ڕۆژی جیهانی درەخت و دارستان ئەمڕۆیە

لە لایەن د. كارزان عبدالله هەورامی21/03/2024

ڕۆژی جیهانی  درەخت و دارستان ئەمڕۆیە
ئەم ڕۆژانە کە دانراون بۆ دیاردەو شتەکانی دەوروبەر زیاتر بۆ هۆشیاری خەڵکە بۆ ئەوەی بیانناسن ، لەگرنگیەکەی تێبگەن ، بیپارێزن یان پیادەی بکەن .
ئەمڕۆ دونیا بە بۆ ناساندنی درەختو دارستان چالاکی دەگێرن ، بەیانی دەکەن بۆ هەموو چینەکان کە ئەم درەختانەی لە دەوروبەرماندا هەن ڕۆڵیان چیە و بۆ هەن ؟ ئەی ئەگەر لە پڕێکدا نەمێنن چی ڕوودەدات ؟
دارستانەکان ڕۆڵیان چیە لە ژیاندا و پەیوەندیان بە ئێمەی مرۆڤەوە چیە ؟ بۆ شەرحی ئەم پرسیارانە ئەم ڕۆژە دانراوە .
هەویری ئەم باسە ئاوی زۆری دەوێت، نامەوێت سەرتان بئێشێنم تەنیا مەبەستمە وەبیرتان بخەمەوە هەر لە دابینکردنی  ژێرخانی ئابووری و هەلی کارەوە بیگرە تا فەراهەمکردنی خۆراک و ڕاگرتنی خاکو پاککردنەوەی ئاوو  بوون بە هێلانەو شێڵتەری هەزارەها زیندەوەران لە گرنگیەکانی درەختو دارستانەکانن ، کە هەریەک لەمانە لە ژیانی ڕۆژانەی تاکو کۆمەڵ و وڵاتدا ڕۆڵی گەورە دەگێڕن و دەکرێت بە دەیان پەرەگراف باسی لێوە بکەیت چۆن بەهۆی ئەم سودانەوە ژیان ئێستا بەم جۆرەیەو ئێمە تێیدا دەژین .
 دەمەوێت یەک کاری زۆر گرنگی درەختەکان باسبکەم ئەویش دروستکردنی ئۆکسجینە ! بە کوردیەکەی هەوا ، درەختەکان هەوا دروست دەکەن ، ئەو هەوایەی ئەگەر یەک خولەک لێمان ببڕێت ناتوانین بژین .
تەنها پێنچ خولەک لە پێوسیتی هەوا بۆ خۆت بیربکەرەوە سبەی هەستایت لە خەو دە درەخت بە دەوروبەرو حەوشەو بانتدا دەچێنیت ! بێئەوەی یەک فلس بدەیت ئۆکسجینی پاکو پوختت بۆ دروست دەکەن .
بیربکەرەوە چۆن ؟ بیرتە جاران کابرایەک لەسەر ستەیج  پەڕۆیەکی سوری دەئاخنیە ناو کڵاوێکی ڕەشەوەو دەبوو بە باڵدارێک و دەفڕی ، بەمەمان دەگوت سیحر ، ڕێک ئۆکسجینیش بە سیحرێکی وا دروست دەکرێت ! فۆتۆنەکانی تیشکی خۆر کە ماتریاڵێکی فیزیایین دەدەن لە پانتای گەڵایەک و مەگەر ئەوخوا بزانێت ئەو فۆتۆنانە بە چ دەردی سەریو زیندەچالاکی و بەرزو نزیمیەکدا دەڕۆنو بە هاوکاری دوانۆکسیدی کاربۆنو ئاو ئۆکسجین دەخولقێنن . پرۆسەیەکی تابڵێی ئاڵۆزو عەجایبە ، بەزمانی زانستی پێی دەڵێن ڕۆشنە پێکهاتن . نەک هەر ئەمە بەڵکو خۆراکیش دروست دەکات ، ئەو خۆراکانەی کە ڕۆژانە دەیان خۆین هەر لێرەوە و لەم ڕێگاوە  دروست دەبن . ڕەنگە سیحری کڵاوەکە چاوبەست بێت بەڵام ئەمە ڕاستەقینەیە ، مادەیەکی فیزیایی کە تیشکە دەگۆڕێت بۆ هەواو خۆراک کە دوو لە هەرە پێداویستیەکانی ژیانن ، ژیانی ئێمەو زیندەوەرانی تریش .
ئەمە قازانجی درەختە بۆ ئێمە ، یانی یەکێک لە سودەکانیان .
کە ئەم گرنگیەیەمان وەبیرهاتەوە جێی خۆیەتی لەم وەرزەدا کە وەرزی زۆرکردنی دارودرەختە ، لە دەوروبەری خۆمان ، لەگەڕەک وشارەکەماندا  ئەم بەرەکەتە زۆربکەین یان ئەوانەی کە هەن بیانپارێزین بۆ ئەوەی هەوای پاکو خواردنی چاک بخۆین .
ئەگەر وات کرد نەکەی ئەوانە بڕوێنیت کە نامۆن بەم ژینگەو کەشو هەوایە ، ئەو درەختانە بچێنە کە زمانی ئێمە دەزانن، ئەوانەی کە ماڵین بە کەلتورو ژیانی ئێرە ، ئەو درەختانەی کە دەستو پەنجەیان لەگەڵ کەشو هەوا وساردی گەرمی ئێرە نەرم کردوە ئەوانە بێنە و بیانڕوێنە ، تووی خۆمانە ، سورەچنار ، بەڕوو ئەمانە خەڵکی ئێرەن ئاشنایەتیمان هەیە پێکەوە نانو پیازمان لە ژێر سێبەرەکەیاندا خواردوە ئەوان بە ئێرە دڵ خۆشنو ئێمەش بەوان ڕاهاتووین .
 لە ئەنجامی ژیانو چالاکی ئێمەو گیانەوەران ڕێژەیەکی زۆر دوانۆکسیدی کاربۆن دروست دەبێت ، کە ئەگەر بڕواتە بەرگەهەوای زەویەوە گەرم بوونی زەویو گۆڕانی کەشو هەوای لێ دەکەوێتەوە ،  دارو درەخت ئەم پاشماوەی ئێمە بە کار دەهێنن وەک مادەی خاو بۆ بەرهەم هێنانی هەواو خۆراک !! هەم ژینگە لە مادەیەکی زیانبەخش پاک دەکاتەوە هەم بەکاری دەهێنێت بۆ دروستکردنی بەرهەمی بەکەڵک، تەنیا بیر لەم کارەیان بکەیتەوە زۆر شت تێدەگەیت .
سورەچنار ( پەڵگ ) توانایوکی زۆر باشی هەیە بۆ پاککردنەوەی هەوای ناوشارەکان ، ئەگەر تاقەتت هەبو یەک دوانێک بچێنە و دوای کەمێک تێڕامێنە لە گەڵاکانی لە هاوینداو لە ڕەنگەکانی لە پایزدا  ئینجا دەزانی چێژی درەخت لە کوێدایە !
نەورۆزتان پیرۆز

وتاری زیاتر