ژینگە ڕەگەزی مرۆڤ دەگۆڕێت ؟

لە لایەن د. كارزان عبدالله هەورامی18/12/2023

کاتێک کیمیای خاک دەگۆڕێت ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت ئەویش دەگۆڕێت ! دواجار لە هەناوی خاکەوە هاتوەتە دەر ، کاریگەر دەبێت بەو گۆڕانکاریەی کە ڕویداوە . کاتێک PH ی خاکێک دادەبەزێت ، سروشتی ئەو خاکە بە تەواوی دەگۆڕێت ، ڕەفتاری پێکهێنەرە کیمیاییەکەی دەگۆڕێت ، واتە هەندێک مادەی کیمیایی ئازاد دەبن و هەندێکی تر یەخسیر دەکرێن . هەندێک توخمی خۆراکی باشتر دەجوڵێن و ئاسانتر لەلایەن ڕوەکەکانەوە هەڵدەمژرێن ، بە پێچەوانەوە هەندێکی تریان جێگیر دەبن و بە هیچ کلۆجێک زیندەوەران ناتوانن سودیان لێ وەرگرن . ئەم گۆڕانکاریە کار لە زیندەوەرانی خاک دەکات ، ڕۆژ ڕۆژی ئەوانەیە کە هۆگری زروفی ترشن لە خاکدا و ئەوانی تر وون دەبن .لەم دۆخەدا ئەو بەرهەمەی لەم جۆرە خاکەدا دە چنرێتەوە پێک هاتەکەی جیاوازە ، مادە خۆراکیەکانی ناوی دەگۆڕێن و لە ڕوی پێکهاتەی خۆراکیەوە جیاواز دەبن لەو بەرهەمەی کە لە زەویێکی تفتدا گەشەدەکات .
ئەم گۆڕانکاریانە بەردەوام دەبن تا دەگەنە جەستەی ئێمەش ، گۆڕانی پێک هاتەی خۆراکی وەک کانزاکان و ڤیتامینەکان و پێک هاتەکانی تریش بە تەواوی کاریگەری بە جێدەهێڵن لە جەستەی ئێمەدا .
هەموو جارێک مەرج نیە کەمبوونی کانزایەک لە خۆراکماندا نیشانەی کەمی ئەم توخمە بێت لە خاکماندا ، لەبەر ئەوە بێت بۆیە خۆراکمان ئەو کانزایەی کەمە ، نا ، دەکرێت ڕێژەیەکی باشی ئەو کانزایە لە ناو خاکدا هەبێت بەڵام هەل و مەرجی خاک گۆڕابێت بۆیە ناچیتە ناو بەرهەمە ڕوەکیەکانەوە.
دەکرێت بە گۆڕانی پلەی گەرمی ، pH , کەمو زۆری کاربۆن ، یان هەر خەسڵەتێکی تری خاک کاریگەری گەورە لەسەر پێکهاتەی خۆراکی دروست بکات و دواجار کێشەیەکی گەورە لە تەندروستی کۆمەڵگەکەدا دروست دەکات .
ئەم گۆڕانکاریانەش دەکرێت ڕووبدەن کاتێک مادەیەکی کیمیایی نامۆ بۆ خاک یان ئاو زیاد بکرێت ، چ بە هۆکاری سروشتی یان مرۆڤکرد.
بۆنموونە ، لە بابەتی پیسبوون دا ڕژێمی ژینگەی خاکێک یان ئاوێک پیس دەبێت ، بە مانا زانستیەکەی واتە یەک یان چەند مادەیەکی کیمیایی نامۆ تێکەڵی ئەم ژینگەیە بوون ، دەکرێت بە تەواوی ڕەفتاری فیزیایی و کیمیایی ئەو خاکە یان ئەو ئاوە بگۆڕن ،و کاریگەری گەورە لەسەر تەندروستی زیندەوەرەکانی ئەو ژینگەیە بەجێبهێڵن ، جا دەکرێت ئەو زیندەوەرانە مایکرۆسکۆپی بن یان ڕوەک یان زیدەوەری باڵابن ، نەک هەر تەندروستیان بەڵکو هەندێک جار کار لەسەر پێکهاتە یان ڕەفتاری زیندەوەرەکان دەکەن ، بە گۆڕانی خەسڵەتەکانی ژینگەکەی ڕەفتاری زیندەوەرەکەش دەگۆڕێت.
