گۆڕانی کەش و هەوا لەتەمەنی ئێمەدا

لە لایەن د. كارزان عبدالله هەورامی02/09/2022

١-٣
گۆڕانی کەشوهەوا لە بنەڕەتدا دیاردەیەکی سروشتیە وپەیوەستە بە سروشت و کارو رەفتاری زەوی و مانگ و هەسارەکانی ترەوە هەم لە ئاستی کەش وهەوای لۆکاڵی کە پێی دەوترێت مایکرۆ کلایمەیت یان کەشوهەوای وڵاتان و کیشوەرەکان و تەنانات گۆی زەویش. ئەم دیاردەیە زەرورەتێکی حەتمیەو رودەدات وشوێن پەنجەی خۆی دیاریدەکات لەسەر رژێمەجیاوازەکانی ژینگە ، ئەم گۆرانکاریانە لە هەندێک شوێن ئەکرێت سودی هەبێت وەک ئەوەی کە ناوچەیەکی وشک یان نیمچە وشک تەڕو پاراو و باراناوی بکات یان بە پيچەوانەوە دەکرێت زیانی گەورە بە ژینگەو ژیان بگەیەنەت.لە لایەکی ترەوە گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لەوهۆکارانەی ڕەنگاوڕەنگی بەژیان دەبەخشێت. بۆنمونە ئەم دیاردەیە جیاوازی لە نێوان ژینگەی ناوچەکان، وڵات و کیشوەرەکاندا ا دروست دەکات ، لە ڕوی پێکهاتەو کەشوهەواو جوگرافی و تۆپۆگرافیەوە ، دواجار ژیان لەم ناوجەیەدا فۆرمێکی نوێ وەردەگرێت وژیانی زیندەوەران بەجۆرێک ڕێکدەخرێت کە بەتەواوی بگونجێت لە گەڵ هەمو پێکهاتە ژینگەیی و گۆرانەکانی کەشوهەوای ئەوناوچە یان کیشوەرەدا لەبەر ئەمەیە کە زیندەوەران بە ڕوەک و گیانەوەرانەوە سروشت و پێکهاتەو رەفتاریان بەتەواوی جیاوازە لەگەڵ زیندەوەران لە جاو مەکانێکی تردا.
تائێرە ئاساییە ، ئەوەی جێی تێڕامانە و ترس و دڵەراوکیی دروستکردوە و بوەتە مەترسی بۆ هەسارەکەمان ئەوەیە کە گۆرانکاریەکان بێ ئەندازە خێرا ڕودەدەن بە جۆرێک کاریگەری زۆر خراپ لەسەر ژینگەو ژیانی زیندەوەران بەجێدەهێڵن.
لەباری ئاساییدا ئەوەندە بە پلەبەندی گۆڕانکاری لە کەشوهەوای ناوچە یان وڵاتێک یان ژینگەیەکی جیاواز ڕودەدات کە بواردەدات زیندەوەرانیش لەگەڵ ئەوگۆرانکاریانە خۆیان بسازێنن هەر زیندەوەرەو بە میکانیزمێکی ئاڵۆزوتایبەت ئەم کارە دەکات ئەمەش کارێکی تەواو سروشتیەو لە لە توانای شاراوەی هەموزیندەوەراکاندا هایە دەتوانن خۆیان لەگەل گۆرانکاریاکانی ژینگەکەیان بگونجێنن و ئەکرێت بەتێپەربونی کات ئەمگۆڕانکاریانەش کەڵەکە ببن گۆڕانی گەورەو بنەرەتی لە زیندەوەرەکاندا دروستبکەن بە جۆرێک پاش تێپەربونی سەدان ساڵ هەرگیز لە باوانیان ناچنەوە!
لە ئێستادا گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا هێندە گەورەن هێندە خێران بەجۆرێک کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژینگە دەردەکەوێت و لە ماوەیەکی کەمدا گۆرانکاریەکە لە رژێمی ژینگەکەدا دروست دەبێت وەک گۆڕانی یەکێک لە پێکهاتەکانی ژینگە، ئاو ، هەوا، خاک ، کەمبونەوەی خۆراک یان نەمان لانەو شوێنی حەوانەوەو شێڵتەری زیندەوەران، بەم شێوەیە زیندەوەران بواری خۆگونجاندنیان بۆنامێنێتەوە ناتوانن شانبەشانی ئەوگۆرانکاریانە رێگاکە تەی بکەن لەم بارەدا زیندەوەرەکە هیچ چەنسێکی بۆ ژیان بۆنامێنێتەوە و لەناو دەچێت.
دروستبوونی ئەمجۆرە گۆرانکاریانە لە زیندەوەراندا هەڕەمەکی نیە ، ڕێوشوێن و میکانیزمی تایبەتی خۆی هەیە لە لەشی زیندەوەرەکاندا، کاتێک زیندەوەرێک روبەڕوی فشارێکی ژینگەیی دەبێتەوە لەوشوێنەدا کە لێی دەژی ، ئەم فشارە وەک هێزێکی نێگەتیڤ کاردەکاتە سەر زیندەوەرەکەو ئەویش کاردانەوەی تایبەتی دەبێت و دەکرەی بەرگەی فشارەکە بگرێت یان ئەشێت سەرکەوتونەبێت لە جوابدانەوەی فشارە دەرەکیەکان و زیندەوەرەکە لەناو بچێت ، مەرج نیە هەمو زیندەوەرێک بەرگەی هەموجۆرە فشارێک بگرێت ئەویش دەوەستێتە سەر توندی و ماوەی فشارەکەو خۆ ئامادەکردنی زیندەوەرەکان بۆ ئەوبارودۆخە نوێیە یان دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکی زیندەوەراندا چەند دانە زیندەوەرێک بتوانن وەڵامی ئەم فشارە بدەنەوەولە هەندێک باری تایبەتدا دەکرێت ئەم وەڵامە ببيتە خەسڵەتێکی نوێ لەم زیندەوەرانەداو لە وەچەیەکەوە بۆ وەچەیەکی تر بگوازرێتەوە ، ئەو زیندەوەرانەی ئەم چەنسەیان دەبێت بۆ جاری داهاتووبە هێزێکی ترەوە ڕوبەروی فشارە ژینگەیی و گۆڕانەکانی کەشوهەوا دەبنەوەوبەرگەیان دەگرن بەمەش دەوترێت خۆگونجاندن لە پێناو مانەوەدا.
ئەوەی ئێستا ڕودەدات بەتەواوی جیاوازە،ئەم گۆڕانکاریانەی ئێستا دەبینرێن گۆرانکاری سروشتی نین ، هەرگیز سروشت هێندە زۆردار نیە ، سروشت میهرەبانە ، سروشت یاسایەکی هەیە هەرگیز دژی خۆی کارناکات بە پێچەوانەوە هۆکاری تەمەندرێژی خۆیەتی، ئەوەی ئێستا ڕودەدات لە توێشویدا کۆڵێ کارەساتی بۆ مرۆڤ و ژینگەو ژیان هەڵگرتوە .گۆڕانکاری بەم شێوەیە هیچ رۆحلەبەرێک بەرگەیناگرێت ،نەک هەر ئەمە بەڵکو بوارنادات بیربکاتەوە بزانێت چ قوڕێکی خەستی بۆگیراوەتەوە….

وتاری زیاتر