لە پەراوێزی ڕۆژی جهانی ڕیسایکڵیندا

لە لایەن د. كارزان عبدالله هەورامی20/03/2023

خەمی  ڕیسایکڵین 
لە پەراوێزی ڕۆژی جهانی ڕیسایکڵیندا 

دوێنێ ڕۆژی جیهانی ڕیسایکڵین ( بەکارهێنانەوە) ی پاشماوەکان بوو، نەتەوەیەکگرتوەکان لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە ئەم ڕۆژەی تەرخانکردوە بۆ بە ئاگاهێنانەوەی مرۆڤ لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو شوێنپێ یانەی کە مرۆڤ بەجێی دێڵێت لەکاتی ژیانکردندا . 
لە سەردەمی ئێستاماندا ئەگەر تاک یان کۆمەڵگە لەگەڵ ئەم دوانەشدا حکومەت گرنگی تەواو بەم بابەتە نەدەن و نەیکەنە خەمی گەورەی هەموان  هیچ جۆرە بەهایەک بۆ ئابوری ، بۆ تەندروستی ، بۆ کشتوکاڵ ، بۆ ژینگە ،  بۆ ژیان نامێنێتەوە.
ئەو چارەسەرانەی ئەمڕۆ ئێمە پیادەیان دەکوین بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ خاشاکدا هیچ مانایان نیە ، لە ڕوی ئابووری و تەندروستیەوە زیانی زۆر بەر هەرێمەکەمان دەگەیەنێت . ئەوەی ئێستا دەکرێت کۆکردنەوەی پاشماوە ، دورخستنەوەی لە شار و هەندێک جار ژێرخاککردنیەتی بەناوی لاند فیڵەوە. 
لە ڕوی ئابووریەوە زیانێکی گەورە دەکەین ، چۆن ؟ لە کوردستاندا بە نزیکەی ٧٥٠٠ تۆن تەنها خاشاکی ڕەق بەرهەم دێت ، ئاماری ئاوەڕۆکانی شارم لانیە چەند مەتر سێجا ئاو ڕۆژانە لە شارەکانەوە دەردەچێت بە ناو کێڵگە کشتوکاڵیەکاندا دەڕوات یان تێکەڵ بە جۆگەو کانیاوو ڕوبارەکان دەبێت ، ئەوەندەی دەزانم تەنیا ئاوەڕۆی  سلێمانی لە  نۆزدە کەناڵی ئاوەڕۆوە دەڕژێتە دەرەوەی شارەوە !!! 
خاشاکی ڕەقی ئێمە تێکەڵەیەکە لە پلاستیکو کاغەز و ماددەی ئەندامی و هەندێک جاریش مێتاڵەکان ،  بیهێنە پێشچاوی خۆت ، ٧٥٠٠ تۆن لە مادەی پلاستیک و کاغەز و مادەی ئەندامی و هتد  ، جاتخوا ئەمانە  کەی خاشاکن ؟ ئەم ماددانە بنەمای دروستکردنی ئەوکەلو پەلانەن کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین. دەزانن جیاکردنەوەو بەکار هێنانەوەی ئەم مادانە لە دروست کردنەوەی پلاستیکی نوێ و کاغەزو شیش و کەرەستەی تردا چ شۆڕشێکی پیشەسازی لەم هەرێمەدا دەخولقێنێت ؟ چەند کارگەی دروست کردنی پلاستیکمان هەیە ؟ ئەی کارگەکانی شیش و کەلوپەلی ئاسن ؟ ئەی کاغەزو کارتۆن ؟ ئەمانە هەموو چ پێویست دەکان ماددە خاوەکانیان لە دەرەوە هاوردەبکەن ؟ کەی کارێکی قورسە جیاکردنەوەی پلاستیک و وورد کردنی بە شێوەی دەنکۆڵەی پلاستیک و فرۆشتنەوەی بەو کارگانە بۆ بەکارهێنانەوە؟ بۆ کاغەزو ئاسن و شوشەواتیش بە هەمان شێوە . 