ماسی یەکێکە لە زیدەوەرە باوەکانی ناو ژینگەی ئاوی ، لێکۆڵینەوە نەژادیەکان دەڵێن زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن ساڵە ماسی پەرەیسەندوە لە ناو ژینگە جۆر بەجۆرەکانی ئاوداو هەمەچەشنیەکی گەورەش لە جۆرەکەیاندا هەن ، مەزەندە دەکرێن بە زیاتر لە ٢٦٠٠٠ جۆر ماسی لەناو ئاودا هەبن .
ماسی سروشتی خۆی وایە دروست بوونی نێرەو مێیەی نەبەستراوە بە کرۆمۆسۆمەکانەوە بۆ نموونە بە گۆڕانی هەندێک خەسڵەتی ئاوەکە دەکرێت ئەم گەرایە ببێتە نێر یان مێ بەتایبەت گۆڕانی پلەی گەرمی زۆر کار لەم بابەتە دەکات . تا ئێرە سروشتیە ، ڕۆتینی ژیانی ماسی بەم جۆرەیە ، ئەوەی ناجۆرە ئەوەیە ، لە هەندێک ژینگەی ئاویدا سەرنج دراوە چەن جۆرێکی ماسی لە تەمەنی پێگەیشتن دا گۆڕانکاری بەسەر ڕەگەزیاندا دێت ، واتە ماسیەکی مێ کە چەند ساڵە بە مێ ناسراوە لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا وەچەی خستوەتەوە لە پڕێکدا دەچێتە خەڵوەتەوەو لەماوەی تەنیا هەشت خولەکدا ڕەگەزی خۆی دەگۆڕێت و کابرایەکی قەپۆس زلی ئەبو شوارب دێتە دەرەوە ، نەک هەر ئەمەش تەنانەت کێبەرکێی نێرەکانی تر دەکات بۆ جووت بوون لەگەڵ مێیەکانداو پیتا ندنی گەراکانیان. بە هەمان شێوە هەندێک جۆری ماسی تر هەن بە کۆڵێ پیاوەتیەوە دەچێتە ئەم خەڵوەتەوەو ماسیەکی تەڕو ناسک دێتە دەرەوە !
پرۆفیسۆر ستیفانۆ ماریانی لە زانکۆی ساڵفۆرد ئەم گۆڕانکاریە لە ڕەگەزی ماسیەکاندا بە گۆڕانی ئەنزیمی ئەرۆماتەیز تەفسیر دەکات و دەڵێت ئەم ئەنزیمە هۆرمۆنی ئەندۆجین دەگۆڕێت بۆ ئیسترۆجین بۆیە بەهۆی ئەم گۆڕانە هۆرمۆنیەوە هێلکەدانەکان شوێنی گونەکان دەگرنەوە.
هۆکاری ئەم گۆڕانکاریە چیە ؟
ئەو پرۆفیسۆرە زیاتر لەسەر ئەم بابەتە دەدوێت و پێی وایە ئەم گۆڕانکاریە بە هۆی کاردانەوەی ماسیەکانە بۆ گۆڕانە ژینگەییەکان ، بۆنمونە خەسڵەتەکانی ئاو بە تایبەت پلەی گەرمی ، چونکە ئەو ئەنزیمە زۆر هەستیارە بەرانبەر پلەی گەرمی ، ئەو پێی وایە پلەی گەرمی تاکە هۆکار نیە بۆ چالاکی ئەم ئەنزیمە دەکرێت زیاد بوونی پیسکەرەکانی ئاو ، یان گۆڕانی ترشیەتی ژینگەکەش کاریگەری لەسەر دەردانی ئەم ئەنزیمە بکات.
ژینگە ڕەگەزی مرۆڤ دەگۆڕێت ؟
بە گشتی لە شیردەرەکاندا خەسڵەتی بوون بەنێر یان مێ بە کرۆمۆسۆمەوە بەستراوە .
