پارتی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات

13/08/2022

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر بارودۆخی عێراق بڵاوکردەوە .
ئەمانەی خوارەوە ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیە:
_ پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی و ناڕەحەتی خۆی لە ھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت.
_ روونە کە ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەگەژەیەک لەھەمبەر دامەزراندنی حکومەتی تازەی عێراق لەسەر بناغەیەکی دەستووریی باوەڕپێکراو و لەسەر بنەمای سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاکامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی داخراو.
_ لەڕوانگەی ھەستکردن بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی کە لەقۆناخی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە داوا لە سەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەکەین کە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناخی ئێستادابن .
_ داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ھەنگاوی جیدی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماکانی دەستووری عێراق بۆ رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا.
_ لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن کە بەئەنجامی کۆتای ھەڵبژاردنەکان رازیدەبن وەک خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراقیش دووبارە نەبێتەوە.

ژمارەی خوێندراو : 43 جار

هەواڵی زیاتر