بێمانا نا ، نە هاموشۆی سەنتەرەکانی جیمت دەوێت نە ڕاکە ڕاک و خەو زڕان و هەناسە بڕکێی بەیانیان ، تەنیا پیادە ڕەوی !
دوێنێ توێژینەوەیەکی زۆرگرنگ بڵاوبوەتەوە لە گۆڤاری ئەوروپی تایبەت بە زانستی دڵ باس لەوە دەکات ئەگەر ڕۆژانە تەنها چوار هەزار هەنگاو بە پیادە بڕۆیت مەترسی مردنت بە هەر هۆکارێک زۆر کەم دەبێتەوە. دەرئەنجامێکی زۆر کاریگەرە کە توێژەران پێی گەشتوون !
چوار هەزار هەنگاو زۆر ناکات تەنها نزیکەی سێ مایل ڕێکردن دەکات یان دەوروبەری چلو پێنچ خولەک هەنگاونان ، ئەوان گەشتونەتە ئەو ئەنجامەی ئەو کەسانەی ڕۆژانە بەم ڕێژەیە هەنگاو دەنێن هەرگیز بە هۆکاری نەخۆشیەکانی دڵ و سیەکان و نەخۆشی خوێن و نەخۆشیە جۆربەجۆرەکانی تر نامرن ! کاتێک ئێمە ڕۆژانە هەناسەی پیس دەدەین و خواردنی نادروست دەخۆین بەم هەنگاوانە و بە خەرج کردنی ئەوەندە ووزە ناهێڵێت ئەو پیس بوونەی ڕۆژانە دەچێتە جەستەمانەوە کەڵەکە ببێت ، بەهۆی زیندەچالاکی جەستەمانەوە فڕێبدرێنەوە ! لاشەمان خاوێن دەبێتەوە لەو چڵکەی بە هۆی چالاکیەکانمانەوە دەچنە ناومان.
ئەم توێژینەوەیە پشتی بەستوە بە شیکار کردنی داتاکانی ١٧ توێژینەوە کە پێشتر لەو بوارەدا ئەنجام دراون وە هەروەها هەڵسەنگاندنی باری تەندروستی و ژمارەی هەنگاوەکانی ڕۆژانەی زیاتر لە ٢٢٦٨٨٩ کەس بۆ ماوەی ٧ ساڵ.
لە توێژینەوەکەدا هاتوە ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە ٣٩٦٧ هەنگاو دەڕۆن مەترسی مردنیان زۆر کەمە بە هەر هۆکارێک بێت ، بەڵام ئەوانەی کە ٢٣٣٧ هەنگاو دەنێن مەترسی مردنیان بە هۆکارەکانی نەخۆشیەکانی دڵ کۆ ئەندامی سوڕان زۆر کەم دەبێتەوە بە تایبەت فشاری خوێن و سەکتەی دڵ و دەماخ !
سەرەڕای ئەمەش توێژەران گەشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوکەسانەی کە توانای باشتریان هەیە بۆ پیادە ڕەوی لەسەروی ئەم ڕێژەیەوە بۆ هەر ١٠٠٠ هەنگاوێک مەترسی مردنیان بە هۆکارە جیا جیاکان ١٥٪ کەمتر دەبێتەوە!
توێژینەوەکە پشتڕاستی ئەوەی کردوەتەوە کە هەنگاوێکی زیاتر تەندروستیەکی باشترو باشترت پێدەبەخشێت و زیاتر دەتوانیت بەرەنگاری نەخۆشیەکان ببیتەوە ! بە بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزو تەمەن و شوێنی ژیان .
لە پێشنیاری توێژینەوەکاندا هاتووە پیادەڕەوی لە کات و کەشێکی گونجاودا کاریگەریەکەی باشتر دەبێت ، ئەمە تەنها لە ڕوی جەستەییەوە نیە ، ئەگەر لە سروشتێکی جوان و کەشێکی فێنکدا هەنگاو بنێیت ، لە ڕووی ڕۆحی دەروونیەوە ئارامیت پێ دەبەخشێت . ڕاستی ئەرکی دەسەڵاتی خۆجێیە ئەم کەشە لە شارەکاندا بڕەخسێنێت بۆ هاندانی خەڵک بۆ پیاسەکردن ، بۆ ئەوەی خەڵک کێشەی جەستەیی و دەرونی کەم بێتەوە بەتایبەت بۆ ئێستای ژیان زۆر پێویستە ، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ڕێڕۆشتن و شاخڕەوی و جۆرەکانی تری جوڵان زیادی کردوە ئەمە دڵخۆشت دەکات .
ئێمە سروشتێکی جوانمان هەیە ، هەڵکەوتەی جوگرافی و تۆپۆگرافیەکەی زۆر سەرنج ڕاکێش و دڵگیرە ، یەک دوو شەقامێکی جوان و شایستە و جوانی تێدان بۆ پیاسە و پیادەڕەوی بەڵام پڕ بە جوانیان سودی لێوەرناگیرێت ئەمە لەبەر ئەوەنیە کە دەرکمان نیەو سەلیقەی ئێوارانە پیاسەیەکمان نەبێت بەو جادەو ڕێگا جوانانەدا نا ، لەبەر ئەوەی شیڕەی ماتۆڕ و نمایشی بێ مانا بە ئۆتۆمبێلەکان وات لێدەکەن کە بە شڵەژاوی و دەرونێکی سترێسی و پەشۆکاوە وە دەگەڕێیتەوە ، ئەوانەی کە ئێواران پیاسە دەکەن بەو شەقامانەدا لێم تێدەگەن کە لە بری چێژ وەرگرتن لە گەڕانەکەیان دەبێت سەریان وەک ڕادار بسوڕێنن نەبادا ماتۆڕێک لەدەستی بترازێت و بدات بەناو تەنگەتدا ، دەنگێکی ناسازیان هەیە ، بە جۆرێک وا هەست دەکەیت مشارێک سەرت دولەت دەکات ! بەڕاستی ئەگەر دەسی بێڵی ئەو دەنگی ماتۆڕ سکیڵ سەد بێت ئەوان بەجۆرێک لێدەخوڕن دەیگەننە ٥٠٠ و خانەکانی مێشکت دەگەنە پلەی زرنگانەوە ، بەکورتی تۆ بۆ ڕیش چوویت ئەویتریش دەخەیتەبانی و دەگەڕێیتەوە .
ژیان بە گشتی و لە وڵاتی ئێمەدا بە تایبەتی پڕە لە نادڵنیایی ، لە هیچ شتێک دڵنیا نین ، زامن کردنی سەلامەتی تاک نەبوەتە خەمی حوکومڕانی ئەم هەرێمە بۆیە باشتروایە بیکەینە خەمی خۆمان ئەوەندەی بۆمان دەکرێت ڕێنەدەین ئەم شپرزەییەی بەسەر ژینگەو نان و ئاوماندا هاتوە کارمان تێبکات .

وتاری زیاتر