دەکرێت پرسیارەکە بە جۆرێکی تر بکرێت ئایا پیس بوون یان گۆڕانە ژینگەییەکان کار دەکاتە سەر گۆڕانی هۆرمۆنی نێرەو
مێیە لە مرۆڤدا ؟ یان دەکرێت ژینگە ڕەفتاری ژنانە لە پیاواندا زەق بکاتەوە ؟ بە پێچەوانەشەوە ؟
پلاستیک کێشەیەکی زۆر گەورەی ژینگەییە ، دەتوانم بڵێم لە کێشە هەرەگەورەکانی ژینگەیە لە سەدەی بیستدا و هەڕەشەکی زۆر گەورەتر بوە لەم سەدەیداو نازانرێت ژینگەی زەوی بە چ ئاقارێکدا دەبات .
هۆکار زۆرن کە دەیسەلمێنن بۆچی پلاستیک مەترسیدارە ، بابەتەکەمان ئەمە نیە ، هەندێک مادەی کیمیای هەن کە دەرهاویشتەی زۆر بوونی پلاستیکن لە ژینگەدا کێشەی گەورەیان بۆ ژینگەی ئاوی و خاک دروست کردوە ، یەکێک لەو مادانە بە BPA ناسراوە ، مادەیەکی کیمیای تەواو پیشەسازیەو لە پێک هاتەی پلاستیک و هەندێک کەلوپەلی ئیلکترۆنی و پیشەسازی تردا هەن ، ئەوەی ئەم مادەیەی مەترسیدار کردوە ئەوەیە کە توانای گواستنەووی هەیە لە ناوەندێکی ژینگەییەوە بۆ ناوەندێکی تر ، لە ئاوەوە بۆ خاک ، بۆ هەوا تەنانەت دەتوانێت بڕواتە پێک هاتەی ڕوەکەکان و بە زنجیرەی خۆراکیدا بڕوات تا داگاتە لەشی مرۆڤ.
بیس فینۆڵ ئەی ( BPA) یەکێکە لەو مادە کیمیایانەی کە ئێستا لە خاک و ئاوو خۆراکماندا هەیەو مادەیەکی نامۆیەو یەکێکە لە پیسکەرەکانی ژینگە ، ئەوەی بوونی ئەم مادەیەی ترسناک کردوە ئەوەیە کە یەکێکە لەو مادە کیمیایانەی بە تێکدەری هۆرمۆنی ناسراون کە کاریگەری تێکدانی هۆرمۆنی دەکات لە جەستەی مرۆڤدا.
بیس فینۆڵ ئەی (BPA) یەکێکن لەو چەند مادە کیمیایەی کە کێبەرکێی هۆرمۆنی ئیسترۆجین دەکات . ئەم هۆرمۆنە بەرپرسی یەکەمە لە دەرکەوتنی خەسڵەتە دوەمیەکانی مێ لە مرۆڤدا . واتە کچ بە هۆی چالاکی ئەم هۆرمۆنەوە تەمەنی منداڵی تێدەپەڕێنێت و گۆڕانکاری فسیۆلۆجی و مۆرفۆلۆجی بەسەر جەستەیدا دێت و پێدەنێتە قۆناغی هەرزەکاریەوە.
ئەم مادە پیسکەرەی ژینگە لە لەشدا وەک ئەم هۆرمۆنە کار دەکات !
توێژینەوە زۆر لەسەر ئەم مادە دەکرێت ، ئەوە یەکلا بوەتەوە کە مادەیەیەکی زۆر ژەهرەو مرۆڤ گیرۆدەی زۆر نەخۆشی دەکات.
ئەم مادەیەلە پێکهاتەی پلاستیکدا هەیە ، پلاستیکیش بوەتە هەموو شتێکی ئێمە ، هە رئێستا لە هەرکوێ هەیت چاوێک بە دەوروبەردتدا بگێرە دەیان جۆر پلاستیک دەبینیت ، ئیتر لە ماڵەوەبیت یان شوێنی کار یان دەرەوە تەنانەت ئەگەر لە گەشتو سەیراندا بیت.
یەکێک لە توێژینەوەکان زۆر جالب بوو. ئەو پرسیارەی ووروژاندبوو ، ئەگەر ئەم مادەیە وەک ئیسترۆجین کار دەکات لە جەستەی ئێمەدا ، کەوایە بەرزبوونەوەی ڕێژەکەی لە خوێنی کورەکاندا دەکرێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕەفتاریاندا ، زیادکردنی خەسڵەتی کچانە لە کوڕەکاندا ! کاری سەرەکی ئێسترۆجین ئەمەیە لە کچەکاندا ، ئەگەر قەرار بێت ئەم مادە کیمیاییە وەک ئیسترۆجین کار بکات کەوایە دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی خەسڵەتی کچانە لە کوڕەکانماندا.
