ژینگە لەبەردەم شۆڕشی تەكنەلۆژیادا

لە لایەن د. كارزان عبدالله هەورامی17/08/2022

 

لەکۆتایی سەدەی هەژدەوە مرۆڤ جموجوڵی پیشەسازی دەست پێکرد ، لە بریتانیاوە سەرچاوەی گرت و هەمو وڵاتانی ئەوروپی تەنیەوە . یەکەمین جار ئینگلیزەکان ئامێری هەڵمیان دروست کرد ، دەنگدانەوەی زۆر گەورەی هەبوو ، بووە سەرچاوەی ووزە و بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنانی بەرزکردەوە ، جوڵەیەکی زۆر کەوتە ئابووری وڵاتانی ئەورووپی ، لە فەرەنسا کارگەی ڕستنو چنین دروست کرا و بڵاوبویەوە بە هەموو ئەوروپادا هەر ئەمە بوویە بنەما بۆ دروست کردنی ئامێرو ئالەت و کەرەستەجیاوازەکانی تر لە هەموو بوارەکاندا. پیشەسازی زەرورەتێکی حەتمی بوو گەشەی مێشکی مرۆڤ پەی پێبرد ، ئەبوایە ڕوویبدایە ، یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکیەکان زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان بوو ، ئەوەی بازووی کەسێک بەرهەمی دەهێنا بەس نەبوو بۆ بژێوی دانیشتوان ، بەشی نەدەکرد ئیتر خەریک بوو بەکار هێنان زۆر زیاتر دەبوو لەبەرهەم هێنان ئەمە ئەوەی کردە زەرورەتێک کە ئەبوایە وزەیەک بدۆزرێتەوە دەیان یان سەدان هێندەی بەرهەم بهێنایە کە دۆڵەی هەمو ماڵەکان پڕکات لە نان و مرۆڤ بێ شێو سەرنەنێتەوە.
هیومانستەکانی ڕێنسانس تەنگەتاوبوون بەم
پێشکەوتنە، هاوڕانەبوون ، ڕەخنەی جدیان لە فران بوونی ئەم شۆڕشەگرت و بە مۆتەکەیان زانی بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتوەو ئەمڕۆ یان سبەی باجەکەی دەدات . ئەوان باوەڕیان وابوو ڕاستە مرۆڤ بەرهەم هێنان زیاد دەکات بەڵام پاشەڕۆ دروست دەکات و زیان بە داهاتووی مرۆڤ و هەسارەکەمان دەگە یەنێت . ئەوان پێشبینی گەرەبوونی ئەم شۆڕشەیان دەکرد ، بەجۆرێک وای لێدێت مرۆڤ دەست لەکار دەکێشێتەوەو ئاسن دەکات بە جێگرەوەی خۆی لە بەرگی ئامێرێکداو ژیری دەکات بە بەریداو کار دەکات مرۆڤیش دەبێتە بوونەوەرێکی حازرخۆر .
پیشەسازی و تەکنەلۆجی ژیانی گۆڕی ، بنیادەم
پێینایە قۆناغێکی ترەوە ، ژیان ئاسان بوو دەرگای ڕەفاهیەت کرایەوە ئابووری وڵاتان بووژایەوە بەو ئومێدەی مرۆڤ خەیمەی خۆشبەختی هەڵبداو لە پەنایدا بحەسێتەوە بەڵام فریای چورتێک نەکەوت خەمێکی گەرەتر یەخەی پێگرت خەمێک هەرگیز بەخەیاڵیدا نەدەهات ، خەمی پیسبوون و لێکەوتەکانی ئەم شۆڕشە ڕێک ئەوەی کە پێشتر درابوو بە گوێیدا ، خەمی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی کەش و هەوا خەمی ئاسایشی ئاوو خۆراک ، هەروەک چۆن تەکنەلۆجی سەری بە هەموو کونو قوژبنو ماڵێکدا کرد بەهەمان جۆر هەموو ماڵێکیشی پڕکردلەم خەمە. ئەبێ مرۆڤ چیبکردایە ؟ دەستی لەم شۆڕشە بەردایە بۆ سەلامەتی ژینگەو ژیان ؟ یان وەک ئێستای بکردایە ؟
مرۆڤ چاری نەبوو هەر دەبوایە مێشکی وەگەڕبخستایەوە پەرەی بە بواری پیشەسازی بدایە ، کشتوکاڵ و پیشەسازی زادەی بیرکردنەوەن ، مرۆڤایەتیان گەیاندە قۆناغێکی پێشکەوتووی ژیان ، بۆ پەرەدان بە کشتوکاڵ و پیشەسازی لە بوارە جیاجیاکاندا تەکنەلۆجیامان پێویستبوو، پیشەسازی فراوانکرد ، خێرا و ئاسانی کرد ، ئەگەر دەستی بۆ نەبردایە ژیان زۆر ئەستەم دەبوو ، مرۆڤ نەدەیتوانی بژێوی خۆی دابین بکات نەیدەتوانی ڕوبەڕوی نەخۆشی و قەیرانەکان بوەستێتەوە داهاتووی ڕۆشن نەدەبوو . ئێستا مرۆڤ نەک هەر ناتوانێت دەست بەرداری ئەم شۆڕشە ببێت ، ناکرێت سنورداریشی بکات ، مرۆڤی تەوەزەل کردوە بە جۆرێک بۆ زۆرینەی زۆری ئەرکەکانمان چاوەڕێی ئامێرێکین بۆمان بکات ، لە کاشتکردنی تۆوێکەوە بیگرە تا دروست کردن و ئامادەکردنی خواردن ، لە دروستکردنی حەبێکەوە تا نەشتەرگەری ئۆنلاین لە دیزاینی مۆتۆر سکیلێکەوە تا جەیمس وێب ئەمانە ئەونمونانەن کە ژیانی ئێمە گرێدەدەن بە تەکنەلۆجیاوەو ناتوانین لەیەک داببڕێین . ئێستا کاتی ئەوە هاتووە مرۆڤ سوود لە خودی تەکنەلۆجیا وەرگرێت بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە ژینگەیی و تەندروستیەکانی پیشەسازی ، ناکرێت دەرهاویشتەی کارگەکان بکەینەوە سفر بەڵام دەکرێت کەمیان بکەینەوە تا نزمترین ئاست، دەکرێت ئەو پیسبوون و کاولکاریەی لە ئەنجامی ئەم پێشکەوتنە دێتە ئاراوە کەمتر بکرێتەوە ، ئەوەی دەمێنێتەوە چارەسەربکرێت بە جۆرێک درەنگ تر یان کەمتر کار لە ژینگەو تەندروستی بکات. گۆڕینی سەرچاوەی وزە لە سوتەمەنیەوە بۆ ووزەی سەوز چارەسەرکردنی پاشماوە گازو شل و ڕەقەکان زۆرینەی کێشەی پیسبوون لە دونیا چارەسەردەکات ، تەکنەلۆجیا چۆن ژیانو ژینگە وێران دەکات بەوجۆرە دەتوانێت چاکی بکاتەوە چۆن پاشماوە زۆر دەکات دەشتوانێت کەم و پاکی بکاتەوە ئەگەر بکرێتە خەمی جدی. هونەری مرۆڤبوون لێرەدایە کە پیشەسازی و تەکنەلۆجیا هەبن ، پەرەیان پێبدرێت هاوتەریب پیس بوون کەم بکرێتەوە و ژینگەو ژیان پارێزراوبێت.

وتاری زیاتر