چیرۆکی دەریای ئاڕەڵ، وانەیەک بۆ پاراستنی دەریاچەی دوکان و دەربەندیخان

لە لایەن د. كارزان عبدالله هەورامی20/11/2023

چیرۆکی دەریای ئاڕەڵ 
 وانەیەک بۆ پاراستنی دەریاچەی دوکان و دەربەندیخان 
جەستەیەکی ماندوو ، دوای ساڵانێکی زۆر لە کارکردن لەم دەریایەدا ، لە سەر بەلەمێکی ژەنگاوی وەستاوە و  دەستی کردوە بە کەپری چاوەکانی و لە بیابانێکی سپی پۆش دەڕوانێت  کە تا چاو بڕبکات سەوزایی و ئاو ناپێورێت ،  لەبەر خۆیەوە دەڵێت “ کۆتایی دونیاش ڕێک شتێکی لەم جۆرەیە  “ 
دەریای ئاڕەڵ دەکەوێتە ناو هەردوو وڵاتی ئۆزباگستان و کازاخستان ، یەکێک بوە لە چوار گەورەترین دەریاکانی دونیا کە ڕوبەرەکەی زیاتر بوە لە ٦٠٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە ، واتە لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئێستای ئەمریکا گەرەتربوە . لەساڵانی پەنجاکان و تا کۆتایی شەستەکانیش جەنجاڵیەکی گەورە لە دەوروبەری ئەو دەریا گەرەدا بەدی دەکرا ، سەرچاوەی بژێوی هەزاران کەس بوو ، زیاتر لە سەدا بیستی سامانی ماسی هەموو یەکێتی سۆڤیەتی جاران لێرەوە سەرچاوەی دەگرت ، ژینگەیەکی تەڕو پاراو زیندوو ، پڕبوە لە ژیان و خاوەنی هەمەچەشنیەکی گەورەی زیندەوەران بوە  ئەمە سەرەڕای پێگە گەشتیاریەکەی، کە لە بنی دونیاوە خەڵک سەردانی ئەم دەریا گەورەیەیان دەکرد و سەدان کەشتی و قایەق ویەختی گەشتیاری لەناو ئەم ئاوەدا سەرقاڵی کارو هاتوو چۆبوون. 
سەرچاوەی سەرەکی ئەم دەریایە دوو ڕوباری گەرەبوون کە ئاوەکانیان دەڕژایە ئێرە ، ڕوبارەکان ناوی لۆکاڵیان لێنرابوو ئاموو لەگەڵ سیر ، کە بەفراوو کانیاوی شاخەکان و جۆگەو ڕوبارە لابەلاکانیان  کۆدەکردەوە و دەیڕژاندنە ناو دەریای ئاڕەڵ. 
لە ناوەڕاستی شەستەکان حوکومەتی یەکێتی  سۆڤیەت بڕیاری دا لەبەر دەم ئاوی ئەم دوو ڕوبارەدا،  پێش ئەوەی بڕژێنە ناو دەریاکەوە ، کشتوکاڵێکی زۆر بکرێت ، هانی جوتیارانی دا کە ڕوەکە پیشەسازیەکان بچێنن بەتایبەت پەموو، چەندین کارگەی  کشتوکاڵی گەورەی کردەوە کە ئاوی ئەم ڕوبارانەی بەکار دەهێنا بۆ وەگەڕخستنیان. 
پاش تێپەڕبوونی تەنها دەساڵ لە پیادە کردنی  ئەم سیاسەتە هەم ڕێژەی ئاو لەو دەریایەدا لە سەدا بیست و پێنچ دابەزی هەم کوالیتی ئاوەکە بە تەواوی گۆڕا لە بەر ئەوەی ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر قڕکەرە کیمیاییەکان و پەینی کیمیایی زۆر بەکار دەهات لە ئەنجامی چالاکی کشتوکاڵیدا و بەدەرلەمەش ئاوەڕۆی کارگەکان دەڕژایەوە ناو ڕوبارەکان بە جۆرێک ئاوی تەواوی دەریاکە پیس بوو، لە ئەنجامی ئەم جەنجاڵیەدا  ساڵ بە ساڵ هەم هەمەچەشنی زیندەوەران لە دەریاکەدا  ڕوو لە کەم بوون دەبوو هەم ڕێژەی ئاوەکە دەهاتە خوارەوە ،  تا کار گەشتە ئەوەی بە هۆی فشارەکانی گۆڕانی کەش و هەواو زۆر بوونی پیشەسازی لەبەر دەم ڕوبارەکاندا ، حوکومەتی ئەوکاتەی یەکێتی سۆڤیەت ڕێرەوی تەواوی ڕوبارەکانی گۆڕی بۆ بەکاربردن لە پیشەسازیدا ، بەجۆرێک دوای نەمانی یەکێتیەکە و لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا ئاستی دەریاکە لەسەدا حەفتاوپێنچ دابەزی ، بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئەو حوکومەتەوە تەمەنی درێژی ئەو دەریا گەورەیە تا ساڵی ٢٠٠٩ هات و تەواوی ناوچەکە بوو بە بیابانێکی سپی پۆش بە خوێ ، نەک هەر گیانەوەر ئێستا ڕووەکیش لەو ناوچانەدا ناژی ئەویش لەبەر لەدەست دانی بە پیتی خاکی ئەو ناوچانەوە چونکە  ڕۆژانە زیاتر لە دووسەد هەزار تەن خوێ و لم بە هۆی هێزی باوە پەرش دەبێتەوە بە زەویەکشتوکاڵیەکانی  دەوروبەری دەریاکەداو  لە ئەنجامدا خاکە کشتوکاڵیەکان بە پیتی و زیندوویەتی لە دەست دەدەن نەک پەموو دڕکیشی لێناڕوێت بۆ حوشترەکانیان.  بێ پلان دەست درایە ئەم پڕۆژەیە ، لە کۆتاییدا هەم پیشەسازیەکەی لەدەستدا هەم ئەو دەریا گەورەو گرنگە بوویە بیابان ! 
گۆڕینی ڕێڕەوی  ڕوبارەکان کارەساتی گەورەی لەم شێوەی لێدەکەوێتەوە . چەند ساڵێکە ئێران کار لەسەر ڕوباری سیروان دەکات ، ئەوان زیاتر لە ئێمە لە کێشەکانی کەم ئاوی و کاریگەریەکانی گۆڕانی کەش و هەوا حاڵیبوون ، وڵاتەکەیان پشکی شێری بەرکەوتوە لە کاریگەریەکانی گەرمبوونی گۆی زەوی و لە هەندێک ناوچەیدا بە تەواوی وشکەساڵی تەنگی پێهەڵچنیوون .
لەم سۆنگەوە  بەنداوێکی دروست کردوە لەبەردەم  ڕوبارەکەدا بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەو ئاوانەی کە سنوور دەبەزێنن.  
   دروستکردنی بەنداو مافی هەر وڵاتێکە بۆ گلدانەوەی ئاو دروستی بکات  وەک هەنگاوێکی سەرەکی و کارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەم ئاوی و لێکەوتەکانی گۆڕانی کەش و هەواو ووشکەساڵی .  ئەوەی ئاسایی نیە ئەو ڕوبارە بپشکی کوردستانی بەسەرەوەیەو مافی گرتنەوەی ئاوی نیە بەو جۆرەی کە پلانی بۆداناوە ، هەندێک. ار ڕێژەی گرتنەوەی ڕوبارەکان لە وەرزی هاویندا بۆ سەدا سەد زیاد دەکان ، کورد گوتونی مریشکە کڕەی تیا بنێرەوە ! 
لەمەش خراپتر دوای بنیادنانی بەنداوی داریان  دەستیکردوە بە پلانە مەترسیدارەکە کە بە لێدانی تونێلێکە لەبەردەم دیواری  کۆتایی بەنداوەکەدا بە تەمای گواستنەوەی ئاوەکەیە لە ڕێی ئەو تونێلەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە ووشکەساڵی تەنگی پێهەڵچنیوون بەتایبەت باشووری ڕۆژئاوای ئێران .

