کەمپی هۆڵ .. هێلانە ترسناکەکە
کەمپی ھۆل، ئەو کەمپەی لە سوریا کۆی ھێز و ﻻیەنەکان و تەنانەت وﻵتانی جیھانیش لێی دەترسن و پێیان وایە وەکو بەرمیلە بارووت لە بەردەم سوریای نوێدا خۆی مەﻵس داوە و مەترسییە ببێتە خاڵی ھەستانەوەی داعش لە سووریا.
کەمپی ھۆل، دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە نزیک سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا، ناوی کەمپەکە پاش شکستە یەک لە دوای یەکەکەکانی داعش زیاتر بیسترا کاتێک ژن و منداڵەکانی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لەنێو ئەو کەمپە سوورییەدا جێگیرکران و پاش گەورەبوونیشی بووە مایەی مەترسی.
کەمپەکە بۆ یەکەمجار و لە کاتی جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ئاوارە عێراقییەکان دروستکرا، دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٣ دیسانەوە بۆ ئەو عێراقیانە کرایەوە کە لە جەنگی وﻵتانی ھاوپەیمانان و ڕژێمی سەدام حوسێن ئاوارەبووبوون، بەﻵم کەمپەکە کاتێک ناوبانگی پەیدا کرد کە پاش ساڵی ٢٠١٩ ژن و منداﻵنی داعشیان تێدا جێکردەوە، ھەروەھا ئەو عێراقی و سوری و بیانیانەش لە کەمپەکەدا نیشتەجێکران کە ئاوارەبووبوون.
لە ئێستادا کەمپەکە لەﻻیەن ھێزەکانی ھەسەدەوە دەپارێزرێت و ڕێکخراوە مرۆییەکان پاڵپشتی مرۆیی دەکەن، زیاتر لە ٦٠ ھەزار کەس لە کەمپی ھۆلدا نیشتەجێن کە خەڵکی ٤٢ وﻵتی جیان و وﻵتەکانیان ئامادەنین وەریانبگرنەوە، چونکە نیشتەجێکراوەکانی کەمپەکە بەشێکیان داعشن، بەشێکی دیکەشیان کاریگەربوون بە بیروبۆچوونی داعش ئەمەش وﻵتانی خۆیان بە مەترسییان دەبینن.
ئەوەی ئێستا مەترسی دروستکردووە ئەوەیە کە داعش دۆخی ئێستای سوریا بقۆزێتەوە و کەمپەکە وەک دەرچەی ھەستانەوەی خۆی بەکاربێنێت، ئەوەش مەترسییەکە کە وﻵتانی ئەمریکا و ئەورووپا نەیانشاردوەتەوە و رایانگەیاندووە، دۆخی سوریا ناسکە و مەترسی ھەستانەوەی داعش لە ئارادایە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە جیھان حنان، بەڕێوەبەری کەمپی ھۆلەوە گواستوویەتییەوە، ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ماوەی ڕابردوودا ھەولێکی ھەواڵگری داعشیان بۆ دەربازکردنی بەشێک لە ژن و منداﻵنی نێو کەمپەکە پووچەڵکردوەتەوە، داعش بە نیاز بووە ژمارەیەک لە دانیشتوانی کەمپەکە بباتەوە دەرەوەی کەمپەکە و بۆ نێو ریزەکانی بیگوازێتەوە بەﻵم ھەوڵەکە پووچەڵکراوەتەوە.
ئەو ھەوڵەی داعش لەکاتێکدا بووە کە دۆخی سوریا جێگیربووە، بەﻵم ئێستا کە دۆخەکە پڕ مەترسییە و ھێز و ﻻیەنەکان چاویان لە بونیاتنانەوەی سوریایە و، ئەگەری پێکدادانی سەربازی نێوان ھەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن ھەیە؛ کەمپەکە وەک مەترسییەکی جدی بۆ ھەستانەوەی داعش و شانە نووستووەکانی دەبینرێت.
#روون_میدیا
ژمارەی خوێندراو : 480 جار