باشە بە جدی دروست کردنی پیتمۆس ئەوەندە کارێکی ئاڵۆزو قورسە بە ئێمە نەکرێت؟ باوەڕتان بێت تەنیا ئیرادەیەکی دەوێت بۆ ئەوەی زیاتر لە پێویستی خۆمان پیتمۆس دروست کەین بۆ بەکارهێنانە کشتوکاڵیەکان ؟ کە سەرچاوەی سەرەکی پاشماوەی ئەندامی شارەکانە . لئرەوە هەم کێشەی خاشاک چارە دەکویت هەم بەرهەمی  کشتوکاڵیت دەبێت .  
ئەمانە ی باسکران خاشاک نین سەروەتی نیشتیمانین ، لە ڕوی ئابووریەوە پشت بە خۆ بەستن و گەشەسەندنی لێدەکەوێتەوە ئەگەر بزانین چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەین . 
ئەو ئاوەی کە ناومان لێناوە ئاوی پیس و ئاوەڕۆ و مەجاری  و چی و چی ، زۆر ئیحترامی دەگیرێت لە وڵاتێکدا خەونی پێشکەوتنی هەبێت ، ئاوێک مەگەر خوا بزانێت چەندە زۆرە و دەڕژێتە کانیاوو ڕوبارەکانمانەوە و بە هەدەر دەڕوات ، دەتوانرێت بەکار بهێنرێتەوە بۆ خواردنەوە ، بۆ کشتوکاڵ بۆ ئاودانی باخچەی ماڵەوە سەرەڕای ئەمانەش جۆرەها پەینی ئۆرگانی لێ دروست دەکرێت ، تەنیا بە دانانی پڕۆژەی  پاڵاوتنی ئاو لە دەرەوەی شارەکاندا،  لێرەوە باشترین شەڕی کەم ئاوی و ووشکەساڵی و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و ڕووبەڕوی گۆڕانی کەش وهەوا ی لێدەکەوێتەوە سەرەڕای گەشەی ئابووری گەورە . 
دیسان بەجدی دانانی پاڵاوگەی ئاو ئەووندە قورسە بۆ حکومەت ، کە عەیامێکە تا ئێستاش هەنگاوی پێویستی بۆ نەنراوە ، من بە ئەو پەڕی تێگەشتنەوە  دەڵێم ئەگەر حکومەت بەنگەواز بکات بۆ دانانی مەصفیەی ئاوی ئاوەڕۆ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بە مەرجێک بۆ ماوەی ئەوەندە ساڵ بەرهەمەکەی بۆ خۆی بێت، شەڕی لەسەر دەکرێت ئەوەندە داهاتی زۆرە . ئەی بۆ ناکرێت ؟
بۆ لێدەگەڕێن ئەم سەروەتە نیشتمانیە بەم جۆرە و بێخاوەن بڕوات ووون ببێت . وەک چۆن مامەڵەی دروست لەگەڵ خاشاک لە ڕوی ئابووری و تەندروستیەوە مانای گەورە بە وڵات دەبەخشێت وەک چۆن گرنگە بۆ نشتمانسازی بە پێچەوانەوە پشت گوێ خستنی هەم ئابووری هەم تەندروستی وێران دەکات . 
خاشاکێک کۆنەکرێتەوە و جیا نەکرێتەوە دەی بێگومان فڕێ دەدرێتە ژینگەوەو دواجار دەبێتە دەردو بەڵا بۆ دانیشتوانەکەی ، پیسبوونی خاک و ئاوو هەوای لێدەکەوێتەوە . ئاوەڕۆیەک بێ خاوەن بە لای کێڵگەیەکدا بڕوات کارەساتی لێدەکەوێتەوە یان تێکەڵ بە ئاوە پاکەکانمان دەبێت و سەرچاوە ئاویەکانمان پیس دەکات ، یان بەکار دەهێنرێت بۆ کشتوکاڵ و خۆراکمان ژەهراوی دەکات کتومت وەک ئێستا کە چۆن کەسمان لە خاک و ئاوو هەوای دڵنیا نیە.

وتاری زیاتر