ئەمکارە زەنگێکی ڕچڵەکێنەرە ، بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەو لادانی ڕێڕەوی ڕوباری سیروان دەریاچەی دەربەندیخان بە دەردی دەریای ئاڕڵ دەڕوات  ، پێشبینی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا هەمان چارەنوسی دەریای ئاڕڵ لای ئێمەش دووبارە بێتەوە، بۆیە لە جیاتی خواردنەوە ڕەنگە  نەوەی داهاتوو دەریاچەی دەربەندیخان بکەنە یاریگا !
ئێران هەمان پڕۆژەی لە ساڵی ٢٠١٧ لەسەر سەرچاوە بنەڕەتیەکانی دەریاچەی دووکان و زێی بچووک دروست کردووە لە ئێستادا لە جێبەجێکردن و کارکردندان .  بەنداوێکی لە گوندی کوڵەسەی سەر بە شاری سەردەشت دروست کردوە بە ناوی بەنداوی کوڵەسە کە زیاتر لە ١١٧ مەتر بەرزەو لە توانایدایە زیاتر  لە ٨٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆبکاتەوە ! ، ئەمە جگە دووسەدی ترو ژمارەیەک لە پۆند کە ئامانجی گلدانەوەی ئاوە لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە . ئەوەی مەترسیەکە گەورەتردەکات گۆڕینی ڕێڕەوی ڕوبارەکانە بۆ ناوچەکانی تر ، بۆ نموونە تونێلێکی دروست کردوە کە هەموو ئەو ئاوەی کە  لە پۆندو بەنداوەکانیەوە  بەریدەداتەوە بۆ زێی بچووک ، کە سەرچاوەیەکی گرنگی دەریاچەی دووکانە ،  دەیگوازێتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ کە ڕوبەڕوی کەم ئاویەکی زۆر بوەتەوە . ئەم ڕێڕەوگۆڕینەی سەرچاوە ئاویەکانی کوردستان کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئاوی زێی بچووک دروست کردوە بە جۆرێک هاوینان سەدا سەدی ئاوەکە دەگرێتەوە و سنوری بتوێن وپشدەر تەواو بێ ئاو دەکات و مەترسیەکی گەورە لەسەر  کشتوکاڵ و سامانی ماسی و ئاوی خواردنەوە لەو سنورەدا دروست دەبێت. 
مەسەلەی کەم ئاوی و گرتنەوەی ئاو بە ڕووی کوردستاندا بابەتێکی سەرپێی نیە ، پێویستە بکرێتە خەمێکی جدی و لەچەند لایەکەوە کاری لەسەربکرێت  ، ئەگەرنا کاریگەریەکانی کەم ئاوی هەموومان و نەوەی داهاتووش ڕوبەڕووی گرفتی گەورە  دەکاتەوە ، ئەم ژینگە سەوزو تەڕوپاراوە بە بیابان دەکات .


 

وتاری زیاتر