کورد لەوپەڕی پەرتەوازەییدایە و بە ئێستایشەوە سەرقاڵی شکاندنی ملی یەکدین
دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ، کە ڕووفاتی نزیکەی ١٥٠ ژن و منداڵی کوردی تێدایە زامی ساڕێژنەبووی پڕۆسەی «بەناو ئەنفال»ی جارێکیتر خستەوە بەرچاوی جیهان و پێی وتین ئازاری ئێمەی کوردی ئەنفالکراو هیچ کاتێک ساڕێژ نابێت و، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمیش کەمتەرخەم بوون بەرامبەر بەم ئازارە سەختە و، گەڕاندنەوەی ڕووفاتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان.
لە دۆخێکدا کە کورد لەوپەڕی پەرتەوازەییدایە و بە ئێستایشەوە سەرقاڵی شکاندنی ملی یەکدین، لە بری پێکەوە بوون و پێشکەشکردنی نمونەیەکی باشی حکومڕانی و دابینیکردنی شایستەی مانگانەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و مووچەخۆرانی کوردستان، بە داخەوە لە خەمی چنگخستنی پۆست و بەرژەوەندیە مادی و حیزبیەکاندا بوون و نەیانتوانیوە ڕاستگۆیانەو دڵسۆزانە نوێنەرایەتی خوێنی شەهیدان و مەینەتییەکانی خەڵكدابن لە بەغداد و ڕۆژ بەڕۆژ ئازارەکانی خەڵکیش زیاتر دەبن.