ئاستەنگەکانی بەردەم داهاتووی عێراق

لە لایەن عوسمان گوڵپی30/11/2024

ئاستەنگەکانی بەردەم داهاتووی عێراق
بەرلەوەی باس لە داهاتووی عێراق بکەین دەبێت ئەوە بڵێین کە عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە چەندین قۆناغی سەختدا تێپەڕیوە و ئەکرێ ئێستا بە باشترین قۆناغ بزانین لە ڕووی ئەمنی و سیاسی و گەشەی ئابوریەوە، بەڵام ئەم بەراوردە بە ڕابردووی خۆی نەك دەوڵەتێکی سەقامگیری ڕاوەستاو لەسەر ڕێڕەوی گۆڕانکاری و گەشە.
گەر بە وردی سەرنجی دۆخی عێراق بدەین لەوە تێدەگەین کە لە پشت بەرەوپێش چونی دۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابوری عێراقەوە چەندین ئاستەنگی و گرفتی گەورەی چارەسەر نەکراو یان پەردە پۆش کراو بوونی هەیە و دەکرێت لە هەر کاتێکدا ئەم وڵاتە لە ڕێڕەوی بەرەو پێش چوون لابدەن و بیگەڕێننەوە بۆ دواوە، چونکە ژمارە و قەبارەی گرفتەکانی بەردەم هاتووی ئەم وڵاتە هێندە گەورەن کە بە هاتنە پێشەوەی هەر یەکێکیان گەر عێراق بۆ دواوە نەگەڕێنێتەوە ئەوا بێگومان ڕایدەگرێت.
ئاستەنگیەکانی بەردەم داهاتووی عێراق
نەوت- عێراق لە ڕیزبەندی پێشەوەی وڵاتانی خاوەن نەوتە چ لە ڕووی دەرهێنانەوە و چ لە ڕووی بوونی یەدەکی نەوتەوە، ئەمەش وایکردوە کە فەلسەفەی ئابوری عێراق زۆر ئاڵۆز نەبێت و بە سادەیی بڵێین عێراق نەوت دەفرۆشێت و بە پارەکەی وڵاتەکەی بەڕێوە دەبات(کاتێك باسی عێراق دەکەین وەك یەك پاکێج بە هەرێمی کوردستانیشەوە)، ئەمەش هیچ فەلسەفەیەکی ئابوریانەی تێدا نیە، بەلکو ئەم مامەڵەیەی عێراق لەگەڵ سامانەکەیدا کردویەتی مامەڵەیەکی ناتەندروستی ڕووخێنەرە نەك بنیادنەر، دەکرێت لە تێڕوانینێکی مەودا کورتدا ئابوریەکە بە جێگیرو سەرکەوتوو بزانین بەڵام بە تێڕوانینێکی ستراتیژیانەی دوور مەودا لە ئابوری عێراق بڕوانین زۆر ئاسان لەو مامەڵە خراپە تێدەگەین کە دەسەڵاتدارانی عێراق لەگەڵ سامانی نەوتدا کردویانە کە چەند کورتبینانە ئیدارەی ئابوری وڵاتیانداوە و کۆڵەکەی ڕاگرتنی ئابوری عێراقیان وابەستەی نەوت هێشتۆتەوە، بەبێ بونی هیچ شەریکیەکی داهاتەکانیتر بۆ ئەوەی لە ئەگەری هاتنە پێشی گرفت بۆ کەرتی نەوت کەرتەکانیتر پاڵپشتی ئابوریەکەی بن، چونکە وڵاتی تاك سەرچاوەی نەوت هەمیشە لە بەردەم مەترسی دابەزینی نرخ و سنوردارکردنی فرۆشتن و ئاستەنگی ناردنەدەرەوەدایە و لە ئەگەری هەر پێشهات و گرفتێك بۆ فرۆشتن و دەرهێنانی نەوتی عێراق ئەوا ئابوریەکەی لە باشترین حاڵەتدا بەرگەی دووساڵ جێگیری دەگرێت.
گەندەڵی- گەورەترین مەترسی لەسەر ئابوری وڵات گەندەڵیە، بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵدایە و ڕۆژ بە رۆژ قەبارەی گەندەڵیەکە گەورەتر و کەڵەکەتر دەبێت، بە جۆرێك کە دامەزراوە حکومیەکانی ڕووبەروو بوونەوەی گەندەڵی توانای چارەسەرکردنی دۆخەکەیان نیە و تۆڕەکەیان تەنها ماسیە بچوکەکان دەگرێت لە کاتێکدا گەندەڵی گەورە لای ئەو بەرپرسانەن کە لەسەروو یاساوەن لە عێراقدا کە هیچ دامەزراوە و یاسایەك توانای مامەڵەکردنی نیە لەگەڵیان، تەنها لەو کاتانەدا نەبێت کە کارتی سیاسی بەرامبەریان بەکار دەهێنرێت، بە سەرنج دان لە قەبارەی فرۆشتنی نەوت و بودجەی ساڵانەی عێراق ئەوا دەبینین ئەم قەبارە گەورەیەی بودجەی عێراق، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری وڵات و گەشەکردنی خزمەتگوزاریەکانی بەرهەم نەهێناوە، لە کاتێکدا داهاتی زەبەلاحی عێراق لە ئاست گەشەکردنێکی خێرای وڵاتە نەك ولاتێك تا ئێستاش بەدەست کەمی خزمەتگوزاریەکانەوە بناڵێنێت و رێژەی هەژاری و بێکاری دەستی کار ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبونەوەدا بێت، ئەمەش لێکەوتەی گەورەیی قەبارەی گەندەڵیە، کە مەترسیەکی جدیە لەسەر داهاتووی عێراق
ئەمنی و سیاسی - سەروەری خاکی عێراق یەکێك بوە لە پرسە زیندوەکانی کابینە یەك لە دوایی یەکەکانی عێراق، ئەمەش پێماندەلێت عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەری نیە، ج ڵە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئەمنیەوە، بە جۆرێك بەشێکی گەورەی هێزە عێراقیەکان ئەوەندەی وابەستەییان بۆ دەرەوەی عێراق هەیە ئەوەندە لە ژێر فەرمانی حکومەتی عێراقیدا نین، واتە جێگیری و ناجێگیری ئەمنیەتی عێراق لەدەرەوەی خۆی کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەمەش وایکردوە بە بێ خواستی خۆی عێراق ببێتە بەشێك لەو ململانێ ناوچەییانەی کە هەیە، ئەمەش مەترسی عێراق لە تێوەگلانی لە گرژیە ئەمنیەکان زیاتر دەکات، چونکە وادەکات کە عێراق وێڕای ئەوەی دەبێت سنورەکانی بپارێزێ، هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بێت ئەو گروپە چەکداریە بەهێزانەی لە عێراقدا هەن و فەرمان لەدەرەوە وەردەگرن هەنگاوێك هەڵنەگرن کە دەرگای دۆزەخ بە ڕووی عێراقدا بکاتەوە، واتە عێراق دەبێت هاوشان لەگەڵ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیەکانیتر ڕووبەرووی ئەو مەترسیانەش ببێتەوە کە لە نێو خۆیدا هەن یان دەبێت تەسلیمی ئیرادەیان ببێت، بۆیە بوونی هێز لە نێو خۆی وابەستە بەدەرەوە گەورەترین مەترسیە لەسەر دۆخی ئەمنی عێراق و دەکرێت لە هەر کاتێكدا بێت وڵات ڕووبەڕووی شەڕێکی بەوەکالەت بکاتەوە.

