ئێوە ڕەخنەیەكمان قەبوڵ نەكەن؛ ئێمە بۆ ئەو هەموو ستەمەتان قەبوڵ بكەین؟

لە لایەن محمد حەكیم20/07/2022

محەمەد حەکیم
وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
ئەم دەسەڵاتە، بە تایبەت پارتی، ڕەخنەكانی سەرۆكی كۆمەڵ یان سەركردە و پەرلەمانتارەكانی، بە تەشهیر و هەڵچونێكی سەیرەوە لە لایەن سەركردە و سوپا سێبەرەكەی لە نێو راگەیاندن و سۆشیال میدیا وەڵام دەداتەوە.
لێرەدا حەقی خۆیەتی پرسیارێك بكرێت، ئایا دەسەڵات وە بە تایبەت پارتی، بۆ بەم تەشهیر و هەڵچونەوە وەڵامی سەرۆكی كۆمەڵ دەداتەوە؟ لەكاتێكدا هەمان پەرچەکرداری نییە بەرامبەر بە لێدوانی سەرۆك و سەركردە و پەرلەمانتارانی حزبەكانی دیكە..
لە لایەكی ترەوە ئێوە كە ڕەخنەیەكی حەقتان قەبوڵ نەبێت؛ بۆ ناپرسن ئەی ئەم حزبە ئەم هەموو ستەمەی ئێوەی بۆ قەبوڵ بێ ! چونكە ئەو نەهامەتییەی ئێستا میللەتی تێدایە بەدەست ستەمی حوكمڕانی ئێوەوە، كۆمەڵ بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی دەزانێت وەكو حزبێكی سیاسی داكۆكی لە مافی میللەت بكات و ، ڕەخنە لە دەسەڵاتیش بگرێ و میللەتیش چاوڕێی زیاتر لە کۆمەڵ ولایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەکات وبەمەی ئێستایان رازی نییە .
ئایا لەخۆتان نەپرسیوە چەند ستەمتان لەم حزبە (كۆمەڵ) كرد، هەر لە ناو دەسەڵاتی كوردیەوە نەبوو هاوكار بوون لە موشەكبارانكردنی بنكە و بارەگاكانمان لە لایەن ئەمریكاوە كە بووە هۆی شەهیدبوونی ٤٧ پێشمەرگەمان و برینداربوونی دەیانی تر، دواتر دەستگیركردن و راوەدونانی ئەندامانمان، وە پاشان هەر لەژێر دەسەڵاتی ئێوە و حوكمڕانی ئێوە نەبوو ئەمیری كۆمەڵ دەستگیر كرا؟ وە هەر ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی ئێوە نەبوو ئەندام و كادیرانی كۆمەڵ دەستگیر دەكردو ودەیکات و ئەشكەنجەی دەدان، وە هەر ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵ ـە كە لە زۆر ماف لەم ھەرێمە بێ بەشن لەبەر ئەوەی پشتگیری لق و مەڵبەندەكانی ھەردوو حزبی دەسەڵاتیان نییە، هەر ئێوە نەبوون لە مێژووی پەرلەمانی كوردستان تەنها متمانەتان لە پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ وەرگرتەوە، نازانم بۆ هەست بە ستەمەكانی خۆتان بەرانبەر بە میللەت بە گشتیی و كۆمەڵ بەتایبەت ناكەن كاتێك وەڵامی لێدوانێكی كۆمەڵ دەدەنەوە؟
سەیر لەوەدایە ستەم و فەشەلەكانتان بە پاڵەوانێتی و دەستكەوت بە میللەت و ئێمە دەفرۆشنەوە.

وتاری زیاتر