ڕەگەز گۆڕین لەسەردەمی حکومڕانی قوباددا
لە بابەتی ڕەگەز گۆڕیندا بیرتان بۆ لای نێر و مێ نەچێت، بەڵکو ئەوەی لەوە مەترسیدارترە ئەو ڕەگەز گۆڕینەیە کە لە شاردا ڕوو دەدات.
تەنها کەمێك ورد ببنەوە لە پرسی زەوی و پرۆژەی بازرگانی و نیشتەجێ بوون، کە ماوەی چەند ساڵێکە لە پێشەنگی جوڵەکانە، ئاشنادەبیت بە وشەیەك یان ڕستەیەك کە بەو شێوازەی ئێستا هەیە شار وێران دەکات و دەیکاتە کاڵای بەرژەوەندیخوازی، بە جۆرێك کە دەکرێت ڕەگەزی هەموو شتێ بگۆڕن.
لە پڕ دوو تاوەری نیشتەجێکردن بە ئاسماندا دەچن و ناوێکیان لێ ناون و دەستیان بە فرۆشتن کردوە، کە بەدوایدا دەچیت و دەپرسی ئەم زەویە لە نەخشەدا خزمەتگوزاری بوو چۆن بوە نیشتەجێ بوون، یەکسەر پێت دەڵێن ڕەگەزەکەیان گۆڕیوە!، سەدان شوێن هەیە ڕەگەزەکەیان گۆراوە و لە بری بەرژەوەندی گشتی خراونەتە خزمەت بەرژەوەندی حیزب و کۆمپانیا و نوسینگەو ڕاوێژکارەکانیان!
ئەوەی دەیبینین زۆر ئاسان ڕەگەزی پارک دەگۆڕن بۆ نیشتەجێکردن یان بازرگانی، ڕەگەزی گەراج و قوتابخانە و دادگاو هەرچی بیانەوێ دەیگۆڕن، ڕەگەزی غابات دەگۆڕن بۆ شوقە و ڤێللا! ڕەگەزی دارستان و شاخ دەگۆڕن بۆ تاپۆی شەخسی، یان شوێنێکی نیشتەجێکردن مۆڵەتی چەن باڵەخانەیەکیان هەیە بەبێ ئەوەی لە نەخشەی مۆڵەت پێدراودا هیچ بازارێکی تێدابێت و بەدەستی دوو گەشتۆتە سەرمایەدار و دواتر ڕەگەزی بەشێکیان گۆریوە بۆ سەنتەری بازرگانی! چەندین دووکان ڕیز دەکەن وەك بەرهەمی ڕەگەز گۆڕین، ئێمە نەمانبینی یان نەمان بیستوە کە ڕەگەزی زەویەک لە بازرگانیەوە بگۆڕن بۆ باخچە و پارك یان قوتابخانە، ئەوەی هەیە ڕەگەزی هەمووشتێ ئەگۆڕن بۆ ئەو شتانەی وەك موگناتیس دەفتەرە دۆلار کۆدەکاتەوە.
لە هەموو قۆناغەکانی حکومڕانی کوردیدا گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە و موڵکی گشتی هەبوە چ لە هەولێر و ئیدارەی پارتی و چ یەکێتی بە ئێستاشەوە. بەڵام هیچ کات وەك ئەم چەند ساڵە کە قوباد تاڵەبانی بوەتە حاکمی یەکەمی ئیدارەی سەوز زەویەکانی سلێمانی تەخشان و پەخشان نەکراون، لە داهاتوودا وردەکاری زیاتر لە تاڵانکردنی زەوی دەخەینە ڕوو، کێ سودمەندە و پشکەکان چۆن دابەشکراون بە هەموو ئەو شوێنانەی ڕەگەز گۆڕینیان بۆ کراوە.
لە بەرامبەریشدا کاتێك پرسەکە دێتە سەر زەوی و ئیمتیازاتی وارسی شەهیدان شارەوانی دەڵێت زەوی پێویستمان نیە و وەك فڕێدان زەویەکانیان دەخەنە دەرەوەی ئاوەدانی شار.