ناکۆکیە سیاسیەکان، یەکێکیترن لە مەترسیە نێوخۆییەکانی عێراق کە وایکردوە وڵات لە ڕووی سیاسیەوە جێگیر نەبێت، تێکەڵبون و وابەستەبونی ململانێ سیاسیەکانی نێوخۆیە بە دەرەوەی عێراق، ئەگەرچی عێراق تاڕادەیەکی باش توانیویەتی پابەندی وادەی هەڵبژاردن بێت بەڵام هەمیشە گرفتەکانی لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە دروست دەبن بەهۆی ئەو ناکۆکیە سیاسیانەوە کە لە نێو هێزەکاندا هەن و وابەستەن بە ئاراستەی سیاسی ناوچەییەوە، واتە ململانێکە لە نێو خۆییەوە گۆڕاوە بۆ ململانێ و سیاسەتی بەوەکالەتی ناوچەیی، بەهێزی و لاوازی وڵاتانی دەوروبەر کاریگەریان لەسەر تێکدانی هاوسەنگی نێو خۆیش هەیە، لە دوای کۆتایهاتنی شەڕی داعشەوە پارسەنگی هێز بەلای ئەو هێزانەدا کەوتوە کە بەجۆرێك لە جۆرەکان وابەستەی سیاسەتی تارانن لە عێراق، بە پێچەوانەوە ئەو هێزانەی نەیاری سیاسەتی تاران بوون تا ئاستی نەمان لاواز بوون، واتە ئەو هێزانەی جۆرێك وابەستەییان بە هاوپەیمانان و وڵاتانی تری ناوچەییەوە هەیە لە ژێر فشاری هێزە وابەستەییەکانی تاراندا بوون و هەر ئەوانیش ململانێکەیان بردۆتەوە، بەڵام ڕەنگە قۆناغی داهاتوو کۆتایی بەم ناهاوسەنگیە بێنێت و تاڕادەیەك ببیتە قۆناغی پاشەکشەی ئەو هێزانەی وابەستەی سیاسەتی تارانن و هاوسەنگیەك بگەڕێتەوە بۆ هێزە سیاسیەکان و ئەمەش وابەستەی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە لە ئەنجامی شەڕی سەر غەزە و لوبنان و گۆڕانکاریەکانی سوریەوە دێنە کایەوە، خودی ئەم لاسەنگی و هاوسەنگیە گرفتی گەورەیە بۆ داهاتووی عێراق و وادەکات ئەم وڵاتە بەتەواوی سیادەی خۆی لەدەست بدات و شتێك نەمێنێ بەناوی سەروەری عێراق چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی ئەمنی و چ ئابوریەوە، ئەمەش گەورەترین ئاستەنگ و گرفتی بەردەم عێراق دەبێت وەك وڵات.

وتاری زیاتر