ڕەگەزی مرۆڤ ئاڵۆزترە وەک ماسی و زیندەوەرانی تر نیە گۆڕانی ژینگە بتوانێت ڕەگەزەکە بگۆڕێت لە نێرەوە بۆ مێ یان بە پێچەوانەوە ، بەڵام دەکرێت گۆڕانکاری لە ڕەفتاری مرۆڤدا دروست بکات، سەرنج بدە ئەوانەی کە ڕەگەزی خۆیان بە ئەنقەست دەگۆڕن پەنا دەبەنە بەر گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکانی لاشەیاندا . ئەوانەی ڕەگەزی خۆیان بۆ کوڕ دەگۆڕن پێوسیتە هۆرمۆنی نێرینە ( تێستێستیرۆن ) بەکار بهێنن بۆ ئەوەی سیفەتە دوەمیە سێکسیەکانی پیاو تیایاندا دەربکەون . وە هەروەها ئەوانەی خۆیان بۆ کچ دەگۆڕن پێویستە ڕێژەیەکی گونجاو هۆرمۆنی ئیسترۆجین بەکاربهێنن بۆئەوەی ڕەفتارو خەسڵەتەکانی کچ لە جەستەیاندا دەربکەون .
مادەی پیسکەری BPA مادام وەک ئیسترۆجین ئیش دەکات دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی سیفات و حەزی کچانە لە کوڕەکانماندا و دوا جار پەنا ببەن بۆ گۆڕینی ڕەگەزیان !
هەست ناکەن ئەم حاڵەتانە لێرەو لەوێ دەبینرێت و دەتوانم بڵێم خەریکە لە حاڵەتەوە بوەتە دیاردە.
ڕەنگە تۆش زۆر ڕێکەوتی ئەوەت کردبێت کە هەرزەکارە کوڕەکان لاسایی کچان دەکەنەوە یان هەندێک خەسڵەتی کچانەیان تێدایە لە قسەکردن و ڕێکردن و ڕەفتاری تردا .
دەرکەوتنی ئەم خەسڵەتانە هەندێک جار بە ویستی مرۆڤ نیە ، کاتێک ناهاوسەنگی دروست بوو لە هۆرمۆنەکانی جەستەدا گۆڕانکاری دروست دەکات لە مرۆڤدا . کاتێک پەیتی ئەم مادە کیمیاییە لە خوێنی کوڕەکاندا زۆر بوو ، خوودکارانە خەسڵەتی ڕەگەزی بەرانبەری تێدا دروست دەبێت .
ئەوانەی ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن ، زۆرینەیان ، بە هۆی ئەوەوەیە کە حەزو خولیاو خەسڵەتی ڕەگەزی بەرانبەر لە خۆیاندا شک دەبەن ڕەنگە کەمینەیەکیان لەبەر هەندێک هۆکاری لادان و بابەتی تر بێت . ئەم گۆڕانکاریانەش لە ڕەگەزدا زۆر بووە لە گۆمەڵگای ئەمریکی و ئەوروپیەکاندا. هەندێک جار لادانی ڕەگەزی لێ دەکەوێتەوە بە تایبەت لەو کۆمەڵگایانەدا چونگە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ئازادتریان بۆ ڕەخساوە .
سەرنج بدە پیسبوونی ژینگە سەرەڕای کاریگەرە تەندروستی و ئابووریەکەی چۆن کار لەسەر کایە کۆمەڵایەتیەکە دەکات و گۆڕانکاری ڕەگەزی وکۆمەڵایەتی گەورە دروست دەکات ، بۆیە پاراستنی ژینگە بەرپرسیارەتیەکی ئینسانی و ئەخلاقی گەورەیە. دڵنیام ئەگەم بەم جۆرە لە ژینگە حاڵی ببین هەوڵی گەورە دەدەین بیپارێزین بۆ ئەوەی سروشتی کۆمەڵایەتیمان بە ڕێگا دروستەکەدا بڕوات .

وتاری زیاتر