هاوکێشە ئاڵۆزەکانی سەردەم و ئەرکی ئیسلامیيەکان .
سەردەمی پڕ لە ململانێی زڵهێزەکانەو چەقی ململانێیەکانیش رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو رۆژ بە رۆژ ناوچەکە گرژی و ململانێی زیاتر بە خۆیەوە ئەبینێت و جۆگەلەی خوێن لە چەند شوێنێکی ناوچەکە رێرەوی وەرگرتوەو ئەستەمە وشک بکات، لە هەندێک جێگەش بە زەقی دیارە کە بەرژوەندی لایەنەکانی ململانێ ئاشتی بەرقەرار ئەکات، یان شەر هەڵئەگیرسێنێت و ئەمەش بە ئاشکرا لە سوریا بەرجەستەیە، بۆیە ئەبێت لەو گۆشە نیگایەوە بڕوانینە پەرەسەندنەکانی ئەم چەند رۆژەی دواییە بە دڵنییایەوە یان شانۆگەرییەکی هەندێک لایەنی ململانێیەکانن، یاخود هەڵەی دەوڵەتێکی پشت هێزە جوڵاوەکانە و لە ئەنجامیشدا زەرەری زیاتر روو لە ناوچەکەو دانیشتوانەکەی ئەکات، لێرەشەوە و لەبەر ئەوەی ئیسلامیی و جوڵە ئیسلامییەکان ناوئەهێنرێن لە رووداوەکانی ئەم دواییە و من بە پێی ئەزمونی چەند ساڵەم و خوێندنەوەم بۆ هاوکێشە سیاسییەکان ئەڵێم ئەرکی هەموو رەوت و بزووتنەوە ئیسلامییەکانە کە کاری ئیسلامیی و موسڵمانان و گەنجەکانیان لەم ململانیانە بپارێزن و ئەکرێت بۆ پاراستنی گیانی موسلمانان خۆیان بگونجێنن لەگەڵ هاوكێشەکان، بەڵام ئەبێت سەدجار وریابن و خۆدوربگرن لە بە فیرۆدانی خوێنی گەنجەکان و نەیانکەنە سوتەمەنی ئاگری هاوکێشەکانی ناوچەکەو بەرژوەندی وڵاتانی ئیقلیمی و هیچ وڵاتێک شک نابەم بەرنامەو سیاسەتی شایەن بەوە بێت خوێنی یەک گەنجی موسڵمانی لە پێناودا بۆ بڕێژرێت.
تکاشم وایە لە هەموو موسڵمانێک زوو بە رووخساری دەرەکی پێشهات و گۆرانکارییەکان دڵخۆش نەبێت و چاوەڕێی کۆتایی بکات و رەچاوی حەقیقەتی روداوەکان بکات و سۆزدارانە تێ نەکەوێت!