قەوارەیەك کە لە پێناو بەرژەوەندی خۆتان لاوازتانکرد

لە لایەن محمد حەكیم19/02/2023

کێ ھەیە شکستی پێ خۆشبێ؟ چ کوردێك حەزناکات دەوڵەتی هەبێ و کێ پێی خۆشە بێگانە حوکمی بکات!؟
دەگێرنەوە خاتوو عائیشە دایکی دوا میری غەرناتە لە ئەندەلوس کە ناوی "ئەبو عەبدوڵای بچوک" بووە و پاش ئەوەی لەبەر کێشەی ناوخۆیی مێرنشینەکانی ئەندەلوس و ھاوپەیمانیان لەگەڵ خاچپەرستان بۆ دژایەتیی یەکتر و سەرقاڵبونی خەڵکەکەشیان بە گۆرانی و سەماوە، ھەموو خاکەکەیان لەدەستداوە و تەنھا غەرناتە مایەوە و دواجار "ئەبو عەبدوڵای بچوک" ئەویشی تەسلیم کرد، پاش کێشەی لەگەڵ باوک و مامی.
دەلێن کە غەرناتە جێ دەھێلێت لە دەرەوە و لەسەر بەرزایەکەوە سەیرێکی موڵکەکانی دەکات و ئاخێک ھەڵدەکێشێت و دەگری، لەو کاتەدا دایکی دێت و پێیدەڵێت "مەگری وەک ئافرەت بۆ موڵکێک نەتوانی وەک پیاو بیپارێزیت"
ئەم دەقە راستیش نەبێت، ماناکەی راستە بۆ ئەو سەردەمەی میرەکان ئەندەلوسیان جێھێشت و موسڵمانانیان زەلیل کرد.
بۆیە ئومێد دەکەم کاربەدستانی ھەرێم عەقلێک لە مێژووی کورد و گەلان وەرگرن و فریا بکەون و رێگەی دڵخۆشکردنی جەماوەر بگرنە بەر، لە جیاتی نائومێدکردنیان بەرەو ئاڕاستەی خۆزگە بخوازن ئەم قەوارە نەمێنێ و بەغدا حوکمیان بکات، با لە خۆیان بپرسن بۆ ئەو جەماوەرە بەوە گەشتوە؟!
ئێستاش نەچوە بچێ، فەرمون پێش لە دەستدانی ئەزمون و بەرھەمی خوێنی سەدان ھەزار ڕۆڵەی ئەم گەلە ھەنگاو بنێن وەکو پیاو قەوارەکە بپارێزن، بە دڵنیاییەوە بە نەمانی زەرەرمەندی یەکەم ئێوەن!
محەمەد حەكیم وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری

وتاری زیاتر