ژیان لەبەردەم شەشەمین قڕکردن دایە !!

لە لایەن د. كارزان عبدالله هەورامی06/07/2022

ئەگەر لێیگەڕێین خۆی چۆن تێکی دەدات ئەوهاش ساڕێژی دەکاتەوە ، چۆن پیسی دەکات ئاوهاش دەیکاتە خەمی خۆی و پاکی دەکاتەوە، دەکرێت بوترێت هەم دەردەو هەم دەرمانیش ! سروشت زیان بەخۆی دەگەیەنێت ، خۆی دەکوژێت ، سەرچاوەی پیسبوونی گەورەیە ، لە کاولکاریە ژینگەییەکاندا ڕۆڵی خراپ دەگێڕێت ، هەندێک جار ئاگڕلەخۆی بەردەدات هەزاران هێکتار پرچی سەوزی خۆی دەکاتە قەرەبروو، یان لە هەندێک شوێندا ئەوەی پەنگی خواردوەتەوە لە ناخیدا ، لە ڕێی بورکانێکەوە دەیڕژێنێتە سەرزەوی و بە هەزاران تۆن ژەهر فرێدەداتە دەرەوە و ژینگە بەتەواوی ئاڵودە دەکات.
لە مێژووی زەویدا پێنج جار ژیان قڕی تێکەوتووە ، خراپترینیان ٢٥٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستابوە کە زیاتر لە ٪٩٦ ی ژیانی ئاوی و ٪٧٠ ژیانی وشکانی لەناو بردوە، هەندێکیان بە هۆی گۆڕانی کتوپڕی کەش و هەوا یان بورکانی گەورەوە بوە کە ڕێژەیەکی زۆری دوانۆکسیدی کاربۆن دەردراوەتە ناو هەواو ژیانی لەناوبردوە، بەڵام لە هەموو جارەکاندا هێزی سروشت زاڵ بوەتەوەو ژیان جارێکی تر چەکەرەی کردوەتەوەو ئاڵۆز و ئاڵۆزتر بوە .
سروشت هەرچەندە کاریگەری لەسەر ژینگەو ژیان توندتر بوبێت بەڵام بێخەم پاڵی نەداوەتەوە چارەسەری کردوە ، کاتێک سروشت ئاوێک پیس دەکات تەمیزی دەکاتەوە، بەیارمەتی یاسا بایلۆژی و فیزیایەکان ، داستانێک لەناو دەبات زۆرناخایەنێت ژیان دەکاتەوە بە بەریدا ،زۆر زیرەکانە چەندە قەبارەو توندی پیسبوونەکە زۆر بێت هێندەش کوالیتی موعالەجەکە بەرزتردەکاتەوە تا دەرەقەتی بێت و کاریگەری پیسبوونەکە نەهێڵێت بەجۆرێک پاشماوەی وێرانکاریەکە دەسڕێتەوە یان خەسڵەتی پیسکەرەکانی دەگۆڕێت بە جۆرێک کاریگەریان لەسەر ژینگە و زیندەوەران زۆر کەم دەکاتەوە.
سروشت کاری خۆی زۆرجوان ڕێکخستوە ، ئەوەی سەری لێتێکداوە مرۆڤە ، ئەوەی باری لارکردوە ئێمەین ئەویش لەوکاتەوە کە زهنمان گەشەی کردو پێیان ووتین مرۆڤی ژیر ! ئەم ژیریە بویە سەربار بۆ سروشت ، بەرهەمی ئەم ژیریە سروشی شەکەت کرد ، ئەوەی عەقڵ و زهنی مرۆڤ هێنایە کایەوە هێزو توانای لە سروشت و ژینگەو ژیان بڕی وچەماندیەوە.
دەیان ساڵ تەقەڵای سروشت دەرەقەتی حەل کردنی پارچەیەک پلاستیک نایەت ، سەدان ساڵ ماندووبونی سروشت ، قتویەکی خۆراک و شوشەیەکی کۆلا ناگەڕێنێتەوە سەر پێکهاتە سەرەتاییەکانی ! ئەو بەردەی ئەم مەخلوقە ژیرە فرەیداوەتە ناو کانی ژیان بە هەزاران فەلسەفەی سروشت دەرنایەتەوە.
ئێستا ئیتر شتێک نەماوە بە ناوی ڕۆلی سروشت بە تەواوی دەستی لێ شۆردوەو ڕادەستی مرۆڤی کردوە ، چارەنوسی سروشت لەدەسی ئەمدایە ، هیچ مانایەک بۆ سروشت نەماوەتەوە ، هیچ شتێک نابینرێت سروشتی بێت ، ئێستا چەمکەکە گۆڕاوەو مرۆڤکردە! ئەوەی دەیبینی ، ئەوەی دەخورێ ئەوەی ڕودەدات هەمووی لە ئەستۆی مرۆڤدایە جێدەستی خۆیەتی .
ئەوەی مرۆڤ پیسی دەکات و ئەوەی دەیڕێژێتە دەرەوە هیچ هێزێک پێی ناوێرێت و پاک ناکرێتەوە، جوڵەی پیسکەرە مرۆڤکردەکان خێران ، کاریگەریان توندەو کوشندەن ، ئەوەی کە بەسەریاندا دێت ئەوەیە کە لە شوێنێکەوە دەچنە شوێنێکی تر ، لە ناوەندێکەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندێکی تر ، لە خاکەوە بۆ ئاو، لەوێوە بۆ ناو خۆراک و پاشان بۆ مرۆڤ و جارێکی تر بۆ خاک و ئاو هەوا.
ژیان لەسەر زەوی لەبەردەم شەشەمین قرکردندایە ، بەڵام ئەمجارەیان نە هێزێک بوونی هەیە بۆ دروست کردنەوەی و نە توانایەک دەخرێتەگەڕ بۆ دەرکەوتنەوەی و نە ئیرادەیەیەک هەیە بۆ گەڕانەوەی و نە مەخلوقە ژیرەکەش لە گۆڕێدایە تا مشورێکی بخوات!
لە ئەکاونتی تایبەتی (پ.ی.د. کارزان عبداللە)ەوە وەرگیراوە.

وتاری زیاتر