ئاڵای سپی هەڵنەکرا

لە لایەن محمد حەكیم18/01/2025

ئاڵای سپی هەڵنەکرا
دواجار شەڕ راوەستاو ئاڵای سپی پاش ٤٦٧ ڕۆژ هەڵنەکرا، نە گەلی فەلەستین و نە خەباتکارانیش، ملکەچی داواو چاوەروانییەکانی دوژمن نەبوون و تەسلیم نەبوون و لە ناو نەچون.
تەلئەبیب بە پشتیوانی ئەمریکاو ئەوروپاو زۆربەی وڵاتانی دونیا وا ١٥ مانگه ٤٦٧٠٧ هاوڵاتی فەلەستینی شەهیدکردووە، که ١٧٨٤١ منداڵن، وێڕای وێرانکردن و خاپورکردن و نەهێشتنی ئاوەدانی و دەرفەتی ژیان بۆ ئەوانەی ماون، بەڵام بە ڕاستی خەڵکی غەززە گەلێکی مەزنن، هەڵگری پەیامن و ئەو گەلە ئارامگرە ورە بەرزە پشت بەستوو بە خوای گەورە هەر سەردەکەوێت، با پاش میحنەت و ناڕەحەتیش بێت، هەقە گەلانی تر لەمانەوە فێری خۆڕاگری و بەرخودان بن تا بە ئاوات بگەن.
بەڵگەنەویستیشە خەباتگێران بە قارەمانێتییان، وانەی وایان پێشکەشکردووە، کە کۆلێژو ناوەندە سەربازییەکان لێیانەوە فێربن، چۆن بۆ داکۆکی لە مافە ڕەواکانی میللەت بەرەنگاری زلهێزو جبەخانەو یەکێک لە سوپا پێشکەوتووەکانی جیهان دەبنەوە و بەرانبەریان ٤٦٧ ڕۆژ خۆراگرن و ئاڵای سپی هەڵنەکەن و ئەو مەرجانەی ڕۆژانی سەرەتا هەیانبوو، پاش ١٥ مانگ پاشەکشێ نەکەن و مەرجی خۆیان بچەسپێنن، کە پاشەکشێی تەواوی سوپای داگیرکەرەو راگرتنی بەردوامیی شەڕو گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بە ئازادی و سەربەرزییەوەو ئاڵوگۆری دیلەکان و کردنەوەی دەروازەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان، ئەمانە دوژمن ناچار پاش ئەوەی بە درێژایی ئەو ماوەیە سەدان جار لێدوانیدا کە بە غەیری لە ناوچون و تەسلیم بوونی جەنگاوران قایل نابین و ناکشێینەوە تاکو کار گەشتە ئەوەی لە ناو ئەمریکاوە هاوار هەستێت ”با ناتانیاهۆ راگرین” تاکو خراپتر رووی نەداوە.
پیڕۆزە ئەم سەرکەوتنە لە هەموو ئەوانەی بە نزاو لە دڵیشەوە هاوسۆزی گەلی ستەملێکراو بوون، لە مسوڵمان و غەیرە مسوڵمان و نەفرەت لەوانەشی پشتیوان بوون لە داگیرکەر بە هێز بە سیاسەت بە راگەیاندن، گەر لە دڵیشەوە بووبێت، داخیش بۆ ئەو مسوڵمانەی کە ڕەخنەی گرت و تۆمەتی بەخشیەوەو لەو ناڕەحتیانە دانشتبوو بە قسەکانی دڵی ناحەزو عەلمانییەکانی خۆش دەکرد.
کاردانەوەی وەحشیگەرانەو کوشتن و کوشتاری ڕۆژانەی ژن و منداڵ و دیمەنە ناخهەژێنەکانی ٤٦٧ ڕۆژ هیچ کاتی بۆ ئەوە نەهێشتبوو کە هەڵسەنگاندن بۆ باشی و خراپی گەردەلولی ئەقسا بکەیت، بەڵام دەبێ ئەوە بزانرێت ئەو میللەتە خاک داگیرکراو سێیەم پیرۆزترین مزگەوتی بەدیلگیراو گەلی ئابڵوقەدراو هیچ دەرفەتی بۆ نەمابوو، غەیری ئەوەی چی پێ دەکرێت بیکات و لوتی داگیرکەر بشکێنێ و بەڵێنی خوایان بۆ جێبەجێ بێت و هەنگاوێک بنێن بەرەو رزگاری یەکجاری، ئەبێت هەموو ناحەزو عەلمانییەک بزانێت ئێمەی موسڵمان واجبە لەسەرمان هاوسۆز و هاوکارو پشتێوان بین، چونکە یەکەم قیبلەو سێیەم پیرۆزترین مزگەوتمان داگیرکراوەو ئامانەتی ئیمامی عومەرو باپیرە گەورەمان سەلاحەدینەو، دەبێت لە یادمان بێ سەریبخەین بە گیان و ماڵ، یان هەر نەبێت بە نزاو دڵ.
خوا سەرخەرو خاوەن فەزڵەو ئەوەشی هەبووە هی ئەوەو خوا سەرکەوتن بە هەموو مسوڵمانان ببەخشێت و گەلی کوردیش سەرکەوتوو بکات بە رێگەی ئیسلام بە مافەکانی بگات.
ن.محمد حەکیم-وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی

وتاری زیاتر