پارتی لەگەڵ دیزاینەرەکە ڕێکدەکەوێت
تەنها چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (ئەو بانگەشەیەی کەدەستپێناکات)، تا ئێستا پارتی لەسەر بڕیاری خۆی سورە کە بەشداری هەڵبژاردنی دیزاینکراو ناکات و ناوی کاندیدەکانیشی پێشکەشی کۆمسیۆن نەکردوە، وە هەموو هەوڵیشی ئەوەیە کە هەڵبژاردن دوا بکەوێت بۆ کاتێکیتر کە بە قسەی خۆیان هەڵبژاردنەکە نەزیهبێت، کە لە ڕاستیدا ئەم شینە بۆ حسین نیە بەڵکو بۆ هەریسەکەیە.
پارتی بە تەنیشت هەموو دیدار و گفتوگۆ و هەوڵەکانیەوە یەک مەبەستی سەرەکی هەبوە، ئەویش ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە لە هەموو بڕیارەکانی عێراقدا
لە ئیستا پارتی توانیویەتی لە هەوڵەکانیدا لە پێکانی دوو ئامانج نزیك ببێتەوە
یەکەم/پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئێران تا ئاستێکی باش بەرز بکاتەوە، بە جۆرێک کە بگاتە گفتوگۆ و لێکتێگەشتن لەسەر زۆرلەو پرسانەی کە ئێرانی نیگەران کردوە، باشبونی پەیوەندیەکانی پارتی و ئێران و ڕەوینەوەی ئەو تەمومژە زۆرەی لە نێوانیانە کاریگەری لەسەر بڕیار و سیاسەتەکانی بەغداد هەیە بەرامبەر پارتی بە دادگای فیدراڵیشەوە.
دووەم/تەشەنوجەکانی لەگەڵ هێزە شیعیە کاریگەرەکانی عێراق خاو بکاتەوە و ژمارەی خاڵە ناکۆکەکانیش کەم بکاتەوە.
پارتی مەبەستیەتی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران بەجۆرێک ئاسایی بکاتەوە کەمتمانە بگێڕێتەوە بۆ نێوانیان و دڵنیایی بداتە ئێران، چونکە پارتی باش لەوە تێگەشتوە کە ئەوەی دیزاینی سیاسەتی عێراق دەکات ئێرانە، ئەوانیتر بە هێزەکانی هاوپەیمانانیشەوە لەسەر ئەو نەخشەیە سیاسەت دەکەن کە ئێران دەیکێشێت لە عێراقدا، جا بە هەر ئاراستەیەکی ئیجابی یان سلبی بێت، بۆیە هەموو هەوڵی پارتی ڕێککەوتنە لەگەڵ دیزاینەرەکە(ئێران) نەک خۆگونجاندن لەگەڵ دیزاینەکە، هێزە عیڕاقیەکان و ئێرانیەکانیش لەو باوەڕەدان کەئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداری هەر یەکێك لە پارتی و یەکێتی گرفتێکیتر دەخاتە سەر گرفتەکانی عێراق و ئەوانیش نایانەوێ دۆخەکە لەوە زیاتر تەشەنوجاوی ببێت، لێکەوتە سلبیەکانی دواخستنی هەڵبژاردنیش بۆ هەرێمە نەک عێراقیەکان، بۆیە کردنەوەی ئەو گرێیە بۆ ئەوان هێندە ئاڵۆز نیە، ئەو پێداگریەشیان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنی زۆرترین بەدەستهێنان بوو لە گفتوگۆکانیاندا نەك پێداگری لەسەر خودی هەڵبژاردن و پرسی دیموکراسی و دەنگی خەڵك.