🔷ئێرە گردەکەی گۆڕانە، گردێکی گەورە لە چەقی سلێمانیدا، ئەوکات مام جەلال کردیە دیاری بۆ نەوشیروان مستەفا و دواتر تاپۆ کرا، نەکاك نەوشیروان و نەکەسیتر نەیپرسی کاك نەوشیروان چۆن وەرگرتنی ئەم گردەت قبوڵ کرد لە مام جەلال و پێت نەوت ئەم خاکە تاپۆی تۆ نیە تاکو بە بڕیارێك بیدەی بەمن و ئەمە گەندەڵیە.
🔶باوکی هەژاران نەیوت ئاخر ئەم گردە موڵکی گشتیە و بەشێکە لە غاباتی شار بە چ یاسایەك دەکرێتە ماڵی من، خەڵكیش کوێر کرابوو بەوەی کە نەوشیروان مستەفا تا ئێستاش لە خانوی کرێی حکومیدا دەژی، خەڵك چاوی لە قەنەفە کۆنەکانی ماڵەوەیان و قاتە نیلیە سادەکەی بوو، کەچی کاك نەوشیروان بۆخۆی چاوی لەم گردە بووە و وەك چۆن ماڵی کۆسرەت ڕەسول چاویان لەسەر گردەکەی خۆیانە و ئەوانیتریش لە دەباشان.
🔷 لە ڕووی شوێنی جوگرافیشەوە گردەکەی گۆڕان گرنگترە تا دەباشان! لە کاتێکدا بەراورد ناکرێن، چونکە بە حساب گردەکە بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی دانرا دژی دەباشان.
🔶من نازانم جیاوازی چیە لە نێوان ئەو موڵکو ماڵەی قوباد تاڵەبانی و دەربازی کۆسرەت ڕەسول لە زۆنی سەوز هەیانە لەگەڵ موڵک و ماڵی بەرپرسانیتر، کەس نەیپرسی بۆ ئەبێ مەلا بەختیار گەندەڵ بێ بەلام ئەو کەسەی گردێك و سەدان ملیۆن دۆلار بۆ منداڵەکانی جێ ئەهێڵی چاکسازی خواز و ئەم یاسایە لەکوێوە هات، ئەوە لە زۆنی زەرد گەڕێ بەراورد ناکرێ و ئەمان هیچیان نیە لە چاو ئەواندا.
🔷من بەزەیم بە خۆمدا دێتەوە بەرلە خەڵك چەند ساویلکە خەڵەتێنراوین و باوەڕمان وابوو کە کوڕەکانی نەوشیروان جیاوازن لە کوڕەکانی کاک و مامەکانیتر، ئاخر ناکرێ نازناوی باوکی هەژارانت بە کەسێك دابێت کە خاوەنی کارگەی گەورە و موڵکی گەورە و ملیۆنان دۆلار بووبێ و هێشتا خۆت بە خەڵەتێنراو نەزانیت، ناکرێت سەرسامی کەسێکبی کە بەتەواوی ژیری خۆیەوە بۆ گرنگترین وەزارەت ڕێباز حەملانی کردبێتە دیاری پێنج سەد هەزار دەنگدەر بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و هێشتا خۆت بە خەڵەتێنراو نەزانی.
🔶 گۆڕان بە کەمترین کات زۆرترین بەرپرسی گەندەڵی پێشکەش کردین، لە گەڵ ڕێزم بۆ ژمارەیەك کەس کە دەکرێت بڵێین لە بەرپرسیارێتیدا گۆڕانخوازێکی باش و تاقیکراوەیەکی سەرکەوتوو بوون، وەك چۆن دەنگدەرانی گۆڕان هوشیارانە سزای ئەو حیزبەیاندا کە بەناوی گۆڕانکاری و دژایەتی گەندەڵیەوە هات و هیچی پێ نەبوو لە یەکێتی و پارتی جیاوازتربێت.
🔶لە کۆتایدا پێموایە دەبێت خەڵك ئەم گردە بە موڵکی خۆی بزانێ و چاوی لە تاپۆیەکی مۆرکراو نەبێت و هەر ڕۆژێ پێی ئەم دەسەڵاتە کەوتە لێژی و موڵکو ماڵی بەرپرسان گەرایەوە بۆ خەڵك، دەبێت گردەکەی گۆڕان و موڵک و مالی کوڕەکانی نەوشیروانیش وەك دەباشان و بینای مەکتەب سیاسی و خانوی پارێزگاری سلێمانی جاران و کە ئێستا لەگەڵ چەندین موڵکیتر لای دەرباز و شاڵاوی کۆسرەت ڕەسوڵن بە موڵکی گشتی حساب بکرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ خەڵك، تەواوی ئەو بڕیاری تاپۆکردنانە هەڵبوەشێنرێنەوە لەسەر بنەمای هەرشتێك لەسەر باتڵ بنیادنرا باتڵە.
🔷من دەزانم ئەو گردە ئێستا موڵکی کوڕەکانی نەوشیروان نەبوایە وەک سەدان زەویتر دەکرایە شوقە و هەندێك پێیان وایە لای کوڕەکانی ئەوبێ باشترە ئەوە نیە وەك خۆیەتی، بەڵام هیچ یاسایەك نیە ڕەوایەتی بداتە دزیەك بە پاساوی ئەوەی گەر من نەمدزیایە خەڵکیتر دەیدزی، دزی هەر دزیە با تۆ پارەکەشی بکەیت بەخێر.
#روون_میدیا